وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە دیدارێکی دەگمەن لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی لە پەکین کۆبوویەوە

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە دیدارێکدا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی فەرەنسی لە ئێران بە سەرەڕۆیانە ناودێرکرد و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی کردن.

کاترین کۆڵۆنا کە لەگەڵ شاندی باڵای فەرەنسا بە سەرۆکایەتی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا سەفەری چینی کردووە و ئێوارەی پێنجشەممە 6ی ئەم مانگە لە پەکین لەگەڵ حوسێن ئەمیرابدوڵڵاهیان کۆبووەتەوە.

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان گەشتێکی بۆ پەکین کردبوو بۆ ئەوەی چاوی بە هاوتا سعودییەکەی بکەوێت بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بە نێوەندگیری چین.

ڕۆژی هەینی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە کۆڵۆنا جەختی لە ئازادکردنی دەستبەجێی شەش هاووڵاتیی فەرەنسی کردووەتەوە کە بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ئێران دەستبەسەر کراون.

وڵاتانی ڕۆژئاوا دەڵێن ئێران بۆ وەرگرتنی خاڵی سیاسی، بارمتەگرتنی هاووڵاتیانی بیانی بەکاردەهێنێت.

لە ئێستادا جگە لە فەرەنسا، هاووڵاتیانی هەندێک وڵاتی دیکەی ئەوروپا لە ئێران دەستبەسەرن.

وەزیری دەرەوەی ئێران دیدارەکەی لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەی پشتڕاست کردەوە و بە بێ ئاماژەدان بە وردەکارییەکانی گوتی "له میانەی دیدارەکەدا چه ند پرسێک تاوتوێ کراون."

گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ڕۆژئاوا بەتایبەتی دوای سەرکوتکردنی خوێناویی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە زیاتر بووە.

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا هەڕوەها له به یاننامەکەیدا باسی ئەوەی کردوە کە کۆڵۆنا لەو دیدارەدا هەروەها بارودۆخی ناوخۆی ئێران، ناوچەکە و بەرنامەی ناوکی کۆماری ئیسلامیی تاوتوێ کردوە و جه ختی له نیگەرانییەکانی فەرەنسا کردوەتەوە سەبارەت بە چۆنییەتی مامەڵەکردنی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەو پرسانەدا.

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا