هەناردەی نەوتی باکوری عێراق بەهۆی دانوستانەکانی تورکیاوە ڕاگیراوە

هەناردەکردنی نەوت لە باکووری عێراقەوە بۆ بەندەری جیهانی تورکیا تا ئێستا ڕاگیراوە، دوابەدوای نزیکەی سێ هەفتە بەهۆی بڕیاردانی دۆسیەیەکی ناوبژیوانی دادگاوە، کە دەبێت ئانکەرە قەرەبووی بەغدا بکاتەوە لەبەرئەوەی بەبێ مۆڵەتی عێراق نەوتی خاوی هەرێمی کوردستانی هەناردەکردووە.

لە بڕیاری ناوبژیوانی 23ی مانگی 3 ی ئەمساڵدا لەلایەن ژووری بازرگانی نێودەوڵەتییەوە، بڕیاریدا تورکیا بە بڕی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار قەرەبووی بەغدا بکاتەوە بەهۆی هەناردەکردنی بێ مۆڵەتی نەوتی خامی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018.

لەبەرامبەردا تورکیا ڕۆیشتنی 450 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا ڕاگرت. بەپێی سەرچاوەکان، تورکیا دەیەوێت دانوستان لەسەر پارەدانەکە بکات و دۆسیەی ناوبژیوانی دووەم سەبارەت بە هەناردەکردنی بێ مۆڵەت لە ساڵی 2018 ەوە چارەسەر بکات پێش ئەوەی دەستپێبکاتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە هەناردەکردنەکان ڕۆژی هەینی بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت تا ئێستا هیچ ڕێنماییەکیان وەرنەگرتووە بۆ دەستپێکردنەوەی ڕۆیشتنی نەوت لە بۆرییەکانەوە.

دوو سەرچاوەی دیکە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، تا ئێستا بەغدا داوای لە تورکیا نەکردووە کە بۆرییەکە بکاتەوە.

لاوک غەفوری، بەرپرسی کاروباری میدیای دەرەکی لە حکومەتی هەرێم دەڵێت "هەرشتێک سەبارەت بە نەوت ئێستا بەدەستی بەغدا و تورکیایە، دەبێت هەردوولا بگەنە ڕێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی ڕۆشتنی نەوت".

سەرچاوەیەکی جیا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە؛ تورکیا داوای دانوستانی ڕاستەوخۆی پەیوەندیدار بەو یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە دەکات کە دەبێت قەرەبووی عێراق بکاتەوە.

دوو بەرپرسی کەرتی نەوتی عێراقی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە؛ کۆمپانیای سۆمۆی بازرگانی نەوتی دەوڵەتی عێراق چاوەڕێی یەکلاییکردنەوەی هەندێک پرسی تەکنیکییە کە پێویستن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

حکومەتی فیدراڵی عێراق لە بەغدا و حکومەتی هەرێم لە 4ی مانگی 4 دا ڕێککەوتنێکی کاتیان واژۆکرد بەو هیوایەی کە هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە.

داهاتی لەدەستچوو لە وەستانی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 550 ملیۆن دۆلارە، بەپێی حیساباتی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە هەناردەکردنی 375 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، داشکاندنی مێژوویی حکومەتی هەرێم بەرامبەر بە نەوتی خامی برێنت و 20 ڕۆژ لە وەستاندنی هەناردەکردنی نەوت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز