ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی: هێزەکانی ئێران بە نایاسایی دەیان کۆڵبەری کوردیان کوشتووە

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا لەسەر ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان، سەبارەت بە ئێران دەڵێت " لە مانگی نۆ و دەدا سوپای پاسداران هێرشی کردە سەر پارتە سیاسییە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە ناو هەرێمی کوردستان و لە ئەنجامدا زیاتر لە دە کەس گیانیان لەدەستدا لە ناویاندا ژنێکی دووگیانیش."

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات " هێزە ئاسایشیەکان بە شێوەیەکی نایاسایی تەقەمەنی زیندوو و گولەی ساچمەیان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران بەکارهێنا سەدان پیاو، ژن و منداڵیان کوشت و هەزارانیش بریندار بوون. هەزاران کەسیش بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەستگیرکران یان بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە دادگایی کران تەنها بەهۆی بەکارهێنانی ئاشتیانەی مافە مرۆییەکانیان."

لێخۆشبوونی جیهانی دەشڵێت "ژنان، هاوڕەگەزخوازان و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان ڕووبەڕووی جیاوازییەکی زۆر و توندوتیژی زیاتر بوونەتەوە."

سەبارەت بە دەستێوەردانە دەرەکییەکانی ئێران دەڵێت " ئێران بە دابینکردنی 137 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پشتگیری لە داگیرکاری ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیا کردوە، کە ئەو فڕۆکانە بۆ بە ئامانجکردن و لەناوبردنی ژێرخانی مەدەنی بەکارهێنراوە."

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا ڕێکخراوەکە بەم شیوەیە باسی ئیران دەکات:

ئازادی ڕادەربڕین و پەیوەندی

دەسەڵاتداران ڕاگەیاندنیان سانسۆر کردووە، کەناڵە تەلەفزیۆنییە سەتەلایتییەکانیان لە مانگی نۆوە ڕاگرتووە، ئینستاگرام و واتسئەپیان خستە نێو ئەو ئاپانەی موبایل کە بلۆککراون و پلاتفۆرمە سۆشیال میدیا بلۆککراوەکان و/یان فلتەرکراوەکان، کە بریتی بوون لە فەیسبووک، سیگناڵ، تێلێگرام، تویتەر و یوتیوب.

لە میانەی خۆپیشاندانەکاندا دەسەڵاتداران بەردەوام بوون لە داخستن و بڕینی ئەنتەرنێت و تۆڕی تەلەفۆن تا ڕێکخستنەکان سەرکوت بکەن و ئاستی توندوتیژییەکان کە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەکران بشارنەوە.

پڕۆژە یاسای پاراستنی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت کە زیاتر ئازادییەکانی ئۆنلاین و دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێتی جیهانی زیاتر دەکات هێشتا بە هەڵپەسێردراوی ماوبووەوە.

لە مانگی نۆدا فەرمانێک دەرچوو کە زیاتر دەستڕاگەیشتن بە ناوەڕۆکی ئۆنلاین سنووردار دەکات.

دەسەڵات هەموو پارتە سیاسییە سەربەخۆکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکا سەربەخۆکانی کرێکاری قەدەغە کرد و کرێکارانی مانگرتوویشیان سزا دا.

ئازادی گردبوونەوە

دەسەڵاتداران بە شێوەیەکی بەبەرنامە وەڵامێکی سەربازیییان بۆ ناڕەزایەتییە ناوخۆیی و سەرتاسەرییەکان گرتەبەر.

لە مانگی پێنجدا، هێزە ئاسایشییەکانی پارێزگای خوزستان و هەروەها پارێزگای چارمەهاڵ و بەختیاری، بە شێوەیەکی نایاسایی تەقەمەنی زیندوو، گولەی ساچمە، گازی فرمێسکڕژێن و هێزی ئاویان بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی کە تا ئەندازەیەکی زۆر ئاشتیخوازانە بوو، لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و داڕمانێکی کوشندەی بینایەک لە ئابادانی پارێزگای خوزستان. لانیکەم چور کەس کوژران. ژمارەیەکی زیاتر لە ناویاندا منداڵیش بە گولەی ساچمە بریندار کران.

مردنی مەهسا (ژینا) ئەمینی لە کاتی دەستبەسەریدا لەسەر دەستی پۆلیسی "ئاکاری" ئێران لە 16ی مانگی نۆ بووە هۆی ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری کە تا کۆتایی ساڵیش بەردەوام بوو.

دەسەڵاتداران بە شێوەیەکی بەرفراوان و بە شێوەیەکی نایاسایی تەقەمەنی زیندوو و گولەی ساچمە و گازی فرمێسکڕژێنیان و لێدانیان دژ بە خۆپیشاندەران بەکارهێنا.

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی ناوی سەدان خۆپیشاندەر و کەسانی کە تەنانەت خۆپیشاندەریش نەبوون بەڵام لە شوێنی خۆپپیشاندانەکان بوون، تۆمار کردووە کە بە شێوەیەکی نایاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون، لەنێویاندا دەیان منداڵیش.

سەدان کەس بەهۆی تەقاندنی گولەی ساچمە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بیناییان لەدەستداوە یان چاویان بە سەختی بریندار بووە.

هەزاران کەسی دیکەش بریندار بوون کە زۆرێکیان بەهۆی ترسی دەستگیرکردنەوە داوای چاودێری پزیشکییان نەکردووە.

خوێندکارانی زانکۆ و منداڵانی قوتابخانە کە بە شێوەیەکی ئاشتیانە ناڕەزایەتیان دەربڕی، دەرکران ڕووبەڕووی توندوتیژ و لێدان و مامەڵەی خراپی دیکە بوونەوە.

دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و دادگاییکردنی نادادپەروەرانە

بە درێژایی ساڵەکە هەزاران کەس بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەستبەسەر کران و/یان بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە دادگایی کران بەهۆی ئەوەی بە شێوەیەکی ئاشتیانە مافە مرۆییەکانیان بەکارهێناوە؛ زۆربەیان بە ناڕەوا لە زینداندا مانەوە.

بەگوێرەی تۆمارێکی دەنگی دزەپێکراوی بەیاننامەیەکی فەرمی ، لە ماوەی هەفتەکانی یەکەمی ڕاپەڕینەکەدا لە نێوان 15 بۆ 16 هەزار کەس دەستبەسەر کراون. دەسەڵاتداران تا کۆتایی ساڵ بەردەوام بوو لە دەستبەسەرکردنی خەڵکی بەکۆمەڵ و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و زۆرێکیان خستە ژێر لێپێچینەوەی ناڕەوا و دادگاییکردنی نادادپەروەرانەوە.

دەسەڵاتداران زیاتر کۆمەڵگەی مەدەنییان سەرکوت کرد، سەدان بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ، پارێزەر، ڕۆژنامەنووس، ناڕازی سیاسی، چالاکوان، ژینگەپارێز، نووسەر ، هونەرمەند، موزیکژەن، خوێندکارانی زانکۆ و خوێندکارانی قوتابخانەیان بە هەڕەمەکی دەستگیرکرد یان بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە دادگایی کرد.

سەدان کرێکار، لەنێویاندا مامۆستایان، بەهۆی مانگرتن، بەشداریکردن لە گردبوونەوەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکاران یان بە شێوەیەکی تر نیگەرانییەکانیان سەبارەت بە مافەکانی کرێکاران، ڕووبەڕووی دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی بوونەتەوە.

دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی خەڵکی بیانی و خاوەن دوو هاووڵاتینامە بەردەوام بوو و لە هەندێک حاڵەتدا چووە خانەی توانی بە بارمتە گرتنەوە.

ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپی تر

ئەشکەنجەدان و مامەڵە خراپەکانی دیکە، لەوانەش لە ڕێگەی زیندانیکردنی تاکەکەسی بۆ ماوەیەکی زۆر و ڕەتکردنەوەی بە ئەنقەست لە چاودێری پزیشکی، بە شێوەیەکی بەرفراوان و سیستماتیکی مابوو. "دانپێدانان"ی زۆرەملێ کە لە ژێر ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپدا بەدەست هاتبوون، لە تەلەفزیۆنی دەوڵەتی پەخش دەکران.

دەسەڵاتدارانی زیندان و داواکاری گشتی، کە لە ژێر دەسەڵاتی دادوەریدا کاریان دەکرد، زیندانییەکانیان لە دۆخێکی دڕندانە و نامرۆڤانەدا ڕاگرتبوو کە بریتی بوو لە قەرەباڵغییەکی زۆر، خراپی پاکوخاوێنی، کەمی خۆراک و ئاوی پێویست، نەبوونی تەختی خەو، خراپی هەواگۆڕکێ و هەبوونی مێرووەکان.

دەیان کەس لە حاڵەتی گوماناویدا لە دەستبەسەریدا گیانیان لەدەستدا کە ڕاپۆرتی باوەڕپێکراو لەبارەی ئەشکەنجەدانی جەستەیی و/یان ڕەتکردنەوەی چاودێری پزیشکی لەسەریان هەیە.

هیچ لێکۆڵینەوەیەک بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام نەدراوە.

لە نێوان مانگی پێنج بۆ نۆ، دەسەڵاتداران پەنجەی لانیکەم پێنج کەسیان بڕی کە بە تاوانی دزیکردن سزا دراون: چواریان لە زیندانی ئێوین لە پارێزگای تاران و یەکێکیان لە زیندانی ڕەجای شار پارێزگای ئالبۆرز.

جیاکاری کەمینە نەتەوەییەکان

کەمینە نەتەوەییەکانی وەک عەرەبی ئەهواز، تورکی ئازەربایجان، بەلوچ، کورد و تورکمان، ڕووبەڕووی جیاوازییەکی بەرفراوان بوونەتەوە، بەمەش دەستڕاگەیشتنیان بە خوێندن، دامەزراندن، شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو و فەرمانگەی سیاسی کەم بووەتەوە.

بەردەوامی کەم وەبەرهێنان لە ناوچە کەمینە دانیشتووەکاندا هەژاری و پەراوێزخستنی زیاتر کردووە. زمانی فارسی بە تاکە زمانی فێرکاری لە خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیدا مایەوە، سەرەڕای چەندین جار داوای فرەچەشنی زمانەوانی کراوە.

هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی نایاسایی دەیان کۆڵبەری کوردی بێچەکیان لە سنووری نێوان هەرێمە کوردییەکانی ئێران و عێراقدا کوشتووە و دەیان سۆختباری بەلوچ ( ئەوانەی کە سوتەمەنی دەگوازنەوە) لە سیستان و بەلوچستان کوشتووە.

دەسەڵاتداران نەیانتوانی لێکۆڵینەوە لە کوشتنەکان بکەن و ئەنجامدەران بەرپرسیار بکەن.

کەمینە ئاینییەکان

کەمینە ئایینییەکان لەوانە بەهایی، کرستیان، دەروێشی گۆنابادی، جوو، یارسان و موسڵمانانی سوننە، ڕووبەڕووی جیاوازییەکی زۆر بوونەتەوە لە یاساو ڕێساکاندا لەوانەش لە دەستڕاگەیشتنیان بە خوێندن، کار، لەخۆگرتنی منداڵ، نوینەرایەتی سیاسی و پەرستگاکاندا.

سەدان کەسیان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەستبەسەر کران، بە ناڕەوا دادگایی کران، ئەشکەنجە دراون یان مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا کراوە و/یان تووشی جۆرەکانی تری هەراسانکردن بوون تەنها بەهۆی پەیڕەوکردنی ئاینەکەیان.

ئەو کەسانەی لە دایک و باوکێک بوون کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە وەک موسڵمان پۆلێنکراون، مەترسی دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، ئەشکەنجەدان یان سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە بە تۆمەتی" لادان لە ئاین" ئەگەر ئاینێکی دیکە یان بژردەی بێبڕوایی بە ئاین هەڵبژێرن.

ئەندامانی بەهاییە کەمینەکان بەهۆی پەیڕەوکردنی باوەڕەکەیانەوە تووشی پێشێلکارییەکی بەرفراوان و سیستماتیک بوون، لەوانە دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، لێکۆڵینەوە، ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ.

دەسەڵاتداران بە زۆر شوێنی بازرگانی بەهاییەکانیان داخست و دەستیان بەسەر دەیان موڵکی بەهاییەکاندا گرت و ماڵ و گۆڕستانەکانیان ڕووخاند و بەهاییەکانیان لە خوێندنی باڵا قەدەغە کرد.

لە مانگی شەشدا دادگای تێهەڵچوونەوە بڕیارێکی پەسەند کرد کە ڕێگەی بە دەستبەسەرداگرتنی 18 موڵکی بەهاییەکان لە پارێزگای سمنان دابوو. لە مانگی هەشتدا دەسەڵاتداران شەش خانووی بەهایییان بە بولدۆزەر ڕوخاند و دەستیان بەسەر زیاتر لە 20 دۆنم زەویدا گرت لە گوندێکی سەر بە پارێزگای مازەندەران.

دەسەڵاتداران هەڵیانکوتایە سەر کڵێساکانی ماڵەکان و کرستیانەکانیان بە هەڕەمەکی دەستگیرکرد دەستیانگرت بەسەر موڵک و ماڵی کەسی، بە تۆمەتی ئاسایشی نیشتمانی دادگاییکران و ڕووبەڕووی سزاکانی وەک زیندانیکردن، سزای دارایی و "دەربەدەرکردنی" ناوخۆیی بوونەوە.

چەندین دەروێشی گۆنابادی بە ناڕەوا لە زیندان هێڵراونەتەوە.

مافی هاوڕەگەزخوازان ( LGBTI)

ئەم خەڵکانە تووشی جیاوازی و توندوتیژی بەبەرنامە بوونەتەوە. پەیوەندی سێکسی هاوڕەگەزخوازی وەک تاوانێکی گەورە لێی دەروانرێت و سزاکانی لە لێدانەوە تا سزای لەسێدارەدانە.

"چارەسەری گۆڕانکاری" کە دەوڵەت ڕێگەی پێدەدات، لە ئەشکەنجەوە بگرە هەتا دەگاتە مامەڵەی تری خراپی تێدایە لە ناویاندا دژ بە منداڵانیش. چارەسەری هۆرمۆن و ڕێکارەکانی نەشتەرگەری لەوانەش نەشتەرگەری بۆ بێبەشکردن لە زاوزێ دەکرێت بۆ گۆڕینی ڕەگەز بە یاسایی.

ئەو کەسانەی کە ڕەگەزی نەگونجاون (ڕەگەزیان ناگونجێت لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵگە پەسەندی دەکات)، مەترسی تاوانبارکردن و ڕەتکردنەوەی دەستڕاگەیشتنیان بە خوێندن و کار هەیە.

لە مانگی هەشتدا، زەهرا سەدیقی-هەمەدانی، ناسراو بە سارێح بەرگریکاری مافەکانی LGBTI، و ژنێکی دیکە بە ناوی ئێلهام چۆبدار، بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی "گەندەڵی لەسەر زەوی" لەلایەن دادگای شۆڕش لە ورمێ لە ئوستانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.

ژنان و کچان

دەسەڵاتداران بەردەوام بوون لە مامەڵەکردن لەگەڵ ژنان وەک هاووڵاتی پلە دوو، لە بابەتەکانی وەک هاوسەرگیری، جیابوونەوە، سەرپەرشتیکردنی منداڵ، دامەزراندن، میرات و پۆستی سیاسی.

تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری کچان لە 13 ساڵی ماوەتەوە و باوکەکان دەتوانن مۆڵەتی دادوەری وەربگرن بۆ ئەوەی کچەکانیان لە تەمەنێکی بچووکتردا هاوسەرگیری بکەن.

ژنان و کچان لە پێشەنگی ڕاپەڕینی جەماوەریدا بوون، تەحەدای دەیان ساڵەی هەڵاواردن و توندوتیژییان لەسەر بنەمای ڕەگەزی کرد، دژی یاسای جیاکاری و حیجابی زۆرە ملێ وەستانەوە کە لە ئەنجامدا ڕووبەڕووی هەراسانکردنی ڕۆژانە و توندوتیژی بوونەوە لەوانەدا گرتنی هەڕەمەکی، ئەشکەنجەدان و مامەڵەی تری خراپ و هەروەها ڕێگەگرتن لە خوێندن، کار و شوێنە گەشتییەکان.

دەسەڵاتداران نەیانتوانی چاودێری تەندروستی تایبەت بە ڕەگەزی گونجاو بۆ زیندانیانی ژن دابین بکەن. پڕۆژە یاسای "بەرگریکردن لە کەرامەت و پاراستنی ژنان لە توندوتیژی" کە زیاتر لە دە ساڵ پێشتر پێشکەشکرابوو، لە پەرلەمان چەقی بەستووە.

یاسادانەران نەیانتوانی پێداچوونەوە بە پڕۆژە یاساکەدا بکەن بۆ ئەوەی توندوتیژی خێزانی وەک تاوانێکی جیاواز پێناسە بکەن، دەستدرێژی هاوسەرگیری و هاوسەرگیری منداڵان بە تاوان بزانن، یان دڵنیابن لەوەی ئەو پیاوانەی ژن یان کچەکانیان دەکوژن ڕووبەڕووی سزا ببنەوە.

مافی پەنابەران و کۆچبەران

هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی نایاسایی تەقەمەنی زیندوویان ئاراستەی ژن و پیاو و منداڵانی ئەفغانی کرد کە هەوڵی بەزاندنی سنووری ئەفغانستان/ ئێرانیان دەدا و لە ئەنجامدا کوشتنی نایاسایی لێکەوتەوە. ئەو ئەفغانیانەی توانیان بچنە ناو ئێرانەوە بە هەڕەمەکی دەستبەسەر کران و ئەشکەنجە دران و مامەڵەی خراپی دیکەیان لەگەڵدا کرا پێش ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی و زۆرەملێ بگەڕێنرێنەوە.

سزای مەرگ

لەسێدارەدان بە بەراورد بە ساڵی پێشوو زیادی کرد و لەسێدارەدان بە بەرچاوی خەڵکەوە لە شوێنێکی گشتی پاش دوو ساڵ ڕاوەستانی دەستیپێکردەوە. دەسەڵاتداران سزای لەسێدارەدانیان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی سیاسی لە دژی خۆپیشاندەران و جودابیران و کەمینە نەتەوەییەکان بەکارهێنا. چەند ین کەس بەهۆی ئەو تاوانانەی کە لە منداڵیدا ئەنجامیان داوە لە سێدارە دران دەیان کەسی دیکە کە لە کاتی تاوانەکەدا تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوە بوو، لەسەر سزای لەسێدارەدان مانەوە.

دەربازبوون لە سزا

هیچ بەرپرسێکی گشتی لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکراوە یان بەرپرسیار نەکراوە بەهۆی لەسێدارەدانی دەرەوەی دادوەری و کوشتنی نایاسایی دیکە، ئەشکەنجەدان، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و پێشێلکارییە قورسەکانی دیکەی مافی مرۆڤ کە لە ساڵی 2022یان ساڵانی پێشوودا ئەنجامدراون.

دەسەڵاتداران ژمارەی ڕاستەقینەی ئەو کەسانەیان پەردەپۆش کرد کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون، بەوەی کە "ئاژاوەگێڕانیان" بە کوشتنەکان تۆمەتبار دەکرد یان لە هەندێک حاڵەتدا، بەو حاڵەتانەشەوە کە مردنی منداڵیشی تێدابوو، بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە مردنەکانیان لە ئەنجامی خۆکوشتن یان ڕووداوەکانەوە بووە. ئەوان سکاڵاکانی خێزانی قوربانییەکانیان ڕەتکردەوە و هەڕەشەی کوشتن یان زیانگەیاندنیان بەوان یان منداڵەکانیان دەکرد ئەگەر قسە بکەن.

هیچ لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لەبارەی مردنی مەحسا (ژینا) ئەمینی لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا ئەنجام نەدرا. دەسەڵاتداران بەرپرسیارێتی خۆیان ڕەتکردەوە و بەڵگەی گرنگیان شاردەوە و هەڕەشەیان لە خێزانەکەی و کەسانی دیکە کرد کە بروایان بە شێوازی گێڕانەوەی ڕووداوەکە نەبوو و داوای ڕاستی و دادپەروەرییان دەکرد.

کەسوکاری ئەوانەی کە داوای ڕاستی و دادپەروەریی و شایەتحاڵەکانی خۆپیشاندانەکانی مانگی 11 ی 2019 یان کرد و لە دادگای نێودەوڵەتی گەل بۆ دڕندەییەکانی ئێران لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا گەواهییان دا، ڕووبەڕووی دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی و جۆرەکانی تری هەراسانکردن بوونەتەوە.

هیچ لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ سەبارەت بە بەکارهێنانی هێزی نایاسایی دژی زیندانیانی زیندانی ئێوین لە مانگی 10 یان لەسەر کوژرانی لانیکەم هەشت زیندانی ئەنجام نەدرا.

دەسەڵاتداران بەردەوام بوون لە شاردنەوەی ڕاستییەکان لەسەر هێرشە مووشەکییەکەی مانگی یەکی ساڵی 2020 بۆ سەر فڕۆکەی 752ی هێڵی ئاسمانی نێودەوڵەتی ئۆکرانیا کە بووە هۆی کوژرانی 176 کەس.

سەرنەکەوتن بۆ ڕێگریکردن لەگۆڕانی کەشوهەوا و پیسبوونی ژینگە

شارەزایانی ژینگە ڕەخنەیان لە شکستی دەسەڵاتداران گرت لە چارەسەرکردنی قەیرانی ژینگەیی ئێران بە لەدەستدانی دەریاچە و ڕووبار و تاڵاوەکان، بڕینی درستانەکان، پیسبوونی هه‌وا، پیسبوونی ئاو کە بەهۆی ڕژانی ئاوی پیسەوە بۆ سەرچاوەی ئاوی شارەکان دروست دەبێت و ژێرئاوکەوتنی زەوی. لە مانگی حەوتدا ئێران یەکێک بوو لەو هەشت وڵاتانەی کە خۆیان لە بڕیارنامەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەدوور گرت، کە لەگەڵ 161 تردا پەسەند کرا و تێیدا دەستڕاگەیشتن بە ژینگەیەکی پاک و تەندروست و بەردەوام وەک مافێکی گشتگیری مرۆڤ ناسێندرا.