ئەمەریکا دەست بەسەر ئەو تەقەمەنیانەدا دەگرێت کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بۆ حوسییەکان ناردراوە

وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی سکاڵایەکی یاسایی ڕێکخست بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەک و تەقەمەنی و هەزاران کیلۆگرام مادەی ئارپیجی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران کە لەلایەن هێزی دەریایی ئەمەریکاوە لە ڕێگای یەمەندا دەستی بەسەردا گیراوە.

مێریک گارلەند، داواکاری گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جەختی لە ئیرادەی ئەمەریکا کردەوە بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە یاساکان پێشێل دەکەن و هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا دەکەن.

وەزارەتی داد بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەو تەقەمەنیانە، ڕایگەیاندووە کە فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا لە سەرەتای مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردوو لە دەریای عومان دەستی بەسەر ئەو چەک و تەقەمەنیانەدا گرتووە.

وەزارەتی داد ئەم هەنگاوە بە بەشێک لە لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانتر ناو دەبات سەبارەت بە تۆڕی قاچاخچێتی چەک لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە و دەڵێت کە ئەم تۆڕە لە بواری قاچاخی سیستەمی پێشکەوتووی چەک بۆ حوسییەکانی یەمەن و چالاکییە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا چالاکە.

ئەو وەزارەتە هەروەها دەستبەسەرداگرتنی تەقەمەنی سوپای پاسداران بە بەرهەمی هەوڵە هاوئاهەنگەکانی حکومەتی ئەمەریکا بۆ جێبەجێکردنی سزاکانی ئەو وڵاتە لەدژی سوپای پاسداران و کۆماری ئیسلامی ناودەبات.

دۆسیەی دەستبەسەرداگرتنی تەقەمەنی ئاماژەپێکراو لەلایەن نووسینگەی داواکاری گشتی ئەمەریکا لە واشنتن و بەشی ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.

سەرچاوە/ ماڵپەڕی وەزارەتی داد