زاناکان جوڵەی نائاسایی کلکدارەکان لە کۆمەڵەیەکی تری خۆرەوە ڕوون دەکەنەوە

ئومواموا یەکەم تەنە کە دۆزراوەتەوە و لە کۆمەڵە خۆرێکی ترەوە سەردانی کۆمەڵەی خۆرمان دەکات. ئەم کلکدارە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2017دا دۆزرایەوە، زاناکان چاودێرییان کردووە کە کلکدارەکە بە شێوەیەکی نائاسایی خێراتر دەبێت لەگەڵ دوورکەوتنەوە لە خۆر.

زانایان تیۆری جیاوازیان خستەڕوو بۆ ئەم ڕەفتارە چاوەڕواننەکراوە. لە نێو تیۆرییەکاندا ئەو بیرۆکەیە هەیە کە ئەو تەنە کەشتییەکی ئاسمانی نامۆیە. بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی نوێ ڕوونکردنەوەیەکی ڕوونتری پێشکەش کردووە – کە زیادبوونی خێرایی Oumuamua بەهۆی دەردانی گازی هایدرۆجین بووە لەگەڵ گەرمبوونی کلکدارەکە بە تیشکی خۆر.

Oumuamua کلکی گازی و گەردیلەکانی نییە کە لە زۆرێک لە کلکدارەکاندا باون. بە شێوەی بۆری پێناسە کراوە بەڵام ئێستا وا بیردەکرێتەوە کە تەنک و قۆقز و تەختە. بچووکترە لەوەی کە یەکەمجار خەمڵێندراوە. ئێستا وا بیردەکرێتەوە کە نزیکەی 115 مەتر بە 111 مەتر دەبێت و ئەستوورییەکەی نزیکەی 19 مەتر دەبێت.

توێژەران دەڵێن وا دیارە Oumuamua وەک زۆرێک لە کلکدارەکانی تر لەدایکبووە وەک ئەوەی پێی دەوترێت هەسارەی بچووک. هەسارە بچووکەکان بریتییە لە تەنێکی بچووک کە لە سەرەتای دروستبوونی هەسارەکاندا دروست دەبێت.

توێژەران Oumuamua یان بە بەردێکی گەورە و سەهۆڵاوی واڵای پێناسە دەکرێت.

پاشان کلکدارەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان کۆمەڵەی خۆری بەجێهێشت لەو شوێنەی کە دروست بوو. زانایان دەڵێن، کیمیای کلکدارەکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، چونکە تیشکی وزەی بەرزی وەرگرتووە بەهۆی ئەوەی بە بۆشایی نێوان ئەستێرەکاندا دەڕوات. تیشکەکە بەشێک لە سەهۆڵی کلکدارەکەی گۆڕیوە بۆ گازی هایدرۆجینی کە پەنگی خواردووە.

پاشان ئۆومواموا گەرم بووەوە کاتێک بە کۆمەڵەی خۆردا تێدەپەڕی. گەرمبوونەوەکە بووە هۆی ئەوەی پێکهاتەی سەهۆڵی کلکدارەکە گازی هایدرۆجینی پەنگخواردوو ئازاد بکات. ئەوەش Oumuamuaی خێراتر کردووە کاتێک بەرەو دوور لە خۆر دەڕوات. دەردانی ئەم هایدرۆجینە لە پرۆسەیەکدا کە پێی دەوترێت ئاوتگازینگ (دەردانی گاز) نابێتە هۆی دەرکەوتنی وەک کلک.

جێنی بێرگنەر زانای کیمیایی ئەستێرەکان لە زانکۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا لە بێرکلی، نووسەری سەرەکی توێژینەوەکەیە لەم دواییانەدا لە گۆڤاری Nature بڵاوکرایەوە.

دەڵێت، دۆزینەوە گرنگەکە ئەوەیە کە ڕەنگە ئۆومواموا وەک هەسارەیەکی بچووکی سەهۆڵاوی دەستی پێکردبێت کە ئاوێکی زۆری تێدایە، هاوشێوەی کلکدارەکانی کۆمەڵەی خۆری خۆمان. ووتیشی، ئەم مۆدێلە دەتوانێت ڕەفتاری سەیر و سەمەرەی Oumuamua ڕوون بکاتەوە بەبێ ئەوەی پێویستی بە بەکارهێنانی فیزیا یان کیمیای نائاسایی هەبێت.

هەروەها داریل سێلیگمان لە زانکۆی کۆرنێل یارمەتی نووسینی توێژینەوەکەی داوە. وتی "سادەترین ڕوونکردنەوە، و بە تەواوی ئەوەی چاوەڕێی دەکەین بۆ کلکدارێکی نێوان ئەستێرەکان، لەگەڵ هەموو داتاکان دەگونجێت بەبێ هیچ وردکردنەوەیەک".

ناوی ئومواموا لە زمانی هاواییەوە هاتووە و بە واتای نێردراوێک دێت کە لە دوورییەکی زۆرەوە هاتوە، بۆ یەکەمجار لەلایەن تەلەسکۆپی Pan-STARRS1ی زانکۆی هاواییەوە دۆزرایەوە.

بێرگنەر وتی “ئێمە شوێنی سەرچاوەی نازانین بەڵام پێدەچێت کەمتر لە 100 ملیۆن ساڵ بە بۆشایی نێوان ئەستێرەکاندا گەشت بکات. ڕەنگێکی سووری هەبوو کە لەگەڵ ڕەنگی زۆرێک لە تەنە بچووکەکانی کۆمەڵەی خۆردا یەکدەگرێتەوە. لە ئێستادا لە ڕێگای دەرچوون لە کۆمەڵەی خۆردا لای نەپتونەوە تێپەڕیوە.

دووەم تەنی نێوان ئەستێرەکان لە ساڵی 2019دا لەکاتی سەردانیکردنی کۆمەڵەی خۆرمان دۆزرایەوە، کلکدارێکە بە ناوی2I/Borisov ڕەفتارەکانی زیاتر لە کلکداریکی ئاسایی دەچێت.

ڕەنگە ئەم تەنە نامۆیانە زیاتر لەوەی بیری لێدەکرایەوە باو بن. توێژەران دەڵێن ڕەنگە ساڵانە یەک بۆ دوو تەنی نێوان ئەستێرەکان لە کۆمەڵەی خۆرەکەماندا بدۆزرێتەوە کاتێک ناوەندێکی نوێی فەلەکناسی لە شیلی دەست بە کارەکانی دەکات وەک ئەوەی لە ساڵی داهاتوودا پلانی بۆ دانراوە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز