دەیان خێزانی کورد لە نێوەندی شەڕی سوداندا گیریان خواردووە  

لە ئەنجامی ئەو شەڕەی کە ڕۆژی شەممە لە خەرتومی پایتەختی سودان و شارەکانی دەوروبەری سەریهەڵدا، ژمارەیەک کوردی سوریا کە لەوێ دەژین، گیریان خواردووە.

شەڕێکی قورس لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی فریاگوزاری لە خەرتوم و شارەکانی بەحری، ئوم دێرمان، فاشیر و نیالا و هەندێک شوێنی دیکە ڕوویدا، کە تێیدا چەکی قورس و تانک و فڕۆکەی جەنگی بەکارهێنران.

لە خەرتوم، نزیکەی 70 خێزانی کوردی سوریا کە کۆچیان کردووە بۆ سودان، بەهۆی بەردەوامی شەڕەکەوە گیریان خواردووە.

ئەحمەد کوتو کە خەڵکی کۆبانییە و لە خەرتوم کار دەکات، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، بەهۆی شەڕی توندەوە، فڕۆکەخانەی خەرتوم لە کار کەوتووە و ناشتوانن لە ماڵەکانیان دەربچن.

گوتیشی "فڕۆکەخانەکە داخراوە، زیانی زۆر هەبوو، سێ فڕۆکە سووتان کە یەکێکیان سعودیە و دوانی فڕۆکەی نەتەوە یەکگرتووەکانن".

بەپێی زانیارییەکانی کوت، زۆربەی خێزانە کوردەکانی خەرتوم خەڵکی کۆبانین و بەهۆی ئەم شەڕەوە تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی بە کورد نەکەوتووە.

کوت گوتی "تا ئێستا کەس لێمان نزیک نەبووەتەوە، هەمووان لێرە لە ماڵەکانی خۆیانن، سەربازەکان بە تەنیا شەڕ دەکەن، هەندێک هاووڵاتی مەدەنی لە ناوچەکانی شەڕدا کوژراون."

عارف محمەد بازرگانێکی کوردی خەڵکی کۆبانییە و لەگەڵ خێزانەکەی خاوەنی کارگەیەکن لە خەرتوم. ئەو ئێست بە سەردانێک لە قامشلۆیە، بەڵام دەڵێت نزیکەی 20 کەس لە بنەماڵەکەی لەو شەڕەی خەرتوم گیریان خواردووە.

محەمەد لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی "دۆخی خێزانە کوردەکان زۆر مەترسیدارە، بەتایبەت ترسێک هەیە کە ئەم شەڕە درێژە بکێشێت".

ئەو گوتیشی نزیکەی 300 خێزانی کوردی سوریا لە سەرتاسەری سودان هەن کە زۆربەیان خەڵکی کۆبانێ و گرێ سپین.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەی خەرتوم کورد و هاووڵاتیانی دیکەی بیانی گیریان خواردووە و سنووری میسریش نزیکەی 1000 کیلۆمەتر لێیەوە دوورە.

بەپێی ئاماری لیژنەی پزیشکی سودان، لە شەڕەکەدا 56 هاووڵاتی کوژراون و 600 کەسیش برینداربوون. سەرچاوەیەک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند که هاووڵاتییەکی سوریایش لە کاتێکدا هەوڵی دابوو منداڵەکەی لە قوتابخانە بهێنێتەوە بە گولەی وێل کوژرابوو.

نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگا نێودەوڵەتییەکانی دیکە مەزەندە دەکەن کە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی سووریا لە ساڵی 2011 ەوە نزیکەی 100 هەزار هاووڵاتیی سووریایی لە سودان نیشتەجێ بوون.

شەڕ و پێکدادانەکان ڕۆژی شەممە لە سەرانسەری پایتەختی سودان و لە چەند شارێکی دیکەی ئەو وڵاتە دەستیپێکرد، پاش چەند مانگی پەرەسەندی گرژییەکانی نێوان لایەنە ڕکابەرەکانی هێزە چەکدارەکان.

شەڕ و پێکدادان لە بنکەیەکی سەربازی خەرتومی پایتەخت، بە خێرایی تەشەنەی کرد بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی و بارەگای پەخشی دەوڵەتی.