ئێران هەڕەشە لەو کەسانە دەکات کە پەرە بە لابردنی سەرپۆش و حیجابی زۆرەملێ ئەدەن

جێگری داواکاری گشتی ئێران ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند ئەو کەسانەی هانی ژنان دەدەن بۆ لابردنی حیجاب و سەرپۆشەکەیان، لە دادگاکانی تاواندا دادگایی دەکرێن و مافی تانەدان و پێداچوونەوەشیان بۆ سزاکانیان نابێت.

لێدوانەکانی جێگری داواکاری گشتی ئێران لە کاتێکدایە کە ژمارەیەکی زۆرتر لە ژنان و کچانی ئێران دژی حیجابی زۆرەملێ و یاسای جل و بەرگی کۆماری ئیسلامی، لە مۆڵەکان، چێشتخانەکان، دوکانەکان، شەقامەکان و شوێنە گشتیەکانی دیکە بە بێ سەرپۆش دەردەکەون.

هەروەها چەندین ژنە ناودار و چالاکوان لە چەند مانگی ڕابردوودا وێنەی خۆیان لە سۆشیال میدیا بەبێ سەرپۆش بڵاوکردۆتەوە.

میدیاکانی ئێران نووسیویانە ئەمڕۆ شەممە پۆلیسی ئێران کامێرای لە شوێنە گشتییەکاندا داناوە بۆ ناسینەوە و سزادانی ژنانی بێ سەرپۆش. پلانێک کە پۆلیس هەفتەی ڕابردوو لە دژی ژنانی سەرپێچیکاری حیجابی زۆرەملێ ڕایگەیاند.

ئاژانسی هەواڵی مێهر لە زاری عەلی جەمادی جێگری دادستانی گشتییەوە ڕایگەیاندوە کە "تاوانی پەرەپێدان و هاندان بۆ بێ حیجابی و لابردنی سەرپۆش لە دادگای تاوانەکاندا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت کە بڕیارەکانی کۆتایین و تانەیان لێنادرێت".

جەمادی دەشڵێت "سزای تاوانی پەرەپێدان و هاندانی کەسانی دیکە بۆ لابردنی حیجاب و سەرپۆشەکانیان زۆر قورسترە لە خوودی تاوانی بێ حیجابی، چونکە یەکێکە لە نموونە ڕوونەکانی هاندان بۆ فساد و بدکاری."

هەر لەم پێوەندییەدا دوێنێ ئەحمەدرەزا ڕادان، فەرماندەی گشتیی پولیسی ئێران ڕایگەیاند ئەو کامێرایانەی کە بۆ چاودێریکردنی دژبەرانی حیجابی زۆرەملێ دانراون، هیچ هەڵەیەکیان تێدا نابێت و بە وردی هەموو شتێک دەستنیشان دەکەن.

دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لە ژێر دەستی پولیسی ئاکاردا، ژمارەیەکی زۆر لە کچان و ژنانی ئێرانی دژی حیجابی زۆرەملێ، سەرەڕای هەڕەشە بەردەوامەکانی دەسەڵات و دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕەتیدەکەنەوە لە شوێنە گشتیەکاندا سەرپۆش لەسەر بکەن.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز