پاش تەقینەوەکەی ڕۆژی هەینی ٧ی نیسان لە فڕۆکەخانەی سلێمانی، ئیدارەی ئاسایشی سلێمانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە دەکەن، و وەک هەمیشە کارەکانی فڕۆکەخانە بەڕێوەدەبەن.
لە میدیا عێراقییەکان بڵاوکرایەوە کە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە نزیک هەلیکۆپتەری مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەنجامدراوە.
دواتر ڕاگەیەندرا کە مەزڵوم عەبدی گەڕاوەتەوە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هیچ زیانێک بە خۆی و تیمەکەی نەگەیشتووە.
لای خۆیەوە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) سەبارەت بە بەئامانجکردنی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتی وتیان ئەو زانیاریانە "راست نین".
هەسەدە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا وتی "هەموو ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن کە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانمان لە شاری سلێمانی کراوەتە ئامانج، ڕاست نین".
هەروەها هەسەدە جەختی لەوە کردەوە کە فەرماندەی گشتی لەسەر کارەکەیەتی.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بۆردومانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە لایەن تورکیاوە ئیدانەی کرد.
عەبدی لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، هەڵوێستە "ناسیۆنالیستی و مرۆییەکان"ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تورکیا ناڕەحەت دەکات.
عەبدی هەروەها ڕایگەیاند، پێشێلکارییەکان لە عێراق و سوریا بەردەوامن و ڕووداوی مەترسیدارن بەرامبەر بە هەموو ناوچەکە.
چاودێران پێیان وایە نیازی تورکیا بۆ بەئامانجگرتنی فەرماندەی هەسەدە بەردەوامە، بە گوتەی دلبیرین خێلۆ، ئەمە تەنها پەیوەندی بە ئامانجێکی سەربازی تورکیاوە نییە.
بەڕێز خێڵۆ جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرۆک کۆماری تورکیا بەر لە هەڵبژاردن هێرشێک دژی هەسەدە ئەنجام دەدات و ئەم هێرشە بەکاردەهێنێت لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا.
لە لایەکی دیکەوە جۆ بوچینۆ وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (CENTCOM)، بە لێدوانێکی نووسراو وەڵامی ڕۆژنامەی ووڵ ستریت جۆرناڵ(The Wall Street Journal)ی دایەوە.
جۆ بوچینۆ، وتەبێژی سێنتکۆم دووپاتیکردەوە کە لە کاتی هێرشەکەدا لە فڕۆکەخانەی سلێمانی کارمەندی سەربازی ئەمریکی هەبوون، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، هەروەها ڕایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە دەکەن.
ئەم ڕووداوە لەکاتێکدا ڕوویدا کە تورکیا لە 3ی نیسانەوە تا مانگی تشرینی دووەم هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕاگرت.
Your browser doesn’t support HTML5