ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکان و گواستنەوەی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت کە عێراق لە هەوڵی ئەوەدایە ئاسمانی ئێران و سوریا وەک جێگرەوەی ئاسمانی تورکیا بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بدۆزێتەوە، ئەمە لەئەگەری بێ ئەنجام بوونی هەوڵەکانی عێراق لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە کردنەوەی ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.
کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکان و گواستنەوە لە پەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لایەنی عێراقی دەڵێن هه‌موو ڕێگه‌یەکی یاسایی و دیبلۆماتی له‌گه‌ڵ توركیا ده‌گرینه‌به‌ر، ئه‌گه‌ر ئه‌نجامی نه‌بوو به‌ناچاری ده‌بێت به‌دوای جێگره‌وه‌دا بگه‌ڕێن. ڕه‌نگه بژارده‌ی یه‌كه‌م به‌كارهێنانی ئاسمانی ئێران یاخود ئاسمانی سوریا بێت."
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ هەینی، 7-4-2023، ئاسایشی فڕۆکەخانەی سلێمانی رایگەیاند ئەم ئێوارەیە لە "سیاجی فڕۆکەخانە" تەقینەوەیەک روویدا و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە، بەڵام ئاگرکەوتەوە و تیمەکان هەرزوو ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکرد. ئاسایشی سلێمانی لە روونکردنەوەکەیدا ڕایگەیاند کە هێزەکانیان سەرقاڵی بەدواداچوونن لەبارەی لەبارەی تەقینەوەکە و لە داهاتوودا زانیاریی زیاتر بڵاودەكەنەوە.
سەرچاوەیەک بە دەنگی ئەمەریکای گوت "گومان دەکرێت تەقینەوەکە بەهۆی بۆمبێکی درۆنەوە بووبێت."
دۆخێکی "ترسناك"
دوای تەقینەوەکە، حکومەتی هەرێمی کورستان لە ڕاگەیێندراوێکدا وتی، "نیگەرانیی خۆمان بەرامبەر بە پەلاماردانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەردەبڕین. ئەم دۆخە ترسناکە لە ئەنجامی داگیرکردنی دامودەزگاکانی حکومەت و بەکارهێنانیان بو کاری نایاسایی هاتووەتە ئاراوە."
لە پەیامەکەدا هاتووە، "رەفتاری دەسەڵاتێکی خۆسەپێنی حیزبی لە سنووری سلێمانی کاری گەیاندە ئەوەی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕوکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دابخرێت و دواتر پەلامار بدرێت، لە ئەنجامیشدا هاووڵاتییانمان لەو دەڤەرە باجی هەڵەکانیان بدەن."
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە بەیاننامەیەکدا "بە توندی" ئیدانەی هێرشکرکەی کرد و ڕایگەیاند، "بە ئامانج گرتنی فرۆکەخانەیەکی مەدەنی نەک تەنها بەزاندنی سیادەی عیراقە، بەڵکو تەسعیدێکی مەترسیدارە بۆ سەر گیانی هاوڵاتیانی کوردستان".
لەبارەی ڕاگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی وتی، "لەهەمان کاتدا بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی روون دەکەینەوە کە؛ جوتیار عادل گووتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە و تەنها نوێنەرایەتی حزبێک دەکات لە ناو حکومەتدا و بە هیچ شێوەیەک بۆی نیە بە ناوی هەموو حکومەتەوە قسە بکات و دوا بەیاننامەشی شەرمەزار دەکەین.
ڕۆژی دووشەممە حکومەتی تورکیا بڕیاریدا بەڕاگرتنی هەموو گەشتەکانی هێڵی تورکش ئێیەرلاین بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی. هەرچەندە سەرەتا وترا کێشەکە تەکنیکیە، بەڵام ڕۆژی دواتر حکومەتی تورکیا لە ڕاگەیەنراوێکدا بەفەرمی ڕایگەیاند بەهۆی لایەنی ئەمنی و زۆری جموجۆڵەکانی پەکەکە یە لە سلێمانی.'
هەروەها دوێنێ پێنج شەممە تورکیا بەتەواوی بڕیاری داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەیدا بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دا. گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند چاوەڕوان دەکرێت ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان هەتا مانگی حەوت بەردەوامبێت.
