ژمارەی کوژراوان لە هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئامانجەکانی لایەنگری ئێران لە سوریا بۆ 19 چەکدار بەرزبووەتەوە

چاودێرێکی جەنگی سوریا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، لە یەکێک لە کوشندەترین ئاڵوگۆڕەکانی نێوان ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی ئێران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ژمارەی کوژراوانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوەکانی لایەنگری ئێران لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ 19 چەکدار بەرزبووەتەوە.

ئەمەریکا هێرشی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدا لە وەڵامی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ڕۆژی پێنجشەممەدا کە بەڵێندەرێکی ئەمریکی تیا کوژرا و بەڵێندەرێکی دیکەش لەگەڵ پێنج سەربازی ئەمەریکی بریندار بوو.

بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەی مافی مرۆڤی سوریا کە بنکەکەی لە بەریتانیادایە، هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئەمەریکا لەسەر ئەو شوێنانەی کە بە وتەی خۆی دامەزراوەن لە سوریا کە لەلایەن گروپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بەکاردەهێنرێن، کۆی گشتی 19 کوژراوی لێکەوتەوە.

ئەو چاودێری جەنگە ئاماژەی بەوەشکرد، لە هێرشە ئاسمانییەکان سێ سەربازی سوریا و 11 چەکداری سوریا لە میلیشیاکانی لایەنگری حکومەت و پێنج چەکداری غەیرە سوریای کە هاوپەیمانی حکومەت بوون کوژراون.

ڕامی عەبدولڕەحمان سەرۆکی ڕوانگەی مافی مرۆڤی سوریا نەیتوانی ڕەگەزنامەی ئەو بیانیانە دیاری بکات. ئاژانسی ڕۆیتەرز نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ژمارەی ئەو کەسانە پشتڕاست بکاتەوە.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی هۆشداریی دایە ئێران کە ئەمەریکا بۆ پاراستنی ئەمریکییەکان هەڵویستی توند وەردەگرێت".

ئێران لە ماوەی 12 ساڵەی ململانێی سوریادا پشتیوانێکی سەرەکی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا بووە.

میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە نێویاندا گرووپی لوبنانی حزبوڵڵا و گرووپە عێراقییەکانی لایەنگری تاران، لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات، باشوور و باکووری سووریا و لە ناوچەکانی دەرەوەی شارەکانی دەوروبەری پایتەخت، دەسەڵاتیان هەیە.

بوونی دەستەوتاقمەکانی تاران لە سوریا هێرشی ئاسمانی بەردەوامی ئیسرائیلی بەدوای خۆیدا هێناوە بەڵام هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا زۆر دەگمەنن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز