لە کەرکوک کورد پەرتەوازەیە و عەرەب و تورکمان خەریکن بە یەک لیست بچنە هەڵبژاردنەکان

لەکاتێکدا عەرەب و تورکمان هەوڵەکانیان بۆ یەک لیستی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەستپێکردووە، بەڵام هێشتا هیچ نزیک بوونەوەیەک لە نێوان لایەنە کوردییەکاندا بۆ یەک لیستی لە ئارادا نییە. ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیش هۆشداری دەدات لەوەی "ئەنجامەکەی بۆ کورد باش نابێت."

لەکاتێکدا بەرپرسانی کورد لەکەرکوک نایشارنەوە گەر بە پەرتەوازەیی بچنە نێو هەڵبژاردنەوە، ڕەنگە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بۆ کورد خراپ بێت.

بڕیارە لە مانگی یازدەی ئەمساڵ دا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام بدرێت، چاوەڕوان دەکرێت کەرکوک هەڵبژاردنێکی پڕ لە کێشمەکێش بەخۆوە ببینێت، بەو پێیەی هەر لە ئێستاوە پێکهاتەکان خۆیانی بۆ ئامادە دەکەن و ئەنجامی هەڵبژاردنەکەش چارەنوسی پۆستی پارێزگاری شارەکە یەکلایی دەکاتەوە، کە زۆربەی لایەنەکان چاویان لەسەر ئەم پۆستەیە.

ئەحمەد عەسکەری ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای وت"تا ئێستا نزیکبوونەوە بۆ یەک لیستی لەنێوان لایەنە کوردییەکان نییە، گەر وەکو کورد بە پەرتەوازەیی بچینە نێو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکەوە، دەنگەکانمان دابەش دەبن و ئەنجامەکە بۆ کورد باش نابێت."

ئەو وتیشی"عەرەب و تورکمان لەهەوڵدان بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکەن، هەرچەندە ئەمە تەنها هەوڵە، گەر ئەوان یەک لیست بن و ئێمەش پەرتەوازە، بۆ کورد خراپە."

بەهۆی ناکۆکی نێوان پێکهاتەکان، لە ساڵی 2005 ەوە هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجامدراوە، لەکاتێکدا هەر چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی تری عێراق ئەنجامدراوە، بۆیە گەر لە مانگی 11 ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجام بدرێت، دەبێتە یەکەم هەڵبژاردن کە لەدوای 18 ساڵ بەڕێوەبچێت.

ئەنجومەنی پێشووی پارێزگای کەرکوک کە لە ساڵی 2019 و بەهۆی خۆپیشاندانی تشرینییەکانی عێراقەوە و لە چوارچێوەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی تردا لەلایەن پەرلەمانەوە سڕکرا، کورد زۆرینە بوو تێیدا، لە کۆی 41 کورسی، کورد خاوەنی 26 کورسی، تورکمان 9 کورسی و عەرەبیش کە بایکۆتی هەڵبژاردنی ساڵی 2005 یان کردبوو تەنها 6 کورسییان هەبوو.

مەسعود مەلا پەروێز بەرپرسی پەیوەندییەکانی لقی کەرکوکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای وت"پەرتەوازەیی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ کورد و داهاتووی کەرکوک خراپە، وەکو پارتی پێمانباشە کورد لەکەرکوک یەک لیستی هەبێت و ناکۆکییەکان وەلانێین، هەندێک هەنگاویش هەیە بۆ یەک لیستی کورد."

ئەنجومەنی داهاتووی پارێزگای کەرکوک کە ژمارەی کورسییەکانی لە 41 کورسییەوە بۆ 15 کورسی کەمکراوەتەوە، ڕۆڵی سەرەکی دەبێت لە دانانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و پۆستە هەستیارەکانی پارێزگاکە، کە کورد ماوەی نزیکەی 6 ساڵە زۆرێک لەو پۆستانەی لەدەستداوە و چاوی لەسەر هەڵبژاردنە بەدەستیان بهێنێتەوە.

عەرەبەکانی کەرکوک کە بە سود وەرگرتن لە ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 و نەمانی دەسەڵاتی کوردی لە شارەکە، لەوکاتەوە تا ئێستا پۆستی پارێزگاری کەرکوکییان لایە، لە ئێستاوە کەوتوونەتە جم و جۆڵ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەو ئومێدەی جارێکی تر دەسەڵات لەدەست نەدەنەوە.

مەحمود زەیدان کەسایەتی سیاسی عەرەبی سونە لەکەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای وت"لایەنە سیاسییە عەرەبییەکانی کەرکوک کۆبوونەوە تا بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بکەن، بەڵام هێشتا بڕیاری لێنەدراوە."

زۆربەی حزب و لایەنە تورکمانییەکانی کەرکوک لە ژێر چەتری بەرەی تورکمانی دا کۆبوونەتەوە و لەزۆربەی هەڵبژاردنەکاندا پێکەوە بەشداری دەکەن، بەڵام لەڕابردوودا بەشێک لە کەسایەتییە تورکمانییە شیعەکان لەسەر لیستی هێزە شیعەکان خۆیان کاندید کردووە.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دا، لەکۆی 12 کورسی پەرلەمانی لە پارێزگای کەرکوک، تورکمان 2 کورسی بردەوە، یەکێک لە کورسییەکان لەلایەن ئەرشەد سالحی کاندیدی بەرەی تورکمانییەوە برا، بەڵام کورسییەکەی تر لەلایەن غەریب عەسکەر کاندیدی کوتلەی بەدری شیعییەوە بەدەستهێنرا.

ئیمان عەدنان کە چالاکوانێکی تورکمانە، بە دەنگی ئەمەریکای وت"هێز و لایەنە تورکمانییەکان ئامادەکارییان کردووە، ئێمە پێمانوایە چوار کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەدەست دەهێنین."

ڕۆژی 4 ی ئەم مانگە، وەفدێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق سەردانی شاری کەرکوکی کردووە، لەگەڵ کەمایەتییە ئاینی و نەتەوەییەکان لەبارەی هەڵبژاردنەوە گفتووگۆیان کردووە. بەپێی وتەی بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکە، نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان نائومێدبووە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کەرکوک.

رەجەب کاکەیی چالاکوانی کاکەیی و بەشداربووی کۆبوونەوەی نێوان وەفدی نەتەوە یەکگرتووەکان و کەمایەتییەکان، بە دەنگی ئەمەریکای وت کلاودیۆ جێگری جنین پلاسخارتی نێردەی سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووەکان نائومێدبوو له بارودۆخی ‌کەرکوک ، چونکە پێکهاتەکان هەر یەکە و داوای میکانیزمێکی جیاواز دەکات بۆ هەڵبژاردن.