نزیکەی 60 زیندانی پەیوەست بە دۆسێی تیرۆر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئازاد دەکرێن

فەرمانگەی داد و چاکسازی لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە ژمارەیەک زیندانی پەیوەست بە تاوانە تیرۆریستیەکان ئازاد کراون. دەڵێت 60 زیندانیی لە دوو گرتووخانەی قامیشلۆ و حەساکە ئازاد کران.

بەرپرسانی دادوەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەڵێن، تۆمەتباران دوای تێپەڕاندنی چارەکێک یان زیاتر لە سزاکانیان لە زیندان ئازاد کراون.

خالد ڕەمۆ، هاوسەرۆکی فەرمانگەی داد و چاکسازی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەم بڕیارە بۆ هەموو زیندانییەکان نییە، بەڵکو بە تایبەتی ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە ڕەفتاریان باش بووە".

وتیشی "لە داهاتوودا ڕەنگە هەندێک بڕیاری دیکە لەلایەن ئیدارەی خۆسەرەوە بدرێت، بەتایبەتی ئەو زیندانیانەی کە دەستیان لە کاری کوشتندا نەبووە."

ئەم زیندانیانە بە پێی بڕیاری ئەنجومەنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بە پێی مادەی 126ی سزاکانی یاسای بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئازاد کران.

دایکی زیندانییەک ڕایدەگەیەنێت، کوڕەکەی 3 ساڵە زیندانی کراوە و بەپێی بڕیارەکە ئازادکرا.

ئەو ژنە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سوپاس بۆ خوا لەگەڵ کەسوکاری خۆیدایە، خوای گەورە هەموو لایەک بپارێزێت."

بنەماڵەی زیندانیان دڵخۆش بوون. بەشێک لە منداڵان باوەشیان بە باوکیاندا دەکرد کە زیندانی بوون و ئێستا ئازاد دەکرێن.

باوکی دڵگەش کە کوڕەکەی بەم بڕیارە ئازاد کراوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، "هیوادارین سزاکەی بوبێتە هۆی ئەوەی کە هەست بە هەڵەکانی بکات و چاوی بکاتەوە."

ئەو زیندانیانەی کە ئازاد کراون سزای 3 ساڵیان بەسەردا سەپێندراوە، بەڵام بەهۆی ئەم بڕیارەوە پێش تەواوبوونی سزاکەیان ئازادکران.

دڵگەش تەهاش وەک باوکی هیوادارە نەگەڕانەوە بۆ تاوان و تیرۆر ئەو بە دەنگی ئەمەریکای گوت " سێ ساڵە لە زیندانم، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لێم خۆشبوو، جارێکی دیکە هەڵە ناکەم".

دڵگەش تەها تاکە زیندانی کوردە. بە وتەی بەرپرسان، ئەوانی دیکە عەرەبن و خەڵکی ناوچەکانی وەک دێرەزۆر و ڕەقەن.

بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی داد و چاکسازی لە ئایندەیەکی نزیکدا ژمارەیەکی زیاتر ئازاد دەکرێن.

دادگای تیرۆری ئیدارەی خۆسەر پشت بە یاسای تیرۆر دەبەستێت، کە ساڵی ڕابردوو هەموارکرایەوە.

بەگوێرەی ئەم دادگایە، تەنها هاووڵاتیانی سووریا دادگایی دەکرێن. زۆربەی ئەو 11 هەزار دیلانەی داعش کە لە زیندانەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەردان لە خەڵکی 54 وڵاتی جیاوازن و زۆربەیان عێراقین.

ئەو زیندانیانە لە 27 گرتووخانەی ناوچەکەدان. ئیدارەی خۆسەر داوای دادگایەکی تایبەتی نێودەوڵەتی لە سوریا بۆ ئەو کەسانە دەکات. بەڵام هەرچەندە 3 ساڵ بەسەر دوا شەڕی باخۆز تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا ئەم داواکارییە جێبەجێ نەکراوە.