ئەندامەکەی لیژنەی پەیوەندییەکان و گواستنەوەی پەرلەمانی عێراق هۆشداری دا لە زیانەکانی ئەم داخستنە بە تایبەت لە ڕووی ئابوورییەوە.
کاروان یاروەیس وتی، "ئه‌م ده‌روازه ئاسمانییه كه به‌ڕووی سلێمانی داده‌خرێت له‌ڕاستیدا كاریگه‌ری خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر گۆشه‌گیركردنی شاری سلێمانی، چونكه فڕۆكه‌خانه ته‌نها بۆ سه‌فه‌ر كردن نییە به‌ڵكو ڕۆژانه ئاڵوگۆڕی كه‌لوپه‌له له‌ڕێی كارگۆوه له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانیه‌وه دێته سلێمانی. له‌ڕاستیدا كاریگه‌ری له‌سه‌ر بازاڕی سلێمانی و ئابوری سلێمانی ده‌بێت."
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە لایەنی عێراقی بڕیارەکەی تورکیایان بەلاوە سەیر بووە و ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی عێراقی نیگه‌ران بوون چونکە پێشتر ئاگادار نەکراونەتەوە.
دەڵێت، "پێشتر لایەنی دەستەی فڕۆکەوانی شارستانی عێراقی ئیمه‌یڵێكیان بۆ هاتووه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی توركیاوه كه ده‌ڵێت 'ئه‌م بڕیاره‌ی ئێمه به‌پێی بڕیارێكی سه‌رووی خۆمانه كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیاوه ئاراسته‌مان كراوه.' له‌ئیمه‌یڵه‌كه وانوسراوه کە پێده‌چێت هۆكاره‌كه‌ی ئه‌منی بێت."
هەروەها وتیشی، "ده‌بووایه پێشتر به‌فه‌رمی ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی عێراق ئاگادار بكه‌نه‌وه چونكه ئه‌مه زیاتر په‌یوه‌ندی به عێراقه‌وه هه‌یه و سه‌روه‌ری ئاسمانی عێراق له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه ده‌پارێزرێت و به‌ڕێوه ده‌بردێت... چونكه پێشتر هیچ گله‌یی و گازنده‌یه‌كی فه‌رمی و نافه‌رمی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی توركیاوه له‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی نه‌بووه."
ئەو دەڵێت هیچ سه‌رپێچیەکی ئه‌منی یان ته‌كنیكی یان پێشێلکردنێکی ئه‌و بنه‌مایانه نەبووە كه ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی جیهانی جێبه‌جێی ده‌كات له فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی.
زیانە ئابوری و سیاسییەکان
فڕۆکەخانەکان خاڵی سنورین و یەکێکن لە سەرچاوەی داهاتی هەر وڵاتێک. بەڵام هەوڵەکانی دەنگی ئەمەریکا بۆ وەرگرتنی لێدوانی بەرپرسانی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەسەر زیانە ئابورییەکان بەهۆکاری ئەو بڕیارە بێ ئاکام بوون.
ئەندامەکەی لیژنەی پەیوەندییەکان و گواستنەوەی پەرلەمانی عێراق دڵنیایە کە بڕیارەکە "زیانی زۆر ده‌بێت."
کاروان یاروەیس ڕایگەیاند، "یه‌كه‌م له‌ڕووی مه‌عنه‌وییه‌وه زیانی زۆر بۆ سلێمانی ده‌بێت، چونكه ئێستا سلێمانی له زۆر بواره‌وه پاشه‌كشێی كردووه به‌هۆی ئه‌و كێشانه‌ی كه له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و ئه‌و كێشه داراییانه‌ی كه له‌سه‌ر داهات هه‌یه."
یاروەیس ڕایگەیاند کە ئەگەرچی به‌شی سه‌ره‌كی كه‌لوپه‌ل و خواردنی ئه‌م ناوچه‌یه له‌ڕێی مه‌رزی وشكانیی وه‌كو باشماخ و په‌روێزخانه‌وه‌یه دابین ده‌كرێت، به‌ڵام هه‌ندێک كه‌لوپه‌لی سه‌ره‌كی ترهه‌ن له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانییه‌وه له ئه‌وروپا و چینه‌وه دێت.