دوای ئەوەی زیاتر لە پینج ساڵ لەمەوبەر حزبه كوردییه‌كان بارەگاکانیان لە ناوچه‌كانی جه‌له‌ولا، سه‌عدیه، قه‌ره‌ته‌په، شاره‌بان و مه‌نده‌لی جێهێشت، هێشتا هیچ حیزبێکی کوردی بە یەکێتیشەوە بارەگاکانیان بۆ ئەو ناوچانە نەگەڕاندۆتەوە کە دەکەونە سنوری ناوچە كێشه له‌سه‌ره‌كانی پارێزگای دیاله.
بەرپرسانی حیزبیش لە ناوچەکان دەڵێن حه‌شدی شه‌عبی نزیک لە ئێران ڕێگە بە گەڕانەوەیان نادات.
خه‌لیل خوداداد، به‌رپرسی كۆمیته‌ی جه‌له‌ولای یه‌كێتی، به ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای وت، "حه‌شدی شه‌عبی باره‌گاكانمان ڕاده‌ست ناكه‌نه‌وه له جه‌له‌ولا. تا ئێستا چه‌ندین جار سه‌ردانی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی پارێزگای دیالهشمان كردووه، بەڵام بێ سود بووه."
تا ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 ناحیه‌كانی جه‌له‌ولا، سه‌عدیه، قه‌ره‌ته‌په‌ی پارێزگای دیاله له ژێر كۆنترۆڵی پێشمەرگەدا بوون. تەنها له ناحیه‌ی جه‌له‌ولا یه‌كێتی ئەوکات سێ باره‌گای هه‌بوو، هه‌روه‌ها ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته ئیداری و ئه‌منییه‌كانیشی بەدەستەوە بوون.
جگە لە یەکێتی، پارتی و زۆربه‌ی لایه‌نه كوردییه‌كانی تر باره‌گایان له ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كانی پارێزگای دیاله هه‌بوو و له كاتی پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن دا ململانێی یه‌كتریان ده‌كرد. به‌ڵام ماوه‌ی 5 ساڵه رێگه به حزبه كوردییه‌كان نه‌دراوه ته‌نانه‌ت بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنیش بگه‌ڕێنه‌وه ناحیه‌كانی جه‌له‌ولا و سه‌عدیه.
لە بارەی هەوڵەکانی یەکێتی بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکە، خه‌لیل خوداداد وتیشی، " نوسراومان له پارێزگاری دیاله و فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانه‌وه هێناوه بۆ جه‌له‌ولا بۆ ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی باره‌گاكانمان، به‌ڵام باره‌گاكانمان ڕاده‌ست نه‌كراوه‌ته‌وه."
به‌پێی ئاماری ساڵی 2013، دانیشتوانی ناحیه‌ی جه‌له‌ولا له 800 هەزار كه‌س پێكهاتووه، كه رێژه‌ی كورد كه‌متر بووه له (12%)، به‌و پێیه‌ی زۆربه‌ی كورده‌كان ناحیه‌كه‌یان جێهێشتووه. له ئێستادا هێزه‌كانی عه‌سایبی ئه‌هلی حه‌قی سه‌ربه قه‌یس خه‌ز عه‌لی و هێزه‌كانی به‌دری سه‌ربه هادی عامری ده‌سه‌ڵاتدارن له‌ناوچه‌كه‌دا. به پێی ئاماره‌كان، تا پێش ساڵی 1975 رێژه‌ی كورد له ناحیه‌كانی جه‌له‌ولا و سه‌عدیه، نزیكه‌ی 50% بووه، به‌ڵام له دوای ساڵی 1975 و ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی راگواستن و به‌عه‌ره‌ب كردن، رێژه‌ی كورد به‌ته‌واوه‌تی له‌و ناحیانه كه‌میكرد.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی ئاگادار له ناحیه‌ی جه‌له‌ولا کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت به ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای وت"عه‌سایبی ئه‌هلی حه‌ق و هێزه‌كانی به‌در ده‌ستیان به‌سه‌ر باره‌گاكانی یه‌كێتی و حزبه‌كانی تریشدا گرتووه. ئه‌وان رێگرن له به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی حزبه كوردییه‌كاندا."
كاتێك له ساڵی 2014 داعش ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كانی دیاله‌ی كۆنترۆڵكرد و هێزی پێشمه‌رگه‌ش رۆیشته ئه‌و ناوچانه، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قورس ڕوویدا. كورد هه‌ندێك له عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به‌كانی ناوچه‌كه‌ی به چوونه پاڵ داعش و ده‌ست هه‌بوون له كوشتنی نزیكه‌ی 180 پێشمه‌رگه تۆمه‌تباركرد. لە بەرامبەردا ئه‌وانیش پێشمه‌رگه‌یان به‌ڕووخاندنی گه‌ڕه‌كه عه‌ره‌ب نیشینه‌كان تۆمه‌تباركرد.
ئه‌و عه‌شیره‌ته عه‌ره‌بانه‌ی كه پێشتر له‌لایه‌ن كورده‌وه به ڕۆیشتنه پاڵ داعش تۆمه‌تبار ده‌كران، له ئێستادا ڕۆیشتوونه‌ته پاڵ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و ڕۆڵی سه‌ره‌كیان هه‌یه له ڕێگریكردن له گه‌ڕانه‌وه‌ی حزبه كوردییه‌كان بۆ پارێزگای دیاله.
ئه‌حمه‌د مه‌جید، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی حزبی شیوعی كوردستان، به ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای وت، "هه‌وڵێكی زۆرمان داوه باره‌گاكانمان له جه‌له‌ولا و سه‌عدیه و مه‌نده‌لی بكه‌ینه‌وه، به‌ڵام حه‌شد رێگه به كردنه‌وه‌ی هیچ باره‌گایه‌ك نادات ناوی كوردستانی له‌سه‌ر بێت."
ئه‌و وتیشی، "زۆربه‌ی ئه‌ندامانی رێكخستنه‌كانی ئێمه به بهرپرسهكهشیانهوه له جه‌له‌ولا عه‌ره‌بن. پێیانوتراوه گه‌ر باره‌گاش داده‌نێن نابێت ناوی كوردستانی له‌سه‌ر بێت."
به پێی ئاماری ساڵی 2014، ناحیه‌ی قه‌ره‌ته‌په 45 هه‌زار و ناحیه‌ی سه‌عدیه‌ش ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی 45 هه‌زار كه‌سه، به‌ڵام ناحیه‌ی مه‌نده‌لی ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی 120 هەزار كه‌س بووه.
شێركۆ تۆفیق، كارگێڕی لقی خانه‌قینی پارتی دیموكراتی كوردستان، به ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای وت، "له مه‌نده‌لییه‌وه تا ده‌گاته قه‌ره‌ته‌په كه باره‌گای حزبی كوردی تێدا نه‌ماوه، ڕووبه‌ری ناوچه‌كه 150 كم ده‌بێت."
ئه‌و وتیشی"ئێمه وه‌كو پارتی چاوه‌ڕێی رێككه‌وتنی سیاسین بۆ بردنه‌وه‌ی باره‌گاكانمان بۆ ئه‌و ناوچانه، بەڵام حزبه‌كانی تری وه‌كو یه‌كێتی رێگه‌یان پێنه‌دراوه باره‌گا دابنێن."
ناحیه‌كانی جه‌له‌ولا، قه‌ره‌ته‌په، سه‌عدیه و مه‌نده‌لی كه رێگه نادرێت حزبه كوردییه‌كان بۆیان بگه‌ڕێته‌وه، له ڕووی ئیدارییه‌وه سه‌ربه قه‌زای خانه‌قینن، له‌كاتێكدا به‌هۆی كوردبوونی دانیشتوانی خانه‌قینه‌وه، هێزه كوردییه‌كان باره‌گایان له خانه‌قین هه‌یه.
سوزان مه‌نسور، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای وت، "به‌م نزیكانه كێشه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی باره‌گای حزبه كوردییه‌كان بۆ ناوچه‌كانی جه‌له‌ولا و سه‌عدیه چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، چونكه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته گفتووگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق چڕكراوه‌ته‌وه."
وتیشی"رێگری هه‌بووه له به‌رده‌م كردنه‌وه‌ی باره‌گای حزبه كوردییه‌كان دا، به‌ڵام ورده‌كارییه‌كه‌ی لای حزبه‌كان خۆیانه."