ئه‌ندامێكی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت، هیچ شتێكی په‌یوه‌ندیدار به هه‌ڵبژاردن نه‌ماوه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌سه‌ری دابنیشن، چونكه پێش پشووه‌كانی جه‌ژنی نه‌ورۆز له‌سه‌ر هه‌موو شت ڕێككه‌وتوون.
عه‌بدولسه‌لام به‌رواری، ئه‌ندامی شاندی دانوستانكاری پارتی، به ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای ڕاگه‌یاند"ئێمه و یه‌كێتی پێش پشووه‌كانی نه‌ورۆز هه‌موو شتمان ته‌واو كردووه، له‌سه‌ر خاڵه سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن ڕێككه‌وتووین، هه‌ڵبژاردنیان به شێوه‌ی چوار بازنه‌یی خواست، وتمان باشه، داوایانكرد كورسییه‌كانی هه‌ر پارێزگایه‌ك به پێی ئاماری عێراق بێت، وتمان باشه، باسی لیستی تێكه‌ڵ و داخراو كرا، وتمان باشه، سه‌باره‌ت به كورسی پێكهاته‌كانیش هاتنه سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ی مه‌سه‌له‌كه بۆ پێكهاته‌كان جێ بهێڵرێ، كه چۆنیان ده‌وێت."
هه‌رچه‌نده ئه‌ندامه‌كه‌ی شاندی دانوستانكاری پارتی جه‌خت له‌سه‌ر ڕێككه‌وتن ده‌كاته‌وه له‌سه‌ر هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام میدیاكانی هه‌رێمی كوردستان هه‌واڵی كۆبوونه‌وه‌ی وه‌فدی یه‌كێتی و پارتییان له ڕۆژانی داهاتوو بڵاوكردووه‌ته‌وه سه‌باره‌ت به‌م پرسه.
عه‌بدولسه‌لام به‌رواری وتی"تیمی ته‌كنیكی یه‌كێتی و پارتی دانیشتین بۆ داڕشتن، له پڕێكدا چه‌ند ماده‌یه‌كیان هێنا، ئێمه وتمان ئه‌مه ناكرێ، هه‌ندێ شتیان هێنابوو ده‌كرا به ڕێنمایی له‌لایه‌ن كۆمیسیۆنه‌وه ده‌ربچێت، هه‌ندێ داواكاریش هه‌بوو یاسایی نه‌بوو، مه‌سه‌له‌ن تۆ نا‌توانیت له ده‌قی یاسایه‌كی هه‌رێم بنوسیت، پێویست كۆمیسیۆنی به‌غدا وابكات و وانه‌كات، هه‌ندێ شتی بچووك مابوو داومانه به‌سه‌رووی خۆمان."
له ڕۆژی 26/3 سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕۆژی 18ی مانگی یازده‌ی ئه‌مساڵی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دیاریكرد، به‌ڵام ئه‌وكات ڕزگار حاجی حه‌مه سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی، ڕه‌تیكرده‌وه بۆ دیاریكردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردن ڕاوێژ به حزبه‌كان كرابێت، به ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای ڕاگه‌یاند"یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌موار نه‌كرابێته‌وه و كۆمیسیۆن كارا نه‌كرابێته‌وه، چۆن هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌درێت."
له‌وباره‌یه‌وه عه‌بدولسه‌لام به‌رواری ده‌ڵێت"یه‌كێك له جیاوازییه گه‌وره‌كانی یه‌كێتی و پارتی ئه‌مه‌یه، سه‌رۆكی هه‌رێم پێویسته پێش 6 تا 9 مانگ بڕیار بدات، ئه‌و به ئه‌ركی خۆی هه‌ستاوه، ئێمه نۆ مانگمان له پێشه، گه‌ر له‌و نۆ مانگه‌دا ڕێكنه‌كه‌وین، كه‌ی ڕێكبكه‌وین؟."
ئه‌و وتیشی"په‌رله‌مان به ناچاری ساڵێك ته‌مه‌نی خۆی درێژكرده‌وه، خۆ ده‌بێت پێش ته‌واو بوونی ئه‌و ساڵه، سه‌رۆكی هه‌رێم به ئه‌ركی یاسایی خۆی هه‌ستێت، پاشان نوێنه‌ری یه‌كێتی له‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌یه."
ده‌رباره‌ی هۆكاری كۆبوونه‌وه‌ی وه‌فدی یه‌كێتی و پارتی له ماوه‌ی داهاتوودا له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن، عه‌بدولسه‌لام به‌رواری وتی"گه‌ر له من بپرسیت، ده‌ڵێم هیچ نه‌ماوه له‌سه‌ری دابنیشین، ئێمه شته‌كانمان به‌رزكردووه‌ته‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی خۆمان، هیوادارین ئه‌م هه‌فته‌یه له‌سه‌ر ئاستی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی هه‌ردوولا دانیشتن بكرێت، له دانیشتنی یه‌كه‌م و دووه‌می به‌شی هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی و پارتیدا، وه‌كو تیمێك قسه‌مان ده‌كرد، هیچ شتێك نه‌بووه ئاسته‌نگ."
عه‌بدولسه‌لام به‌رواری ئه‌ندامی شاندی دانوستانكاری پارتی، سه‌باره‌ت به ده‌نگدانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن، وتی"گه‌ر ئه‌م هه‌فته‌یه ئێمه و یه‌كێتی دابنیشین و شتی تازه نه‌هاته پێشه‌وه، ده‌توانین پرۆژه‌یه‌كی هاوبه‌ش یان دیدگایه‌كی نزیك پێشكه‌ش بكه‌ین، ئه‌وكات كاری لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مان ئاسان ده‌بێت، له‌ڕووی تیۆرییه‌وه ده‌كرێت له‌م هه‌فته‌یه هه‌موو شت ته‌واو ببێت."