ئێران: ئەفسەرێکی سوپای پاسداران لە هێرشێکی ئیسرائیل لە سوریادا کوژرا

هێزی سوپای پاسدارانی ئێران لە مەشقێکی سەربازیدا


سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، بە هۆی هێرشێکی ئیسرائیلی ڕۆژی هەینی لە سوریا، ئەفسەرێکی سوپای پاسدارانی ئێران کوژرا، لە کاتێکدا دووەم هێرشیی لەو جۆرە لە نزیک دیمەشق لە ماوەی دوو ڕۆژدا ئاماژەیە بۆ چڕبوونەوەی هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێگەی تاران لەو وڵاتە.

هیچ لێدوانێکی دەستبەجێ لەلایەن ئیسرائیلەوە نەدراوە، کە ڕەتیدەکاتەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ڕاپۆرتەکانی هێرشکردنە سەر سوریا بدات.

سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە لە لایەن میدیاکانی ئێرانەوە بڵاوی کردۆتەوە، ڕایگەیاند: "میلاد حەیدەری، یەکێک لە ڕاوێژکار و ئەفسەرە سەربازییەکانی سوپای پاسداران"، لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا کوژراوە."
دەزگای هەواڵی نیمچە فەرمیی ئێرانی تەسنیم بڵاویکردەوە، سوپای پاسداران سوێندیان خوارد وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە و ڕایگەیاندووە، "هێرشە تاوانکارییەکە" بۆ سەر جەرگەی دیمەشق لە بەرەبەیاندا "بێ وەڵام" نابێت.

بەگوێرەی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، هێرشە ئاسمانییەکە شەشەمین هێرشی ئیسرائیل بووە لەم مانگەدا لە سوریا.

ئیسرائیل ساڵانێکە هێرش دەکاتە سەر ئەو ئامانجانەی کە بە پەیوەندیدار بە ئێران وەسفی کردووە لە سوریا، کە کاریگەری تاران لەو وڵاتەدا پەرەی سەندووە لەو کاتەوەی دەستیکردووە بە پشتیوانیکردنی سەرۆک بەشار ئەسەد لە شەڕی ناوخۆدا کە لە ساڵی 2011 دەستیپێکردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز