چاوەڕوان دەکرێت دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە بە فەرمی ببرێتە بەردەم دادگا، ئەمەش یەکەمجارە سەرۆکێکی پێشووی ئەمەریکا ڕووبەڕووی تۆمەتی تاوانکاری دەبێتەوە.
لە هەنگاوێکی بێ وێنەی مێژووی ئەمەریکادا، دەستەی باڵای سوێندخواردنی لە نیویۆرک ڕۆژی پێنجشەممە دەنگیدا بۆ تۆمەتبارکردنی ترامپ بەهۆی تۆمەتەکانی پەیوەست بە پارەدان بە ئەکتەرێکی فیلمی پۆرن لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2016دا.
ئەم تۆمەتە چاوەڕوانکراوە لە کاتێکدایە کە ترامپ لە هەوڵی گەڕانەوەدایە بۆ کۆشکی سپی دوای ئەوەی لە ساڵی2020دا نەیتوانی بۆ خوڵی دووهەمی سەرۆکایەتی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
تا ئێستا تۆمەتبارکردنەکە فەرمی نییە و ڕوونیش نییە ترامپ بە چ تاوانێک یان چەند تاوان تۆمەتبار کراوە. کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بە زیاتر لە 30 تۆمەت تۆمەتبار کراوە. دەنگی ئەمەریکا نەیتوانی ئەو ڕاپۆرتە پشتڕاست بکاتەوە.
لە بەیاننامەیەکدا، نووسینگەی ئەلڤن براگ، پارێزەری ناوچەی مانهاتن ڕایگەیاندووە، پەیوەندییان بە پارێزەری ترەمپەوە کردووە "بۆ هەماهەنگیکردنی لە رادەستکردنی بە نووسینگەکە بۆ ئەوەی تۆمەتەکانی ڕووبەڕوو بکریتەوە."
بۆ ئەو مەبەستەش ترامپ کە لە فلۆریدا دەژێت، دەبێت لەگەڵ تیمی تایبەتی پاراستنی سەرۆک، بروات بۆ نیویۆرک.
کاتێک دەستبەسەر دەکرا، پەنجەمۆر و وێنەی دەگیرێت پێش ئەوەی لەبەردەم دادوەردا تاوانەکانی ڕووبەڕوو بکرێتەوە و لەسەر ناسنامەی کەسی ئازاد بکرێت.
چەندین دەزگای هەواڵ بە پشتبەستن بە سەرچاوەی کە ناویان ئاشکرا نەکراوە ڕایانگەیاندووە، ترامپ بەنیازە ڕۆژی دووشەممە بە فڕۆکە بچێتە نیویۆرک و شەوەکە لە تاوەری ترامپ بەسەر ببات پێش ئەوەی ڕۆژی سێشەممە لە دادگا ئامادەبێت.
ڕۆژی هەینی، بەرپرسانی دەزگای نهێنی پاراستنی سەرۆک و بەشی پۆلیسی نیویۆرک چوون بۆ دادگاکەی کە بڕیارە ترامپ تێیدا دادگایی بکرێت و پلانە ئەمنییەکانیان تاوتوێ کرد.
سوزان نێچێلێس، پارێزەری ترامپ بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دان بە تاوانەکەدا نانێت.
دۆناڵد ترامپ ڕۆژی هەینی لە ئیمەیڵێکی کۆکردنەوەی پارەدا وتی " ناترسم لەوەی کە ڕوودەدات."
هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترامپ کە لە هەوڵەکانی کۆکردنەوەی پارەدا باسی ئەو تۆمەتانەی کردووە و ڕایگەیاندووە، لە 24 کاتژمێری یەکەمی دوای ڕاگەیاندنی تۆمەتبارکردنەزیاتر لە4 ملیۆن دۆلاریان کۆکردووەتەوە.
ترامپ لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای خۆیدا بەناوی " Truth Social " ڕەخنەی لە دادوەر خوان مێرچن گرت، ئەو دادوەرەی کە چاوەڕوان دەکرێت سەرپەرشتی دۆسیەکەی بکات.
ڕۆژی هەینی گوتی دادوەرەکە " ڕقی لە منە" و بە " خراپی" مامەڵەی لەگەل ڕێکخراوی ترامپدا کردووە لە کاتی دادگاییەکەی ساڵی ڕابردوودا کە تیایدا کۆمپانیاکە بە ساختەکاری لە باجدا سزا درا.
لە بەیاننامەیەکی ڕۆژی پێنجشەممەدا، ترامپ کە ڕەتیکردووەتەوە هیچ هەڵەیەکی لەم دۆسیەیەدا هەبێت، ئەو تۆمەتەی وەک بەشێک لە هەوڵی لەمێژینەی دیموکراتەکان بۆ گەڕان بە شوێن شتێکی وجودی نەبێت لەقەڵم داوە وەک دەڵێت بۆ ئەوەی بزوتنەوەی " ئەمەریکا مەزن دەکەینەوە" لە ناوببەن.
سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا نووسیویەتی "ئەمە سەرکوتکردنی سیاسی و دەستوەردانی هەڵبژاردنە لە بەرزترین ئاستی مێژوودا". دەشڵێت "دیموکراتەکان لە هەوڵەکانیاندا بۆ 'گرتنی ترامپ' درۆیان کردووە، فێڵیان کردووە و دزییان ، بەڵام ئێستا ئەو کارەیان کردووە کە بیری لێنەدەکرایەوە - تۆمەتبارکردنی کەسێکی تەواو بێتاوان لە کردەوەیەکی دەستێوەردانی ئاشکرای هەڵبژاردنەکاندا."
ترامپ گوتیشی ئەم کارە لە بری ئەوەی زیانی پێ بگەیەنێت " زۆر بە توندی زیان بە [سەرۆک] جۆو بایدن دەگەیەنێت."
هەفتەی ڕابردوو لە پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆیدا ترامپ هۆشداری دا لە " ئەگەری مردن و وێرانکاری" ئەگەر تۆمەتبار بکرێت، ئەمەش جۆرە ڕاگەیاندنە لەلایەن هەندێک لە رەخنەگرانەوە وەکو هاندانی توندوتیژی لێکدرایەوە.
ئەم تۆمەتبارکردنەی کە بە شێوەیەکی بەرفراوان چاوەڕوان کراو بوو، بەڵام لە واشنتن دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبووە.
جیم جۆردن ئەندامی کۆماری کۆنگرێس و لایەنگری ترامپ لە تویتێکدا تەنها نوسیویەتی " توڕەیی."
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کۆماری کیڤن مککارتی، ئێلڤن براگ بە بەکارهێنانی سیستەمی دادوەری وەکو چەک دژی ترامپ تۆمەتبار دەکات.
مککارتی لەتویتێکدا دەڵێت " ئێلڤن براگ لە هەوڵێکدا بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیمان، زیانێکی گەورەی لە وڵاتەکەمان دا.
لە کاتێکدا کە بە شێوەیەکی ڕۆتینی تاوانبارانی توندوتیژ ئازاد دەکات بۆ تیرۆرکردنی خەڵکی،کەچی سیستەمی پیرۆزی دادپەروەری ئێمەی لە دژی سەرۆک دانۆڵد ترامپ وەک چەکێک بەکارهێنا. گەلی ئەمەریکا لەگەڵ ئەم نادادپەروەرییەدا پشوودرێژ نابێت و ئەنجوومەنی نوێنەرانیش لێپرسینەوە لە ئەلڤن براگ و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی بێوێنەی دەکات."
کۆمارییەکانی دیکە کە بە تایبەتی لە ترامپەوە نزیک نین، بە هەمان شێوە لێپرسینەوەکان وەک پاڵنەرێکی سیاسی سەیر دەبینن.
لە بەرامبەردا کاردانەوەی دیموکراتەکان بە شێوەیەکی پێشبینیکراو باش بوو لەسەر بڕیارەکە.
لە بەیاننامەیەکدا، نانسی پیلۆسی، دیموکراتی سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ، نووسیویەتی، دەستەی باڵای سوێندخۆران "بەپێی ڕاستییەکان و یاسا کاریان کردووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە و هەموو کەسێک مافی دادگاییکردنی هەیە بۆ سەلماندنی بێتاوانی". نوسیویشیەتی "بەهیوای ئەوەی سەرۆکی پێشوو بە شێوەیەکی ئاشتیانە ڕێز لە سیستەمەکە بگرێت، کە ئەو مافانەی پێدەبەخشێت".
سەرۆک بایدن ڕۆژی هەینی ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو بابەتە بدات و بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "باس لەسەر تۆمەتبارکردنی ترامپ ناکەم".
تۆمەتبارکردنەکە لە لێکۆڵینەوەیەکی فیدراڵیەوە لەسەر پارەدان بۆ بێدەنگکردن گەشەی سەند کە مایکل کۆهین پارێزەری ئەوکاتەی ترامپ لە کۆتا ڕۆژەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2016دا دابووی بە ئەکتەری پۆرن ستۆرمی دانیێڵز.
ئەو پارە نهێنییە لە سەرەتای ساڵی 2018دا هاتە ئاراوە.کۆهین لە مانگی ئابی 2018دا بە قسەکردن لەسەر سەرۆکەکەی پێشووی گەواهی ئەوەی دا کە بە فەرمانی ترەمپ 130 هەزار دۆلاری بە دانیێڵز داوە بۆ ئەوەی بێدەنگ بێت سەبارەت بە گوایە پەیوەندی لەگەڵ ترامپدا.
دواتر ڕێکخراوی ترامپ پارەکەی گەڕاندووەتەو بۆ کۆهن لە ژێر ناوی خزمەتگوزاری " یاسایی".
لە کاتێکدا کە پێدانی پارەی بە نهێنی نایاسایی نییە، بەڵام تۆمەتەکەی داواکاری گشتی فیدراڵی ئەوەیە کە پێدانی ئەو پارەیە پێشێلکردنی یاساکانی دارایی هەڵمەتی هەڵبژاردنی فیدراڵییە.
لە ساڵی 2018دا کۆهین دانی بە چەندین تۆمەتی تاوانکاری فیدراڵیدا ناوە، لەنێویاندا پێشێلکارییەکانی دارایی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان، دواتر زیاتر لە ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپێنرا.
لە کاتێکدا داواکارانی گشتی فیدراڵی لەو کاتەدا ترامپیان تۆمەتبار نەکرد، بەڵام دواتر نووسینگەی داواکاری گشتی ناوچەی مانهاتن دۆسیەکەی هەڵگرت و لە مانگی یەکدا دەستیکرد بە وەرگرتنی گەواهییەکانی دەستەی باڵای سوێندخواردن.
کۆهین، شایەتحاڵی سەرەکی واکاری گشتی، چەندین جار لەبەردەم پانێڵەکەدا گەواهیدا داوە.
لە کاتێکدا کە تۆمەتەکە هێشتا فەرمی نییە، شارەزایانی یاسایی دەڵێن پێدەچێت تۆمەتەکانی دژی ترامپ لەسەر بنەمای یاسای تۆمارە بازرگانییە ساختەکانی نیویۆرک بێت.
بەپێی یاساکە، ساختەکردنی تۆماری بازرگانی بە شێوەیەکی ئاسایی تاوانێکی بچووکە. کاتێک بە مەبەستی ئەنجامدان یان شاردنەوەی تاوانی دووەم ئەنجام دەدرێت، ئەوا بەرز دەبێتەوە بۆ ئاستی تاوانێکی گەورە کە سزای هەتا چوار ساڵ زیندانیکردنی لەسەرە.
تا ئێستا ڕوون نییە کە ترامپ بە چ تاوانێکی زیادە، ئەگەر هەبێت، تۆمەتبار کراوە.
هەرچەندە بە شێوەیەکی ئاسایی داواکارانی گشتی تەنها کاتێک تۆمەت دەخەنە سەر تۆمەتبارێک کە پێیان وابێت دەتوانن سزای بسەردا بسەپێندرێت، بەڵام بەپێی شارەزایانی یاسایی سزادانی ترامپ دوورە لەوەی کە دڵنیابن دەکرێت.
لە کاتێکدا ترامپ دانی بەوەداناوە کە بە نهێنی پارەی بۆ کۆهین گەڕاندووەتەوە، بەڵام دەڵێت "هیچ پەیوەندییەکی بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانەوە نەبووە".
پارێزەرەکانی ئەو بەرپرسیارێتییەیان خستۆتە ئەستۆی کۆهین.
جۆزێف تاکۆپینا، یەکێک لە پارێزەرانی ترامپ لەم دواییانەدا لە کەناڵی MSNBC ڕایگەیاند، "پارەکە بە پارێزەرێک دراوە نەک بە ستۆرمی دانیێڵز". وتیشی ئەو پارانە " بە پارێزەری دانۆڵد ترامپ دراوە کە بە پارەی یاسایی دادەنرێت."
تاکۆپینا دەڵێت، کۆهین "ئەو کاتە پارێزەرەکەی بووە و ئامۆژگاری کردووە کە ئەمە ڕێگەیەکی دروستە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە، بۆ ئەوەی خۆی و خێزانەکەی لە شەرمەزاری بپارێزێت. ئەمە بە هەمان شێوە سادەیە".
بەڵام شارەزایانی دیکەی یاسایی دەڵێن کە داواکارانی گشتی دەبێت بە بنەمایەکی درێژخایەن ڕێنمایی بکرێن مامەڵەکردن لەگەڵ وەک کەیسەکان بە یەکسانی.
ئەم دۆسیەیە تەنها دۆسیەی تاوانکاری نییە دژی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا.
لە ویلایەتی جۆرجیا، داواکارانی گشتی تاوتوێی دۆسیەیەکی تاوانکاری دەکەنەوە کە پەیوەندی بە هەوڵەکانی ترامپەوە هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 لە ویلایەتەکەدا. ترامپ بە جیاوازییەکی کەم لەو ویلایەتە بە سەرۆک بایدن دۆڕا.
هاوکات وەزارەتی دادی ئەمەریکا نوێنەرێکی تایبەتی دەستنیشان کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕۆڵی ترامپ لە هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرکەوتنی بایدن و هەروەها مامەڵەکردنی لەگەڵ بەڵگەنامە نهێنییەکان دوای جێهێشتنی پۆستەکەی.
لە ماوەی سەرۆکایەتیدا ترامپ دوو جار لێکۆڵینەوە لەگەڵ کرا بەڵام سزا نەدرا.
ڕاپۆرتی مەسعود فەریواری دەنگی ئەمەریکا.