دوو لاوی کوڵبەری خەڵکی سەقز بە ناوەکانی ئەفشین فەلاحی و مەهدی ڕەحمەتی چەند ڕۆژ پیش ئێستا دەکەونە بەنداوێکی بانە و گیانیان لەدەستدەدەن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو و ئاژانسی کوڵبەر نیوز کە بە شێوەیەکی تایبەت هەواڵ و ڕاپۆرتەکانی پەیوەست بە کوڵبەران ڕووماڵ دەکات، ڕۆژی شەممە 15ی ئەم مانگە ڕایانگەیاند کە دوای 9 رۆژ ، تەرمی هەردوو کۆڵبەرەکە بە خنکاوی دۆزراونەتەوە.
کۆڵبەر نیوز نووسیوێتی لە ڕۆژانی ڕابردوودا تیمە جۆراوجۆرەکانی مەلە و خوودی خەڵکی شارەکانی دەوروبەری سەقز، مەریوان، بوکان و سنە ڕۆیشتوونەتە بانە و پەیوەست بوون بە تیمی گەڕان بۆ دۆزینەوە ئەو کۆلبەرانە، بەڵام گەڕانەکە لە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممەوە بەهۆی بارودۆخی نالەباری کەشوهەوا تا ڕۆژی شەممە ڕاگیرابوو.
ڕێکخراوی هەنگاو لە هەواڵێکدا سەبارەت بەم ڕووداوە نووسیوێتی کە ئەفشین فەلاحی تەمەن 22ساڵ و مەهدی ڕەحمەتی تەمەن 23 ساڵ خەڵکی شاری سەقز لە 6ی مانگی چواردا دەکەونە بەنداوی عەباس ئاوای بانە و دەخێنکێن.
لەو ماوەیەدا باوکی ئەفشین فەلاحی گرتەیەکی ڤیدیۆیی خۆی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە کوڕەکەی بۆ کۆڵبەری ڕۆیشتوەتە سنووری بانە و دوای ئەوەش دیار نەماوە.
ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوز لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ماوەیەک پێش ئێستا ڕایگەیاند کە لە ماوەی ساڵێکدا، واتە لە مانگی 3ی ساڵی 2022 تا مانگی 3ی ساڵی 2023 بە گشتی 39 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕەقبوونە و تەقینەوەی مین و کەوتنەخوارەوە لە شاخەکان گیانیان لەدەستداوە و 195 کەسیش بریندار بوون.
ڕێژەی بێکاری لە شارەکانی کوردستان لە ئێران زۆرە و هەر بۆیەش ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە بۆ پەیداکردنی پارە ناچارن ڕوو لە كۆڵبەری بکەن.
سەرچاوە/ کۆلبەر نیۆز، هەنگاو