ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی: دەسەڵاتدارانی عێراقی نەیانتوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە توندوتیژی و کوشتنی خۆپیشاندەران بڵاو بکەنەوە

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی (Amnesty International ) ڕۆژی سێشەممە لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا سەبارەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا سەبەرەت بە عێراق دەڵێت " هاوکاتی بەردەوامی ناسەقامگیری سیاسی و پێکدادانی ناوبەناوی نێوان لایەنە چەکدارەکان، دەیان کەس کوژراون و هەزارانی تریش چوونە پاڵ ئەو یەک ملیۆن و دوو 200 هەزار کەسەی کە لە پێشترەوە ئاوارەی ناوخۆی وڵات بوون."

لەڕاپۆرتەکەیدا ڕێکخراوەکە تیشکی خستووەتە سەر چەندین بابەتی پەیوەست بە سەرپێچیکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ و ئازادی مرۆڤ، توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر و مافی لەباربردن و مافە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان لە 156 وڵاتی جیهاندا.

سەبارەت بە دۆخی ئاسایشی عێراق دەڵێت " هێرشە پچڕپچڕەکانی داعش سەربازگە و خاڵە پشکنینەکانی هێزە ئاسایشییەکانی بە بەردەوامی لە ئەنبار، کەرکوک و پاریزگاکانی دیکەی کە پێشتر لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵ کرابوون، کردووەتە ئامانج. میدیاکان باسیان لە ڕفاندنی لانیکەم 10 دانیشتووی پارێزگای کەرکوک و دیالە لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی کردووە، کە دوای ئەوەی خێزانەکانیان پارەیەکی زۆریان داوە ئازادکراون."

بەم شێوەیە باس لە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق دەکات:

ئازادی ڕادەربڕێن و کۆڕ و کۆبونەوە

بارودۆخی باوی سزانەدانی کارێکتەرە چەکدارەکان کە خۆپیشاندەران، چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانیان دەکردە ئامانج، مافی ئازادی ڕادەربڕینی لە ناوەڕاستی عێراقدا بنکۆڵکرد.

لە مانگی دە لایەنگرانی چەکداری موقتەدا سەدر هێرشیان کردە سەر نووسینگەکانی کەناڵی تەلەفزیۆنی ئەلرەبیعە لە بەغدای پایتەخت و وێرانیان کرد، دوای ئەوەی پێشکەشکارێک باسی لە وێرانکردنی باڵەخانە دەوڵەتییەکان لەلایەن شوێنکەوتوانی موقتەدا سەدر کرد و ڕەخنەی لە میلیشیاکانی پێشووی کە بە هێزی مەهدی ناسرابوو، گرت.

دەسەڵاتدارانی عێراق ئەو هێرشەیان ئیدانە کرد و لێکۆڵینەوەیان ڕاگەیاند، بەڵام هیچ ڕێوشوێنێکی دیکە بۆ پاراستنی کارمەندانی ڕاگەیاندن یان لێپرسینەوە لە تاوانباران ڕانەگەیەندرا.

ڕۆژی 5ی مانگی دوازدە، دادگایەک لە بەغدا بەپێی مادەی 226 لە یاسای سزادان سزای سێ ساڵ سزای زیندانیکردنی بەسەر چالاکوان حەیدەر حامید ئەلزەیدی سەپاند بەهۆی تویتێکەوە کە بە گاڵتەپێکردن بە ڕێبەرێکی کۆچکردووی حەشدی شەعبی لێکدرایەوە.

حەیدەر حامید ئەلزەیدی لە مانگی شەش دەستگیرکرا و دوو هەفتە پاش ئەوە بە کەفالەت ئازادکرا.

لە 7 ی مانگی دوازدە، هێزەکانی ئاسایش تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد کە بۆ ئیدانەکردنی ئەو سزایە لە شاری ناسریە لە باشووری وڵاتەکە کۆببونەوە و لە ئەنجامدا لانیکەم دوو کەس کوژران و 17 کەسیش بریندار بوون.

دەربازبوون لە سزا

کوشتنی سەدان کەس بە نایاسایی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی مانگی دەی ساڵی 2019 بێ سزا مایەوە لە کاتێکدا پێشوەچوونێکی زۆر کەم هەبووە لە لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەنجامدەرە گومانبارەکانی ئەو کارە.

دەسەڵاتدارانی عێراق نەیانتوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئەو لیژنانە ڕابگەیەنن کە لەدوای خۆپیشاندانەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە توندوتیژی خۆپیشاندان و هەروەها کوشتنی بەئامانج و هەوڵی کوشتنی دەیان چالاکوان لە نێوان ساڵانی 2019 تا 2021 دامەزرابوون.

چەکدارەکان بەردەوام بوون لە هەڕەشەی کوشتن یان بێسەروشوێنکردنی چالاکوانان و هەروەها کەسوکاری خۆپیشاندەران و چالاکوانە کوژراوەکان یان بێسەروشوێنکراوەکان. ئەمەش وای کردووە کەسوکارەکان خۆیان بشارنەوە یان هەڵبێن بۆ دەرەوەی وڵات.

ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپی تر

لە 15 ی مانگی شەش لیژنەی دژە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە بەکارهێنانی بەربڵاوی ئەشکەنجە لە سەرانسەری عێراقدا، بەتایبەتی لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوەدا، لە شوێنە فەرمی و نافەرمیەکانی دەستبەسەرکردن.

بارودۆخی زیندانیانی کە سزای مەرگیان بەسەردا سەپێندراوە لە گرتووخانەی ناسرییە، سەرپێچیکردنی قەدەغەکردنی تەواوی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپی ترە.

سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە زیندانیان زۆربەی جار لێیاندەدرێت و لە ژوورە قەرەباڵغ و پیسەکاندا دەهێڵرێتەوە و دەستیان ڕاناگات بە چاودێری تەندروستی گونجاو، خۆراک و ئاوی خواردنەوەی پێویست ئەگەر پارەی پێنەدەن و سەدانی کەسوکاریان ڕەت دەکرێتەوە.

دادگاییکردنی نادادپەروەرانە

دادگایی دژ بە سەدان گومانلێکراوی ئەندام و لایەنگرانی داعش، لە نێویاندا کوڕی منداڵیش لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام بوو، لە کاتێکدا نیگەرانی جددی لەسەر مافەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانەیان هەیە لەوانەشدا مافی دەستڕاگەیشتن بە بەرگریی پێویست.

سزای زیندانی درێژخایەن و سزای لەسێدارەدان سەپێندرا پاش تاوانبارکردنانەی کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەمای "دانپێدانان"ی کە گومان دەکرێت بە ئەشکەنجەدان بەدەستهاتبن کراوە. زیاتر لە 200 کوڕی عێراقی لە بەغدا دەستبەسەر کران دوای ئەوەی لە باکوری سوریاوە گەڕێندرانەوە. ئەوان بە گومانی ئەندامێتی داعش لە زیندان ماونەتەوە بەبێ دادگاییکردن یان تۆمەتبارکردن.

توندوتیژی دژ بە ژنان و کچان

پەرلەمانی عێراق بەردەوام بوو لە شکستهێنان لە بە تاوانناساندنی توندوتیژی خێزانی سەرەڕای زیادبوونی "کوشتنی لەسەر شەرەف" و جۆرەکانی تری توندوتیژی جێندەری کە لەلایەن ڕێکخراوە ناحکومییەکانی وڵاتەکەوە بە بەڵگە کراوە. ڕێگە کاریگەرەکانی دەوڵەت بۆ پاراستن لە توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر لە هەرێمی کودستان و ناوەڕاسی عێراق بە شێوەیەکی زۆر سنووردار ماونەتەوە.

ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە بەغدا بەردەوام ڕووبەڕووی هەراسانکردن دەبنەوە بەهۆی بەڕێوەبردنی پەناگەی نافەرمی ژنان. ئەوان بانگدەکرێن بۆ لێپرسینەوە دوای سکاڵای پەرلەمانتارانی پارتە کۆنەپەرستەکان.

لە مانگی نۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند " پۆلیسی کۆمەڵگە" ، کە هێزێکە لە ساڵی 2016 پێکهاتووە، زیاتر لە هەزار و 100 تەلەفۆنی لەلایەن ڕزگاربوانی توندوتیژی خێزانییەوە بۆ کراوە. بە پێی ڕێکخراوەکانی مافەکانی ژنان ئەم هێزە "هێڵێکی گەرم" کاردەکات و هیچ ڕێوشوێنێکی کاریگەرانەی نەگرتووەتەبەر بۆ پاراستنی ڕزگاربووان یان لێکۆڵینەوە لە ڕاپۆرتەکانی توندوتیژی خێزانی.

مافی هاوڕەگەزخوازان ( LGBTI)

لە مانگی حەوت ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراقی دەستپێشخەرییەکیان بۆ ڕەشنووسی پرۆژە یاسای بە تاوان ناساندنی هاوڕەگەزخوازی ڕاگەیاند. لە مانگی 9 پڕۆژە یاسایەک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پێشکەشکرا بۆ بە تاوانبارکردنی پشتگیری ئاشکرا بۆ مافەکانی LGBTI.

مافی ئاوارەکانی ناوخۆی وڵات

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەری، لانیکەم یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس لە ناوخۆی عێراقدا ئاوارە بوون. دوای ئەوەی حکومەتی ناوەندی عێراق لە ساڵی 2021 کەمپەکانی داخست نزیکەی %75 ی ئاوارەکانی ناوخۆ جێهێڵران تا خۆیان بپارێزن. نزیکەی %15 ی ئەوانە کە لە 14 کەمپی ناو هەرێمی کوردستانن و بەشێک لە پارێزگای نەینەوا کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە کۆنترۆڵکراوە بە کراوەیی مانەوە. لە %10 یشیان توانیان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

هەزاران کەسی ئاوارەی ناوخۆ بەهۆی مەترسی دەستگیرکردن و هەراسانکردن لەلایەن گروپە چەکدارەکان و هێزە ئەمنییەکانەوە، هەروەها هەژارییەوە، ڕووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە بۆ گەڕانەوەیان بە کەرامەت و سەلامەتی بۆ ناوچەکانی زێدی خۆیان لە پارێزگاکانی ئەنبار، دیالە، نەینەوا و سەڵاحەدین.

منداڵانی پێشتر ئاوارەبوون لە سەرانسەری پارێزگاکانی ئەنبار، دیالە، دۆهوک، کەرکوک، نەینەوا و سەڵاحەدین، بەهۆی نەبوونی بەڵگەنامە بۆ ئەو منداڵانەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە دایک بوون، بەربەستی گەورەیان بۆ گەیشتن بە خوێندنی فەرمی هەبووە.

سەدان خێزان لە سوریاوە گەڕانەوە بۆ عێراق، دوای ئەوەی لە چوارچێوەی ئەو ململانێیەدا کە دەوڵەتی ئیسلامی تێیدا بەشداربوو، هەڵاتبوون. زۆربەیان لە "ناوەندەکانی پێشوازی" کە لە ڕەوشێکی زۆرخراپدیە لە پارێزگای نەینەوا ماونەتەوە. حکومەت سەرکەوتوو نەبوو لە داڕشتنی پلانەکان بۆ گەڕانەوەی شکۆمەندانە و سەلامەتیان بۆ ناوچەکانی زێدی خۆیان.

لە مانگی پێنجدا پێکدادان لە نێوان هێزەکانی عێراق و لایەنێکی ئێزدییەکانی سەر بە حەشدی شەعبی ڕوویدا و بووە هۆی ئاوارە بوونی بەلایەنی کەم 3 هەزار کەس لە شەنگال، پارێزگای نەینەوا بۆ پارێزگای دهۆک و کەمپەکانی هەرێمی کوردستان.

سەرنەکەوتن لە بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی کەشوهەوا و تێکچوونی ژینگە

کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا، لەوانەش وشکەساڵی، شەپۆلی گەرما و خۆڵ بارین، کاریکردووەتە سەر ژیانی ملیۆنان کەس لە سەرانسەری عێراقدا. ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کۆچبەری ڕایگەیاندووە هەتا مانگی 9ی ساڵی ڕابردوو 10 هەزار خێزان بە ئاوارەیی مابوونەوە بەهۆی وشکە ساڵی، تێکچوونی زەوییەکانیان و زیادبوونی سوێربوونی ئاوی ڕووبارەکان لە سەرانسەری 10 پارێزگای عێراقدا.

ژێرخانی خزمەتگوزاری تەندروستی عێراق کە لە لێواری داڕماندایە بەهۆی پەتای Covid-19 و ساڵانێک پشتگوێخستن و گەندەڵی، نەیتوانی پێداویستییەکانی ئەو کەسانە دابین بکات کە بەهۆی زریانی خۆڵ بارینەوە کاریگەرییان لەسەر بووە.

مافی سەرچاوە ئاوییەکان

لە مانگی 10 وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕایگەیاندبوو، ساڵی 2022 وشکترین ساڵ بووە لەوەتای ساڵی 1930 وە. کەمیی ئاو کە لە ئەنجامی وشکەساڵی و لەکارکەوتنی وێستگەکانی پاککردنی ئاوەکە، کە هۆکارەکەی بۆ گەندەڵی گەڕیندایەوە، لەگەڵ وشکبوون ڕووبار و تاڵاوەکان کاریگەریی وێرانکەری لەسەر مافەکانی مرۆڤ هەبوو، بەتایبەتی لەسەر مافەکانی تەندروستی، کار، ئاو و پاکوخاوێنی ملیۆنان عێراقی.

دەسەڵاتدارانی عێراق نەیانتوانی پشتگیرییەکی پێویست پێشکەش بەو کەسانە بکەن کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لە کۆمەڵگە گوندنشینە پەراوێزخراوەکان، لەنێویاندا دانیشتوانی تاڵاوەکان کە مەترسی بژێوی ژیانیان وایکردووە هەزاران کەس کۆچ بکەن بۆ ناوچە شارییەکان.

سزای لەسێدەدان

دادگاکان لە عێراق سزای مەرگیان بۆ تاوانی کوشتن و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان و کردەوەکانی پەیوەست بە "تیرۆر" سەپاندووە، زۆرجاریش دوای دادگاییکردنەکانی کە نەیانتوانیوە بگەن بە ئاستی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی دادپەروەرانە.

ژمارەی لەسێدارەدانەکان بە شێوەیەکی بەچاو کەمبوونەتەوە، بەڵام هەزاران کەس لە لە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی سزای مەرگیاندان.

هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە حکومەتی عێراقی بە فەرمی هیچ وەڵامێکی ڕاپۆرتەکەی رێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی نەداوەتەوە.