مه‌حمود عوسمان: یه‌كێتی و پارتی له‌ ڕكابه‌ری یه‌كترییه‌وه‌ بوون به‌ دوژمن

د.مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری دیاری کورد

دكتۆر مه‌حمود عوسمان سیاسه‌تمه‌داری ناسراوی كورد، دۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان به‌ هۆی ناكۆكی نێوان یه‌كێتی و پارتی به‌ خراپ وه‌سفده‌كات و ده‌ڵێت، یه‌كێتی و پارتی له‌ دوو هێزی ڕكابه‌ری یه‌كترییه‌وه‌، بوون به‌ دوژمنی یه‌كتری.

دكتۆر مه‌حمود عوسمان، به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای ڕاگه‌یاند"دۆخی هه‌رێم خراپه‌، یه‌كێتی و پارتی كه‌ نیوه‌ به‌ نیوه‌ ئیداره‌ی هه‌رێم ده‌ده‌ن بوون به‌ دوژمنی یه‌كتری، هیچ ئاماژه‌یه‌كیش نییه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان، مادام ئه‌م دوو حزبه‌ پێكه‌وه‌ دانانیشن و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ناكه‌ن، دۆخه‌كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ڕاده‌ی دوژمنایه‌تی یه‌كتری."

خراپی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان یه‌كێتی و پارتی له‌كاتێكدایه‌، دوای ڕاگرتنی نه‌وته‌كه‌ی، هه‌رێم گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ به‌غدا، ڕێككه‌وتنیش له‌گه‌ڵ عێراق و زیاتر لاواز نه‌بوونی پێگه‌ی كورد، پێویستی به‌ یه‌كڕیزی هێزه‌ كوردییه‌كان هه‌یه‌.

دكتۆر مه‌حمود عوسمان ده‌ڵێت"به‌غدا هه‌وڵده‌دات شته‌كانی هه‌رێم هه‌مووی لای خۆی بێت، ده‌سه‌ڵاتی به‌هێزتر بێت و پاره‌ی نه‌وتی فرۆشراوی هه‌رێمی له‌ ژێر چاودێری دا بێت، بۆیه‌ ڕوونه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم كه‌مده‌بێته‌وه‌ و هه‌ژموونی عێراق زیاتر ده‌بێت."

دكتۆر مه‌حمود پێیوایه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌رێم بۆ به‌غدا ناچاری بوو، چونكه‌ ڕێگه‌ی تری له‌به‌رده‌م دا نه‌مابوو، وتی"خۆزگه‌ هه‌رێم چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر بێ ئه‌وه‌ی فشاری له‌سه‌ر بێت، خۆی گه‌ڕابایه‌ته‌وه‌ بۆ به‌غدا و به‌فشار نه‌گه‌ڕایه‌ته‌وه‌، چونكه‌ هه‌رده‌بوو كێشه‌كان له‌گه‌ڵ عێراق چاره‌سه‌ر بكرێن، چونكه‌ كاتێك هه‌رێم نه‌وتی ده‌فرۆشت نه‌یده‌توانی ئابووری سه‌ربه‌خۆ بكات و نه‌وتیشی هه‌رزان ده‌فرۆشت، توركیاش ته‌حه‌كومی به‌مه‌سه‌له‌كه‌وه‌ ده‌كرد، بۆیه‌ ئه‌م رێگه‌یه‌ عه‌مه‌لی نه‌بوو."

هه‌رچه‌نده‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم ڕێككه‌وتوون، به‌ڵام توركیا كه‌ به‌هۆی ڕێگه‌دان به‌ ڕۆیشتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم، سكاڵایه‌كی یاسایی به‌رانبه‌ر عێراق له‌ ژووری ناوبژیوانی پاریس دۆڕاندووه‌، تا ئێستا ڕێگه‌ی نه‌داوه‌ هه‌رێم نه‌وت هه‌نارده‌ بكاته‌وه‌.

دكتۆر مه‌حمود وتی"توركیا ڕێگه‌ نادات نه‌وتی هه‌رێم بڕوات و بیانووی ئه‌و ملیارو نیوه‌یه‌ كه‌ وه‌كو قه‌ره‌بوو كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ری، پاشان عێراق و توركیا له‌ گفتووگۆدان، مه‌رجی توركیا ناساندنی په‌كه‌كه‌یه‌ وه‌كو هێزێكی تیرۆرستی، ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ و چاره‌سه‌ركردنی ئاسان نییه‌."

به‌شێكی زۆر له‌ سه‌رچاوه‌ی داهاتی هه‌رێمی كوردستان پشتی به‌ فرۆشی نه‌وت ده‌به‌ست، به‌ڵام له‌ ئێستادا نه‌وته‌كه‌ی ڕاگیراوه‌، بۆیه‌ گه‌ر دۆخه‌كه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، پێشبینی سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی ئابووری گه‌وره‌تر له‌هه‌رێم ده‌كرێت.

له‌و باره‌یه‌وه‌ دكتۆر مه‌حمود وتی"ده‌بێت عێراق قه‌رز بداته‌ هه‌رێم، تا ئه‌وكاته‌ی نه‌وت ده‌ڕوات و دواتر له‌ پشكه‌ بودجه‌ی هه‌رێم ببڕێت، له‌مه‌ زیاتر ڕێگه‌ی تر نییه‌."