ئێران ڕایدەگەیەنێت تا ڕۆژی سێشەممە زانیاری دەخاتە بەردەست لەبارەی فەرید سەفەرلی، خوێندکارێکی ئازەربایجانی، کە دوای سەفەری بۆ ئێران بێسەروشوێن بووە، بە گوتەی بنەماڵەکەی.
دلارا ئەسگارۆڤا، دایکی فەرید سەفەرلی بە بەشی ئازەربایجانی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، ڕۆژی هەینی لەگەڵ جێگری باڵیۆزی ئێران لە ئازەربایجان کۆبووەتەوە. ئەو بەرپرسە ڕایگەیاندووە، باڵیۆزخانەی ئێران تا 4ی نیسان وەڵامی نامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان دەداتەوە سەبارەت بە دیارنەمانی سەفەرلی، بە گوتەی ئەسگارۆڤا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “جێگری باڵیۆز ڕایگەیاندووە، لەگەڵ دەسەڵاتداران لە ئێران قسەیان کردووە. لە دوایین کاتدا، لە سێشەممەی هەفتەی داهاتوودا زانیاری لەسەر فەرید دەدرێت”.
سەفەرلی لە زانکۆیەکی ئەڵمانیدا دەیخوێند، کاتێک لە 20ی شوباتدا سەفەری ئێرانی کرد بۆ چاوپێکەوتنی خۆشەویستەکەی و دواتر دیار نەما. خێزانەکەی لە 4ی ئازارەوە هیچ هەواڵێکیان لێی نەبیستووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان لە 9ی ئازاردا نامەیەکی ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئێران کرد و پرسیاری لەبارەی سەفەرلی کرد و هێشتا وەڵام نەدراوەتەوە.
ئەسگارۆڤا ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا لەبارەی بارودۆخی کوڕەکەیەوە نازانێت و بەردەوامە لە گەڕان بەدوایدا،کە گەشتەکانی بۆ ئەڵمانیا و ئێرانیشی لەخۆگرتووە.ئەو گەڕانەکانی لە ئێران بە "بێ بەرهەم" وەسف کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە پەیوەندیمان بە پۆلیسی ئێرانەوە کرد و لە ڕێگەی پارێزەرێکەوە داواکارییەکمان بۆ دادگا نارد بۆ ئەوەی زانیاری لەسەر فەرید بدەین، هیچ شتێکی دیکەش نەبوو کە بتوانین بیکەین.
پێشتریش ئەسگارۆڤا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو، سەفەرلی لە شاری جێنا لە ئەڵمانیا خۆشەویستەکەی خۆی ناسی کە هاووڵاتییەکی ئێرانییە کە لەوێ بەشداری لە پرۆگرامی ڕاهێنانی پزیشکی لە زانکۆیەکی ناوخۆییدا دەکرد.
ئەسگارۆڤا وتی"خۆشەویستەکەی دوای مەشق و ڕاهێنانەکە گەڕایەوە ئێران. سەرەڕای ئەوەش لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە پەیوەندییان پاراست، بڕیاریاندا لە ئەستەنبوڵ کۆببنەوە، فەرید چووە ئەستەنبوڵ، بەڵام ئەو کاتە نەیتوانی ڤیزاکە وەربگرێت. بۆیە، فەرید لە ئەستەنبوڵەوە چووە ئێران" .
ئەسگارۆڤا کە پێشتر بۆ گەڕان بەدوای کوڕەکەیدا گەشتێکی بۆ ئەڵمانیا کردووە، ڕایگەیاندووە، پۆلیسی ئەڵمانیا توانیویەتی دەستی بە زانیارییەکانی لاپتۆپەکەی سەفەرلی بگات، کە لە شوقەکەیدا دۆزیویەتیەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ژمارەی تەلەفۆن، وێنە، ناو، بەشێک لە ناوی بنەماڵەی [کچەکە]، شوێنی کار، تەنها زانیارییەکی زۆریان لەسەر خۆشەویستەکەی فەرید وەرگرتەوە".
هەروەها پۆلیسی ئەڵمانیا لەگەڵ هێڵی ئاسمانی پێگاسۆس پشتڕاستی کردەوە کە سەفەرلی لە مانگی ڕابردووەوە گەیشتە تاران و بۆ هیچ شوێنێکی تر گەشتی نەکردووە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا