ئەمڕۆ کۆمەڵگەی ئێزدیەکان لە سەرانسەری جیهاندا جەژنی نەریتی خۆیان بەڕێوەدەبەن، کە وەک ساڵی نوێ دادەنرێت و بە چوارشەممە سوور ناسراوە.
چوارشەممە سوور جێگەیەکی پیرۆز و گرنگی هەیە لە فەرهەنگ و ژیانی کۆمەڵگەی ئێزدیدا.
بەپێی بیروباوەڕی ئایینی ئێزدی، جیهان لەم ڕۆژەدا لەدایک بووە " تاووسێ مەلەک" لە ئاسمانەوە دابەزیوەتە سەر زەوی و یەکێکە لە جەژنە هەرە پیرۆزەکانی ئەو پێکهاتە ئاینییە.
بەرپرسان و کاربەدەستانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ئەمرۆژەوە پیرۆزبایی لە ئیزدییەکان دەکەن و دان بە قوربانیدانەکانیاندا دەنێن
سەرۆکی عێراق عبدولەتیف ڕەشید لە ڕاگەیاندنێکدا پیرۆزبایی لە کۆمەڵگەی ئیزدییەکان دەکات.
سەرۆک وەزیرانی عێراق محمەد شیاع سودانی لە تویتێکدا بە زمانی کوردی پیرۆزبایی لەئێزدییەکان دەکات و ستایشی قوربانییەکانیان دەکات.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزایش لە بەیاننامەیەکی پیرۆزبایدا ئێزییەکان دڵنیا دەکاتەوە تا " یەک ئێزیدی ڕفێندراو مابێت ئێمە بەردەوام دەبین لە بۆ دیاریکردنی چارەنوسیان و ڕزگارکردنیان."
مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمیش پیرۆزبایی لە ئێزدییەکان کردووە.
سەرۆکی پێشووی عێراق دکتۆر بەرهەم ساڵح لە تویتێکدا ئێزدییەکان بە پێکهاتەیەکی ڕەسەنی کوردستانی ناودێر دەکات و دەڵێت کاریگەرییان هەبووە لەسەر بەرگری کردن لە پێکەوە ژیان.
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەكێتی نیشتمانی کوردسان پەیامێکی باڵا کردووەتەوە کە وێرای پیرۆزبایی دەڵێت "ئێزدییەکان لە رابردوودا رووبەڕووی توندوتیژی و نەهامەتی زۆر بوونەتەوە و قوربانیی زۆریان داوە، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا هەوڵەکان بۆ قەرەبووکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی زێدی رەسەنی خۆیان، تەنیا لە چوارچێوەی دروشمدا ماوەتەوە و هەنگاوی جدی لەوبارەیەوە نەنراوە."
هەروەها دەشڵێت نابێت "لەپێناو بەرژەوەندی حزبی و سیاسیدا یاری بە ژیان و چارەنووسیانەوە" بکرێت.
فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، پەیامێکی بە بۆنەی چوارشەممە سوورەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "چوارشەممە سووری پیرۆزبێت لە هەموو کۆمەڵگەی ئێزدی لە ڕۆژاڤا و کوردستان و جیهان. پاراستنی ئایین و دەستکەوت و بەهاکانی ئێزدییەکان کۆتایی بەو کارەساتە و نادادپەروەرییە دەهێنێت کە بەسەر ئێزدییەکاندا هاتووە."
ئێزدییەکان، پێکهاتەیەکی ئاینین، لە عێراق، سوریا، تورکیا هەروەها ئەرمینیا و بەشێک لە وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو دەژین، بەڵام بەهۆی مەترسی لەسەر ژیانیان، ژمارەیەکی زۆریان لە سەد ساڵی ڕابردوودا کۆچیان کردووە. دواین کۆچکردنی بە لێشاویان لە پاش ساڵی 2014 وە دەستیپێکرد کاتێک داعش هێرشی کردە سەر ناوچەکانیان لە شەنگال و سەدان کوڕ و پیاوی ئێزدی کوشت و ژنان و کچانیشیان ڕفاند.