تادێت کێشەو گرفەتەکانی نێوان پارتی و یەکێتی زیاتر زەق دەبنەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان گومانی هەیە لە هەوڵەکانی ئاشتەوایی سەرۆکی حکومەت بۆ گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەکێتی بۆ کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم.
بەبڕوای بەشێک لە چاودێرانیش ئەم کێشانە بەهۆی کەم ئەزمونی نەوەی دووهەمی بارزانی و تاڵەبانیەکانەوەیە.
عەزیز ڕەئوف نوسەر و چاودێری سیاسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هێشتا مەسرور و قوباد دوو گەنجن ئەزموونیان لە ململلانێ و ئاشتبوونەوەکانی باوکانیان وەرنەگرتووە. کەمی ئەزموونی ئەم دوو کوڕە گەنجە وادەکات کە متمانەیان بە یەکتر نەبێت و پێدەچێت دەسەڵاتی ڕەهای سەرۆکی حکومەت کە لای کوڕەکەی بارزانییە وایکردبێت کێشەی دابەشبوونی دەسەڵات و ئابووری هەندێ کێشەی بۆ دروست بێت و کوڕانی تاڵەبانی نیگەران بکات. "
شەڕی بەیاننامەکان
لە ئێستاشدا ڕۆژ بە ڕۆژ گرژی و ئاڵۆزیەکانی دوو حزب ڕوو لە زیاد بوونەو کار گەشتۆتە ئەوەی شەڕێکی میدیایی لە دژی یەکتر بەڕێوە ببەن.
لە دواین پێشهاتیشدا سەرەتای ئەم هەفتەیە مەڵبەندی یەکێتی و لقی پارتی لە هەولێر لە دوو بەیاننامەی توند دا بە زمانێکی توندی چاوەڕوان نەکراو هێرشیانکردە سەر یەکتر و کەسایەتی سەرکردە باڵاکانی یەکتر.
مەڵبەندی یەکێتی لە بەیاننامەیەکدا مەسرور بارزانی بە "حوکمڕانە تاکڕەوەکەی هەرێم" تۆمەتبار کرد و تی "هەمووکات لەبەردەم قاپی بەغداد کەوتوو." لەبەرامبەردا لقی دووی پارتی بافڵ تاڵەبانی بە "لەتکە سەرۆک" ناوزەندکرد و تۆمەتی ئەوەی ئاراستەی یەکێتی کرد لە "16ی ئۆکتۆبەر نیوەی خاکی هەرێمتان فرۆشت."
دانا تەیب مەنمی چاودێری سیاسی و ڕۆژنامەوان سەبارەت لەسەر ئەم گرژیانە بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئەو بەیاننامانە سەرەتاکانی شەڕی ناوخۆم بیردەخاتەوە چۆن هەردوو حزب سەرەتا بە شەڕی ئیعلامی دەستیان پێکرد و دواتر دەستیان دایە چەک لە دژی یەکتر تەنها لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتی خۆیاندا نەک خەڵک. "
پێدەچێت بۆ بەشێک لەخودی کادیران و چاودێرانی ئەو دوو حزبەش ئەو جۆرە شەڕە ڕاگەیاندنە جێی نیگەرانی بێت.
ئارام ئیکرام ڕۆژنامەوانی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت ، "بەداخەوە ئەو زمانەی بەیاننامەکانی ئەم مانگەی پێ نووسراوە زمانی سیاسی و گفتوگۆ نین. "
وتیشی" هەر خۆی زۆر سەیرە ئۆرگانی فەرمی حزبی بەو شێوازە بەیاننامە دەرکات، چونکە هیچیان خزمەت بەدۆخی خەڵکی کوردستان ناکەن و زیاتر دۆخەکە ئاڵۆز دەکەن. "
هەوڵەکانی ئاشتەوایی
ڕۆژی دووشەممە شاندێکی ئەنجومەنی وەزیران سەردانی سەرۆکی تیمی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی کرد لە ئەنجومەنی وەزیران، بەمەبەستی گەڕانەوەی تیمەکە بۆ کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم.
بەڵام چەند کاتژمێرێک بەر لە کۆبوونەوەکە، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، لە میانەی مەراسیمی بەربانگ لەگەڵ کاسبکاران و کرێکارانی شاری هەولێر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی، " هیچ کات و هەرگیز ئێمە ناتوانین هاوبەش و بەشداربین لە خاکفرۆشی، لە گەندەڵی، لە تیرۆر و تۆقاندن، لە سەرانەستاندن، یان لە ئەوەی کە خەڵک لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆمان بەکاربێنین."
هەرچەندە مەسرور بارزانی ڕاستەوخۆ ناوی هیچ لایەنێکی نەهێنا، بەڵام بەرپرسانی یەکێتی دەڵێن بە ناڕاستەوخۆ مەبەستی لێی یەکێتی بوو.
دواتر جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای وت لێدوانەکەی سەرۆکی حکومەت بۆ "تێکدانی" کۆبونەوەکە بووە و ڕایگەیاند بەرپرسانی پارتی " له سهرهوه قسهیهک دهکهن و لەژێرهوه بۆمبێک دهتهقێننهوه بۆ لهباربردنی ههموو ئهو ههوڵانه. "
سەرەڕای بەردەوامی ئاڵۆزیەکان، بەڵام بەشێک لە چاودێران دەڵێن تا ئێستا هیواکان بۆ ئارامبوونەوە لە ئارادان.
چاودێری سیاسی عەزیز ڕەئوف پێی وایە " ئەم دوو هێزە لە ئێستادا پێویستیان بەیەکە و هەمیشە بۆ هەوادارەکانیان وادەردەخەن کە جیاوازن و کێشەیان هەیە، بەڵام کێشە ئابووری و سیاسییەکانی ئەم دوو هێزە لەوە زیاترە کە دۆخەکە بگەیەننە بنبەست. "
بەڵام چارەسەرکردنی جدی بۆ کێشەکانی نێوان هەردوو حیزب ڕەنگە لە کۆتایی بگەڕێتەوە بۆ ئەنکەرە و تارانەوە ، ئەمە بەگوێرەی ڕۆژنامەوان دانا تەیب.
لەو ڕووەوە دانا تەیب دەڵێت "ئەوان تەنها جێبەجێکاری فەرمانەکانی سەروو خۆیانن کە لە تاران و ئەنکەرەوە بۆیان دێت، بۆیە هەتاوەکو تورکیا و ئێران بڕیارنەدەن کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بە چارەسەرنەکراوی دەمێننەوە. "
بڕینی موچەی خانەنیشینان
هێرش و گرژییە میدییاییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی تەنها بە شەڕی بەیاننامەوە نەوەستا.
ئەمڕۆ کە بڕیاربوو موچەی خانەنشینان دابەشبکرێت، میدیاکانی پارتی و یەکێتی یەکترییان بەوە تۆمەتبار کرد کە لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکتر موچەی پێشمەرگە خانەننشینانی حزبی بەرامبەرییان نادرێت.
ئارام ئیکرام ڕۆژنامەنوسەکەی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوە ناشارێتەوە کە کێشە و ململانێ سیاسیەکان کاریگەری خراپی لەسەر ژیانی خەڵک هەبووە.
ئارام ئیکرام وتی، "بەئاشکرا هەرکات نێوانی یەکێتی و پارتی باش نابێ، بەبێ هیچ هۆکارێک داهاتی ناوخۆی سلێمانی کەم دەبێتەوە و بانکەکانی پارەیان تێدا نامێنێ بۆ مووچە.
هەروەها ڕۆژنامەوان دانا تەیب هۆشداری دا لەوەی کە بەردەوای ئاڵۆزتربوونی ئەم ناکۆکیانە ڕەنگە سەر بکێشێت بۆ لەتبوونی حکومەتی هەرێم "بە شێوەیەکی فەرمی".
دانا تەیب ڕایگەیاند، "هەرچەندە لە ئێستادا بە فەرمی دوو ئیدارەییان ڕانەگەیاندووە، بەڵام لە واقعدا هەولێر و سلێمانی دوو ئیدارە و دوو حکومەتی جیاوازن. "
هەر ئەمڕۆ دوای بڵاوبونەوەری ئەو هەواڵانە لەسەر بڕینی موچەی خانەنشینانی پێشمەرگەی یەکتر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا جەختیکردەوە، "نابێت موچە و قوتی خەڵک تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان بکرێت" لە بەرامبەردا بەرێوەبەرایەتیی گشتیی بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی هەموو ئەوەی ڕەتکردەوە کە بڕیاری راگرتنی مووچەی لایەنگرانی خانەنیشینی پارتی لە سلێمانی درابێت.