هێزە نیمچە سەربازییەکانی سودان دەڵێن دەستیان بەسەر کۆشکی سەرۆکایەتیدا گرتووە

گروپی سەرەکی هێزەکانی نیمچە سەربازی سودان RSFڕایگەیاند کە ڕۆژی شەممە دەستیان بەسەر کۆشکی سەرۆکایەتی و شوێنی نیشتەجێبوونی بەرپرسی باڵای سوپای وڵاتەکە و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی خەرتومدا گرتووە لە هەوڵێکی کودەتا، بەڵام سوپای سودان ڕایگەیاند کە بەرپەرچی دەدەنەوە.

هێزەکانی پشتیوانی خێرا RSF کە سوپای ئەو وڵاتەی تۆمەتبار کردووە بەوەی سەرەتا هێرشیان کردووەتە سەریان، هەروەها ڕایگەیاندووە، دەستیان بەسەر فڕۆکەخانەکانی شاری مێرۆوی باکووری وڵات و ئەلعوبێد لە ڕۆژئاوادا گرتووە.

هێشتا دۆخی سەر زەوی لەو وڵاتەدا ڕوون نییە، و سوپای ڕایگەیاندووە، لەو شوێنانەی کە هێزە نیمچە سەربازییەکان دەڵێن دەستیان بەسەردا گرتووە، شەڕ دەکەن و ڕەتیشیکردووەتەوە کە دەستیان بەسەر فڕۆکەخانەی مێرۆوی گرتبێت.

ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گەورە لە نێوان RSF و سوپادا دەتوانێت سودان بخاتە ناو ململانێی مەدەنی بەرفراوانەوە لەکاتێکدا لەگەڵ تێکچوونی ئابووری و توندوتیژی خێڵەکیدا دەجەنگێت.

RSF سوپای بەوە تۆمەتبار کرد کە پیلانی لایەنگرانی عومەر حەسەن بەشیر، سەرۆک کۆماری لەکارلادراویان ئەنجامداوە و خۆیان هەوڵی کودەتایان داوە.

لە چەند ناوچەیەکی خەرتوم دەنگی تەقە دەبیسترا و شایەتحاڵەکان باسیان لە تەقەکردن لە شارەکانی نزیکەوە کردووە.

ڕۆژنامەنووسێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، تۆپ و زرێپۆشەکانی لە شەقامەکانی پایتەختی بینیوە و گوێی لە تەقەی چەکی قورس بووە لە نزیک بارەگای هەردوو سوپا و RSFوە.

پزیشکان دەڵێن پێکدادان لە گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون ڕوویداوە و لانیکەم سێ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون.

بێژەرێک کە بۆ ماوەیەکی کورت لەسەر شاشە دەرکەوتووە ڕایگەیاندووە، پێکدادان لە بارەگای تەلەفزیۆنی دەوڵەتی سودانیش ڕوودەدات.

شایەتحاڵان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، لە شاری مێرۆوە ئاڵوگۆڕی تەقەی قورس ڕوویداوە.

شایەتحاڵان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان وتووە، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی RSF و سوپا لە شارەکانی دارفور لە ئەلفاشر و نیالا سەریهەڵداوە.

سوپای سودان ڕایگەیاندووە، هێزەکانی RSF لە چەند پێگەیەکدا هەوڵی هێرشکردنە سەر سەربازەکانی داوە، دوای ئەوەی شایەتحاڵەکان باسیان لە تەقەی قورس لە چەندین ناوچەی وڵات کردووە، ئەمەش ترسی لە ململانێیەکی تەواو دروستکردووە.

هێزەکانی RSF کە شرۆڤەکاران دەڵێن 100 هەزار چەکداری هەیە، ڕایگەیاندووە، هێزەکانیان سەرەتا لەلایەن سوپاوە هێرشیان کراوەتە سەر.

پێشتر هێزەکانی RSF بە سەرۆکایەتی ژەنەڕاڵ محەمەد حەمدان دەقڵۆ، کە زیاتر بە حميدتي ناسراوە ، سەرکردەی پێشووی میلیشیاکان سەرپەرشتی دەکات، ڕایگەیاندبوو، سوپا یەکێک لە بنکەکانیان گەمارۆداوە و بە چەکی قورس تەقەیان کردووە.

هێزەکانیRSF ی حميدتي لە میلیشیاکانی تۆمەتبار بە تاوانی جەنگ لە ململانێی دارفور پێکهاتبوو. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2019 هێزە ئەمنییەکان بە سەرۆکایەتی RSF تۆمەتبار کران بە هەڵکوتانە سەر کەمپی لایەنگری دیموکراسی خەرتوم و نزیکەی 130 کەس گیانیان لەدەستدا، بەپێی ئامارێکی پزیشکی چالاکوانەکان.

هێمدتی لە ساڵی 2019ەوە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەروەری دەسەڵاتدارە بە سەرۆکایەتی ژەنەراڵی سوپا عەبدولفەتاح ئەلبورهان.

پارتە سیاسییە مەدەنییەکان کە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی دابەشکردنی دەسەڵاتیان لەگەڵ سوپا و RSF واژۆکردبوو، داوای وەستاندنی شەڕەکانیان لێکردون. باڵیۆزخانەی ڕووسیاش داوای کۆتایی هێنان بە توندوتیژییەکانی کردووە.

ئەو شەڕ و پێکدادانانە دوای چەند ڕۆژێک لە گرژییەکانی نێوان سوپا و هێزەکانی RSF هات، کە ڕەنگە هەوڵە درێژخایەنەکان بۆ گەڕانەوەی سودان بۆ دەسەڵاتی مەدەنی دوای ململانێی دەسەڵات و کودەتا سەربازییەکان تێکبدات.

حميدتي کە سەردەمانێک یەکێک بوو لە سەرکردە هەرە ترسناک و بێبەزەییەکانی میلیشیاکانی دارفور، خۆی لە پێشەنگی گواستنەوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو بەرەو دیموکراسی دانابوو، هاوکات فەرمانڕەوا سەربازییەکانی خۆی نائارام کردبوو و کۆکردنەوەی هێزەکانی لە خەرتومی پایتەخت دەستپێکردبوو.

ناکۆکی نێوان هێزەکان ڕۆژی پێنجشەممە هاتە ئاراوە، کاتێک سوپای سودان ڕایگەیاند کە جموجۆڵەکانی ئەم دواییە بە تایبەتی لە شاری مێرۆوە لەلایەن هێزەکانی RSF نایاسایین.

هێزەکانی RSF کە لە ساڵی 2019 لەگەڵ سوپا سەوۆکی ئەو ساکەی سودان بەشیریان لەکارخست، لە مانگی ڕابردوو دەستیکرد بە جێگیرکردنی یەکەکانی لە خەرتوم و شوێنەکانی دیکە دوای گفتوگۆکان سەبارەت بە تێکەڵکردنی بە هێزی سەربازیی سودانەوە بە پێی پلانی گواستنەوەی دەسەڵاتدا کە دەبێتە هۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نوێ.

زلهێزە نێودەوڵەتییەکان - ئەمەریکا، ڕووسیا، میسر، سعودیە، نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا - هەموویان داوای کۆتاییهێنان بە دوژمنایەتییەکان نێوان لایەنەکانی سودان دەکەن.

جۆن گۆدفرێی باڵیۆزی ئەمەریکا لە سودان ڕایگەیاند، پەرەسەندنی گرژییەکان بۆ شەڕی ڕاستەوخۆ "زۆر مەترسیدارە". ئەو و کارمەندانی باڵیۆزخانە لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز