بۆچی ئیسرائیل لەم دواییانەدا هێرشەکانی لە سوریا زیاد کردووە؟

ئیسرائیل لەم دواییانەدا ئاستی هێرشە ئاسمانییەکانی لە سوریا بەرزکردۆتەوە، کە تیایدا بنکەکانی حکومەتی سوریا و هێزەکانی ئێران دەکاتە ئامانج. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر چوار ئامانجی جیاواز.

دوایین هێرش ڕۆژی دووشەممە بوو کە ناوچەیەکی نزیک دیمەشقی پایتەختی سوریای کردە ئامانج، ئەمەش بەپێی میدیای دەوڵەتی سوریا و چاودێرێکی ئۆپۆزسیۆنی سوریا.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق، مۆڵگەکانی ڕژێمی سوریا و ئەوانەی پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە لە نزیک کۆگای شارەکە و شوێنێکی دیکە لە باشووری دیمەشق کردە ئامانج. ئاژانسی هەواڵی سوریا ڕایگەیاندووە کە لەو هێرشانەدا دوو کەس کوژراون.

هێرشەکانی ڕۆژی دووشەممە دوای ڕۆژێک لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە هات. ئیسرائیل باسی لەوەشکرد، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لە دیوی سوریاوە، سنووری ئیسرائیلی بەزاندووە.

ڕۆژێک پێش ئەو ڕووداوە، هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بنکەیەکی ئاسمانی لە پارێزگای حومسی سوریا کردە ئامانج. لەو هێرشەدا پێنج سەربازی سوریا کوژران. دوو ڕۆژ پێش ئەو هێرشە، دوو ئەندامی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە هێرشێکی دیکەی ئیسرائیل لە نزیک دیمەشق کوژران.

ئێران لایەنگرێکی سەرەکی ڕژێمی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریایە و لە سەرەتای شەڕی سوریاوە لە ساڵی 2011ەوە ئامادەیی سەربازییەکی زۆری لەو وڵاتەدا بنیات ناوە.

ئیسرائیل بوونی سەربازی ئێران لە سوریا بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت و چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر ئامانجە ئێرانییەکان لە سوریا. بەڵام ئیسرائیل بە دەگمەن باسی ئەو ئۆپەراسیۆنانە دەکات.

شارەزایان دەڵێن، زیادبوونی ئاستی ئەم هێرشانە لەم دوییەدا دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی چالاکییە سەربازییەکانی ئێران لە سووریا.

جۆنەتان سپایەر، توێژەر لە نێوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە شاری فیڵادیڵفیا لە ئەمەریکا دەڵێت، "هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی ئاستی ئەم هێرشانە ئەوەیە کە بیرکردنەوەیەک هەیە کە ئێران و (گروپەکانی سەر بە ئێران) ئێستا ئاستێکی بەرزیان هەیە و متمانەیان هەیە و ئێستا پێویستە ئیتر ڕێگرییان لێبکرێت."

سپایەر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەم بیرۆکەیە لەو ڕووداوەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە مانگی سێدا ڕوویدا، کاتێک چەکدارێکی سەر بە ئێران بە مینێکی زۆرەوە لە دیوی لوبنانەوە پەڕینەوە بۆ ناو ئیسرائیل، پێش ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیلەوە بکوژرێت.

شرۆڤەکار سپایەر دەڵێت، هۆکارێکی دیکەی ئەم بۆچوونە، هێرشێکی ئەم دواییەی هێزەکانی ئێرانە بۆ سەر بنکەیەکی ئەمەریکایی لە سوریا، کە تێیدا بەڵێندەرێکی ئەمەریکایی کوژرا.

دەشڵێت "سروشتی نائاسایی ئەم هێرشانە متمانەی زۆر لە لایەن ئێران و هاوبەشەکانیەوە نیشان دەدات. کەواتە ئیسرائیل دەیەوێت تۆڵە بکاتەوە و هاوسەنگی ڕاستەقینەی هێز بەبیر ئێران بخاتەوە"

ئەحمەد ڕەحال، ژەنەراڵێکی پێشووی سوپای سوریا کە ئێستا وەک شرۆڤەکاری سەربازی لە ئەستەنبوڵ دەژی، باس لەوە دەکات کە دوو هۆکاری دیکە هەن کە ئیسرائیل یەکلاکەرەوە بووە لە کردنە ئامانجی هێزەکانی ئێران لەناو سوریا.

ڕەحال بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "هۆکاری یەکەم ئەوەیە کە ئیسرائیل ئێستا گەیشتووەتە قۆناغێک دەیەوێت ئەو شتانە بپارێزێت کە دەتوانرێت پارێزگاری لێ بکرێت، دوای ئەوەی سوریا بووەتە بنکەیەکی سەربازی پێشکەوتوو بۆ ئێران".

ئەو ئەفسەرەی پێشووی سوپای سوریا دەڵێت، هۆکارەکەی تر ئەوەیە کە ئێران ئەو هاوکارییە مرۆییانەی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی 6ی شوبات بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت.

ڕەحاڵ گوتیشی "بە بیانووی یارمەتییە مرۆییەکان، تاران بە چەندین شێوە چەک بۆ سوریا دەنێرێت، یان بە فڕۆکەی مەدەنی یان بە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان. ئەم کردەوانە دەبێنە هۆی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل لەڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە".

تا ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی سەربەخۆ بۆ ناردنی ئەو چەکانە نییە، بەڵام لە مانگی دوودا تەلەفزیۆنی ئێران بڵاویکردەوە، وڵاتەکەی بیر لە ناردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ سوریا دەکاتەوە بۆ ئەوەی یارمەتی سوریا بدات بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل.

شرۆڤەکار سپایەر ئاماژەی بەوە کرد، زیادبوونی متمانەی ئێران بۆ چالاکی زیاتر لە بواری سەربازی لە سوریا لەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێت کە "ئێستا ئیسرائیل ڕووبەڕووی ئاژاوەی ناوخۆ و نەبوونی یەکگرتوویی بووەتەوە". جگە لەوەش ڕایگەیاند کە "هەستێک هەیە [لەلای ئێران] کە ئەمەریکا لە شوێنێکی دیکە سەرقاڵە و نایەوێت ڕووبەڕووبوونەوەیەک هەبێت [لە سوریا]".