سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئیتالیا و ڤاتیکان

کۆبونەوەی پاپا فرانسس لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لە ڤاتیکان، 13 ی چواری 2023

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە گەشتەکەیدا بۆ ئیتالیا و ڤاتیکان بێجگە لە کۆبونەوەکانی لەگەڵ کاربەدەستانی حکومەت چاوی بە پاپا فرانسیش کەوت.

لە کۆبونەوەکەیدا لەگەڵ پاپا فرانسس سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی کردە سەر پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی ئاینەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا لەسەر دیدارەکەی نێوان سەرۆکی هەرێم و پاپا دەڵێت لە کۆبونەوەکەدا سەرۆکی هەرێم " پوخته‌يه‌كى ده‌رباره‌ى دۆخى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و ڕه‌وشى پێكهاته‌ ئايينى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كان پێشكه‌ش كرد."

هەروەها ڕایشیگەیاندووە بارزانی " ئاماژەی به‌ گرنگى و كاريگه‌ريى سه‌ردانى قه‌داسه‌تى پاپا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ک هه‌ميشه‌ پارێزه‌رى ماف و ئازاديى پێكهاته‌ ئايينى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كانه‌ و بۆ هه‌مووان به‌ نيشتمانى پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى ده‌مێنيته‌وه‌."

لە مانگی سێی ساڵی 2021 دا پاپا فرانسس سەردانێکی مێژووی سێ ڕۆژی بۆ عێڕاق و هەرێمی کوردستان ئەنجام دا لە کاتێکدا کەمایەتییە ئاینییەکان لە دۆخێکی خراپدا بوون بەهۆی هێرشی داعش و ململانێی ئاینزایی لە وڵاتەکەدا.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت پاپا لە دیدارەکەی ڕۆژی پێنجشەممەیدا لەگەڵ سەۆرکی هەرێم ئەو سەردانەی بە "یادێکی خۆش" ناوزەد کردووە.

سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ڤاتیکان و گەورە کاربەدەستانی ئیتالیاشدا کۆبووەتەوە.

سەردانەکەی بارزانی لەسەر بانگهێشتی فەرمی سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا جۆرجیا میلۆنییە کە ساڵی ڕابردوو سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەل بەرپرساندا کۆبووەوە.