بۆ یەکەم جار لە میژوودا زانایان توانیان خانەی دوو مشکی نێر بەکاربهێنن بۆ ئەوەی بە سەرکەوتوویی بێچووە مشکێکی لێ دروستبکەن، لە هەنگاوێکدا کە دەرگای ئەو ئەگەرە دەکاتەوە لە داهاتوودا بۆ وەچەخستنەوەی مرۆڤ ئەم ڕێگایە بەکاربهێندرێت.
کاتسوهیکۆ هایاشی کە سەرۆکایەتی لێکۆڵینەوە زانستیەکەی کردووە لە زانکۆی کیوشو لە ژاپۆن، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، "ئەمە یەکەم حاڵەتە کە خانەی نێری مەمکدارەکان بەکاربهێندرێت بۆ دروستکردنی هێلکەدانێکی بەهێز."
توێژینەوەکە پشتی بە زنجیرەیەک هەنگاوی ئاڵۆز بەستووە لە پرۆسەی دروستکردنی هێلکەدا بە گۆڕینی خانەی پێستی مشکی نێرینە کە هەڵگری تێکەڵەی کرۆمۆسۆمی XY نێرە بۆ کرۆمۆسۆمی XXی مێینە.
زاناکان خانەکانی پێستی نێرینەیان دووبارە پرۆگرام کردەوە بۆ دۆخێکی هاوشێوەی خانە بنەڕەتییەکان بۆ دروستکردنی خانەکانی ناسراو بە iPS. پاشان کرۆمۆسۆمی Yی ئەم خانانە سڕدراوەتەوە و لە جێگەیان کرۆمۆسۆمی X جێگیرکراوە کە لە خانەیەکی ترەوە وەرگراوە بۆ بەرهەمهێنانی خانەکانی iPS بە جۆرێک کە دوو کرۆمۆسۆمی Xی هاوشێوەیان هەبێت.
لە کۆتاییدا خانە نوێیەکان لە ئۆرگانیۆیدی هێلکەداندا چێنراون لە ژینگەیەکدا کە هاوشێوەی بارودۆخەکانی ناو هێلکەدانی مشکە.
کاتسوهیکۆ هایاشی دەڵێت کاتێک هێلکەکان بە تۆوی ئاسایی پیتێنران، زاناکان نزیکەی 600 ئاوڵەمە (کۆرپەلە) یان دەستکەوت. ئەم ئاوڵەمانە دواتر لە هێلکەدانی مشکێکی مێینەی ئاساییدا چێندران ولە ئەنجامدا حەوت بەچکە مشک بە سەرکەوتوویی لەدایکبوون.
کۆرپەلە مشکەکان دوای بوونیان، تەندروستییان باش بوو، بە ئاسایی گەشەیانکرد و دوای پێگەیشتنیان ئەوانیش توانیان وەچەی نوێ بخەنەوە.
کاتسوهیکۆ هایاشی دەشڵێت، "ئەوان باشبوون. وەها دەرکەوت کە بە شێوەیەکی ئاسایی گەشەیان کرد و بوونە باوک."
تیمە زانستیەکەی زانکۆی کیوشو لە ژاپۆن لە ئێستادا هەوڵدەدەن هەمان پرۆسە لەسەر خانەکانی مرۆڤ تاقی بکەنەوە و دەڵێن شیانی هەیە لە دەیەی داهاتوودا بتوانن بە سەرکەوتوویی پرۆسەکە تەواو بکەن.
زانایان دەڵێن ئەگەری سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە لە مرۆڤدا دەتوانێت لە کۆتاییدا ڕێگە خۆش بکات بۆ چارەسەرکردنی چەند جۆرێکی تایبەتی نەزۆکی و هەروەها ئاسۆی ئەو ئەگەرە دەکاتەوە کە هاوسەرە هاوڕەگەزەکان بتوانن لە داهاتوودا منداڵی بایۆلۆژی خۆیان پێکەوە هەبێت.
بەڵام هەندێک لە زانایان پێشبینی دەکەن کە دووبارەکردنەوەی ئەم پرۆسەیە لە خانەکانی مرۆڤ زۆر سەخت دەبێت.
پڕۆفیسۆر جۆرج دەیلی، ڕاگری سکوڵی پزیشکی زانکۆی هارڤارد، تاقیکردنەوەکەی بە "سەرنجڕاکێش" وەسفکردووە، بەڵام دەڵێت کە لێکۆڵینەوەکانی دیکەی هاوشێوە دەیسەلمێنن کە دروستکردنی گامێت لە خانەکانی مرۆڤەوە ئەستەم ترە لە خانەکانی مشک.
جۆرج دەیلی وتی، "ئێمە هێشتا ئەوەندە لە بایۆلۆژیای ناوازەی گامێتۆناسی مرۆڤ تێناگەین بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی کارە سەرنجڕاکێشەکەی هایاشی لە مشکدا."
سەرچاوە: گاردیان، فرانس پرێس، ئەسۆشییەتد پرێس