ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی: هێزە ئاسایشییەکانی هەرێمی کوردستان ڕێگری دەکەن لە ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندانی ئاشتییانە

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی (Amnesty International) ڕۆژی سێشەممە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەسەر ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا بڵاو کردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕێکخراوەکە تیشکی خستووەتە سەر چەندین بابەتی پەیوەست بە سەرپێچیکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ و ئازادی مرۆڤ، توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر و مافی لەباربردن و مافە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان.
ڕاپۆرتەکەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی 2022دا باس لە دەیان وڵات و ناوچەی جیهان دەکات لە ناویاندا ئێران، تورکیا، سوریا، عێراق و هەرێمی کوردستانیش.

ڕێکخراوەکە دەڵێت لە ساڵی 2022 دا "تورکیا بەردەوام بوو لە هێرشە ئاسمانی و تۆپبارانکردنەکان (لە هەرێمی کوردستان) لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکەی کە ئەندامانی پەکەکە دەکاتە ئامانج کە بنکیان لە ناو هەرێمی کوردستانە. سوپای پاسدارانی ئێرانیش بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانەی گرتە ئەستۆ کە تیایدا بنکە و بارەگاکانی پارتە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانی ئێران لە پارێزگای هەولێر کرانە ئامانج."


بەم شێوەیەش باس لە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی 2022دا لە هەرێمی کوردستان دەکات.

ئازادی ڕادەربڕین و کۆڕ و کۆبونەوە

هێزە ئاسایشییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بوون لە سەرکوتکردنی مافی ئازادی ڕادەربڕین و کۆر و کۆبونەوە. هێزە ئاسایشییەکانی حکومەتی هەرێم بە هەڕەمەکی ڕۆژنامەنووس، چالاکووان و ڕەخنەگرانیان دەستگیر، دادگایی و زیندانی کردووە.

دوو ڕۆژنامەنووس و سێ چالاکوانی سیاسی، کە لە مانگی هەشتی 2020 وە دەستبەسەرکراون و لە مانگی دووی 2021 بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشتمانییەوە سزا دراون، لە ماوەی ساڵی 2022دا سێ جار مانیان لە خواردن گرت، ئەمەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە بەردەوامی دەستبەسەرکردنیان، سەرەڕای فەرمانێک کە لە مانگی دوو لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دەرکرابوو بۆ ئەوەی سزاکەیان لە پێنج ساڵەوە بۆ دوو ساڵ کەم بکەنەوە.

ڕۆژی 6 ی هەشت، هێزەکانی ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گازی فرمێسکڕێژێن و گولەی لاستیک بڵاوەیان بە خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە کرد لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی دژی دواکەوتنی مووچە و نەبوونی هەلی کار، لە ئەنجامدا چەندین برینداری لێکەوتەوە. هێزەکانی ئاسایش بەلایەنی کەم 20 ڕۆژنامەوانیان لە پەیوەندی بە ڕووماڵکردنی خۆپیشاندان بۆ ماوەیەکی کاتی دەستنیشان کرد.
پارتی نەوەی نوێ، کە داوای خۆپیشاندانەکەی کردبوو ڕایگەیاندووە، هێزەکانی ئاسایش دەیان ئەندامی ئەو حزبەیان لە ماڵەکانیان یان لە کاتی خۆپیشاندانەکانی هەولێر و سلێمانیدا دەستگیرکردووە و پاش چەند ڕۆژێک بە کەفالەت ئازاد کراون.

لە مانگی نۆ ، هێزەکانی ئاسایش ڕۆژنامەوانێکی کە لە دەزگایەکی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن کاردەکات دەستگیرکرد لەکاتی ڕووماڵکردنی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا کە چەکدارانی پەکەکەی تیادا کرابوو بە ئامانج لە پارێزگای هەولێر. رۆژێک دواتر ئازاد کرا پاش ئەوەی بەڵێنی لێوەرگیرا کە چیتر ڕووداوی لەو جۆرە ڕووماڵ نەکات.
لە مانگی دە، هێزەکانی ئاسایش دوو ڕۆژنامەنووسیان لە نزیک هەولێر بەپێی یاسای 2008 بۆ بەرەنگاربوونەوەی خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان، دەستگیرکرد، کە ئەو یاسایە لە ڕابردوودا بۆ لێپێچینەوە لە کەسانێک بەکاردەهێنرا کە بابەتێکیان بڵاو بکردایەتەوە کە بە ڕەخنە لە کاربەدەستان دابنرایە. ئەو ڕۆژنامەنووسانە لە کۆتایی مانگەکەدا ئازاد کران.

توندوتیژی دژ بە ژنان و کچان

ڕێگا کاریگەرەکانی دەوڵەت بۆ پاراستن لە توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر لە هەرێمی کودستان و ناوەڕاسی عێراق بە شێوەیەکی زۆر سنووردار ماونەتەوە. ژمارەیەکی سنوورداری شێڵتەر کە لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمەوە سەرپەرستی دەکرێن لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کاردەکەن، بەڵام ڕێکخراوە ناحکومییە نیشتمانییەکان ئاماژەیان بە ناتەواوی خزمەتگوزارییەکانی چاکسازی بۆ ڕزگاربووان کردووە.
لە هەرێمی کوردستاندا ڕاپۆرتەکان لەسەر کوشتنی ژنان و کچان لەلایەن کەسوکارە پیاوەکانیانەوە زیادی کردووە، کە بریتین لەوانەش کە بەهۆی گۆڕینی ئاینیان یان خۆناساندنیان وەک ژنانی ترانسجێندەر کوژراون.

مافی هاوڕەگەزخوازان ( LGBTI)
لە مانگی حەوت ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراقی دەستپێشخەرییەکیان بۆ ڕەشنووسی پرۆژە یاسای بە تاوان ناساندنی هاوڕەگەزخوازی ڕاگەیاند. لە مانگی 9 پڕۆژە یاسایەک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پێشکەشکرا بۆ بە تاوانبارکردنی پشتگیری ئاشکرا بۆ مافەکانی LGBTI.

مافی ئاوارەکانی ناوخۆی وڵات

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەری، لانیکەم یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس لە ناوخۆی عێراقدا ئاوارە بوون. دوای ئەوەی حکومەتی ناوەندی عێراق لە ساڵی 2021 کەمپەکانی داخست نزیکەی %75 ی ئاوارەکانی ناوخۆ جێهێڵران تا خۆیان بپارێزن. نزیکەی %15 ی ئەوانە کە لە 14 کەمپی ناو هەرێمی کوردستانن و بەشێک لە پارێزگای نەینەوا کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە کۆنترۆڵکراوە بە کراوەیی مانەوە. لە %10 یشیان توانیان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
هەزاران کەسی ئاوارەی ناوخۆ بەهۆی مەترسی دەستگیرکردن و هەراسانکردن لەلایەن گروپە چەکدارەکان و هێزە ئەمنییەکانەوە، هەروەها هەژارییەوە، ڕووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە بۆ گەڕانەوەیان بە کەرامەت و سەلامەتی بۆ ناوچەکانی زێدی خۆیان لە پارێزگاکانی ئەنبار، دیالە، نەینەوا و سەڵاحەدین.
منداڵانی پێشتر ئاوارەبوون لە سەرانسەری پارێزگاکانی ئەنبار، دیالە، دۆهوک، کەرکوک، نەینەوا و سەڵاحەدین، بەهۆی نەبوونی بەڵگەنامە بۆ ئەو منداڵانەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە دایک بوون، بەربەستی گەورەیان بۆ گەیشتن بە خوێندنی فەرمی هەبووە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ هەڵوێسێکی لەسەر ڕاپۆرتەکەی کە ئەمڕۆ بڵاو کراوەتەوە ڕانەگەیاندووە.