جەبار یاوەر: یەکخستنەوەکەی پێشمەرگە شتێکی نوێ نییە، فیرقەی هەولێر هەمووی پارتی و ئەوەی سلێمانیش یەکێتی دەمێنێتەوە

جەبار یاوەر

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە گرنگی ئەو ڕووداوەی کەمکردەوە کە ڕۆژی سێشەممە 4ی مانگی 4ی 2023، لە ڕێوڕەسمێکی باڵادا لە هەولێر دەستبەکاربوونی دوو فیرقە ڕاگەیێندرا کە گوایە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و دەرەوەی دەستەڵاتی یەکێتی و پارتی کاردەکەن.

جەبار یاوەر بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "فیرقەی یەک کە بارەگاکەی لە هەولێرە هەر لە سەرۆک فیرقە و فەرماندە و جێگرو سەرۆک ئەرکان و هەواڵگیری و ژمێریاری و ئەفسەری روکن و حسابات و مەشقەوە هەر هەمووی لەهێزی هەشتای پارتیە، فیرقەی دوو ئەوەی سنوری سلێمانیش هەر هەمووی یەکێتیە."

جەبار یاوەر گوتی کە هەنگاوەکەی دوێنێ بریتی نەبوو لە یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بەڵکو دروستکردنی دوو فیرقە بوو.

ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی دوو فیرقەکە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان، هەنگاوەکەی وەک بەشێک لە پرۆسەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ناساند وڕایگەیاند، "جێگەی دڵخۆشییە کە وێڕای ناکۆکی سیاسی، پرۆسەی یەکخستن و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە نەوەستاوە و هەندێک هەنگاوی باش چووەتە پێشەوە."

لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە چەندین سەرکردەی سیاسی و سەربازی هەرێم و ئەمەریکا بەشداربوون، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، "ئەوەی جێگەی دڵخۆشییەکی زۆرە، هۆشیارییەکی بەرز لە لای پێشمەرگە و ئەفسەر و فەرماندەکانی پێشمەرگە دروستبووە بۆ پێویستی یەکبوونی پێشمەرگە. ئەوان نایانەوێت پڕۆسەی یەکخستن و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە بووەستێت، چونکە نایانەوێت هیچ ناوێکی سیاسی و حیزبایەتییان لەسەر بێت."

سەبارەت وردەکاری زیاتر لەسەر ئەو فیرقانە، جەبار یاوەر، کە لە ساڵانی شەری داعش لەسەر پشکی یەکێتی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بوو ، ڕایگەیاند، "لەناو وەزارەتی پێشمەرگە کۆمەڵێک لیوا هەن ئەو لیوایانە کۆدەکرێنەوە و سەرکردایەتیان بۆ دروست دەکرێت، واتا شتێکی نوێ نییە تەنها دروستکردنی پێکهاتەیەکی نوێیە لەناو وەزارەتی پێشمەرگە. ئەمەی ئێستا هەنگاوی یەکەمە کە هاتوون دوو فیرقەیان دروستکردووە و هەر فیرقەیەکیش لە سێ تا پێنج لیوا پێکهاتووە."

جەبار یاوەر وتیشی، "مەسەلەکە پەیوەندی بە دروستکردنی فیرقە و لیوا و یەکخستن و ژمارەوە نییە، بەڵکو مەسەلەکە گۆڕینی بیرکردنەوەی ئەو هێزە چەکدارانەیە. هەزار جار هێز بگۆڕن و فیرقە دروست بکەن و لیوا یەکبخەن تا بیرکردنەوەی ئەو خەڵکەی کە چەکی هەڵگرتووە نەگۆڕێت ئەو یەکخستنە هیچ مانایەکی نامێنیت. هێزەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر هەموو ئاستەکاندا هێشتا بیرکردنەوەی حزبیان هەیە. ئەوە گرنگە کە چۆن بتوانرێت بیرکردنەوەیان بۆ بیرکردنەوەی نشتیمانی بگۆڕدرێت."

بە پێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، هەر یەک لە دوو فیرقەکە لە چوار لیوای سەربازی پێکدێت و نزیکەی 10 هەزار پێشمەرگەی هەیە.

جەبار یاوەر ڕایگەیاند، "ئەو فیرقەی هەولێر لەسەرۆک فیرقەوە تا کۆتایی هەمووی پارتی دەبێت و ئەوەی سنوری سلێمانیش هەمووی یەکێتی."

بەڵام عەبدولخالق باپیری، کە ئێستا بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لەسەر پشکی پارتییە، داکۆکی لە یەکخستنەکە کرد و ڕایگەیاند کە ئەم هەنگاوە بەگوێرەی بنەماکانی رێکخستنی لەشکری وڵاتان ئەنجامدراوە.

عەبدولخاڵق باپیری بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە وەکو وەزارەتی پێشمەرگە و هەروەها راوێژکار و شارەزایانی سەربازی هاوپەیمانان مەشق و راهێنانمان پێ کردوون و کەوتوونەتە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی پێشمەرگە."

ئەو ڕایگەیاند کە دوو هێزەکە پێشتر فیرقە نەبوون بەڵکو سەر بە فەرماندە و حزبەکان بوون، بەڵام لە ئێستادا راهێنانیان پێکراوە و سەرکردەیان بۆ دانراوە و پڕچەک کراون و لە قۆناغی داهاتوودا کار لەسەر رێکخستنی لیواکانی تریش دەکرێت.

گووتیشی" بەپێی پێویستی سەربازی خزمەت دەکەن، واتا لەکوێ پێویستی کرد دەچنە ئەو شوێنە. پێش ئێستاش لە هێلی پێشەوەی بەرگری بوون لەنێوان ئێمە و داعشدا .ئەمە دەستپێکە و تەجروبەی یەکەمە لە دروستکردنی فیرقە. بیست لیوامان هەیە کە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، ئێستا لە هەوڵداین سەرکردە و فیرقەیان بۆ دادەنێین و بەپێی سیستەمێکی نوێی لەشکری وەکو سیستەمی لەشکری جیهانی دەبێت و هەمووشیان گرێدراوی وەزارەتی پێشمەرگە دەبن."

هەریەک لە عەبدولخالق باپیری و جەبار یاوەر لەسەر ئەوە هاوڕابوون کە دەستبەکاربوونی دوو فیرقەکە کارئاسانی دەکات بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕووی کارگێڕی و فەرماندەییەوە.

جەبار یاوەر ڕایگەیاند، "بۆ نموونە، ئەو چوار لیوایەی سنوری سلێمانی کە فیرقەیەکیان دروستکردووە...لەبری ئەوەی ئەو لیوایانە بۆ کیتاب و مووچە و تەقەمەنی و خواردن هاتوچۆی وەزارەت بکەن، دەچنە ئەو فیرقانەی کەبۆیان دروستکراوە. واتا دەبێتە زنجیرەیەکی وەسڵ لەڕووی کارگێڕی و ئۆپەراسیۆن و حساباتەوە لە نێوان لیواکان و سەرۆکایەتی ئەرکانەوە."

جەبار یاوەر وتیشی، "لەڕووی کارگێڕی و ئۆپەراسیۆن و ژمێریارییەوە ئاسانکاری بۆ ئیشەکان کراوە. یەعنی هیچ شتێکی نوێ نییە."