شه‌ڕه‌ دار و به‌رد له‌ نێوان گوندنیشینه‌ كورد و عه‌ره‌به‌كانی كه‌ركوك سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه‌

Palkana 1

سوپای عێراق بۆ ڕێگرتن له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شه‌ڕ و بارگرژی له‌ نێوان جوتیاره‌ كورد و عه‌ره‌به‌كانی گوندی په‌ڵكانه‌ی ڕۆژاوای كه‌ركوك هێزی له‌ ناوچه‌كه‌ بڵاوه‌پێكرد، دوای ئه‌وه‌ی له‌ دوێنێ هه‌ینییه‌وه‌، شه‌ڕه‌ دار و به‌رد له‌ نێوان گوندنیشینه‌ كورد و عه‌ره‌به‌كاندا به‌رده‌وامه‌.

گوندی په‌ڵكانه‌ی سه‌ربه‌ ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان ی ڕۆژاوای كه‌ركوك، یه‌كێكه‌ له‌و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌رانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتیكردنی زه‌وی و زار، له‌دوای 16 ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 ه‌وه‌، به‌رده‌وام شه‌ڕ و ئاڵۆزی له‌نێوان گوندنیشینه‌ كورد و عه‌ره‌به‌كان دا ڕووده‌دات.

ده‌شتی ئاغا كه‌سایه‌تی گوندی په‌ڵكانه‌، به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای وت"دوای 16 ی ئۆكتۆبه‌ر 5 خێزانی عه‌ره‌ب به‌ زه‌بری هێزی عێراق له‌گونده‌كه‌ جێگیر كراون، هه‌ركاتێك كێشه‌ ڕووده‌دات له‌ نێوان گه‌نجه‌كانی ئێمه‌ و ئه‌وان، ته‌له‌فۆن بۆ قه‌زای دوبز ده‌كه‌ن و عه‌ره‌بێكی زۆر ده‌هێنن بۆ شه‌ڕ."

گوندی په‌ڵكانه‌ی سه‌ربه‌ ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕانی ڕۆژاوای كه‌ركوك، پێش 16 ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 نزیكه‌ی 100 خێزانی كوردی تێدابوو، به‌ڵام ئێستا نزیكه‌ی 35 ماڵی كورد و 5 ماڵی عه‌ره‌بی تێدایه‌، زۆربه‌ی ماڵه‌ كورده‌كان گونده‌كه‌یان جێهێشتووه‌.

ده‌شتی ئاغا وتی"دوێنێ هه‌ینی كێشه‌ له‌نێوان گه‌نجه‌كانی ئێمه‌ و ئه‌و 5 خێزانه‌ عه‌ره‌به‌ دروستبوو، عه‌ره‌بێكی زۆر له‌دوبزه‌وه‌ هاتن و شه‌ڕه‌ به‌رد ڕوویدا، ژماره‌یه‌ك له‌ ئێمه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌وانیش برینداربوون، دواتر دۆخه‌كه‌ هێوربوویه‌وه‌."

هه‌رچه‌نده‌ دوێنێ هه‌ینی، به‌ نێوه‌نگیری هێزه‌ عێراقییه‌كان شه‌ڕی نێوان گوندنیشینه‌ عه‌ره‌ب و كورده‌كانی گوندی په‌ڵكانه‌ كۆتایی پێهێنراو له‌دادگا سكاڵاكانیان له‌سه‌ر یه‌كتری كشانده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ شه‌مه‌، جارێكی تر دۆخه‌كه‌ ڕووی له‌ ئاڵۆزی كرده‌وه‌.

ده‌شتی ئاغا وتی"ئه‌مڕۆ عه‌ره‌بێكی زۆر له‌دوبزه‌وه‌ هاتنه‌ په‌ڵكانه‌، به‌ ئۆتۆمبێل به‌ردیان هێنابوو، بۆ شه‌ڕ هاتبوون، بۆیه‌ جارێكی تر ئاڵۆزی ڕوویدایه‌وه‌، به‌ڵام نیو كاتژمێره‌ دۆخه‌كه‌ هێوربووه‌ته‌وه‌."

گوندی په‌ڵكانه‌ تا ساڵی 1975 كوردی تێدابوو، به‌ڵام دواتر ڕژێمی به‌عس له‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی "به‌عه‌ره‌ب كردن و ڕاگواستن" دا، كورده‌كانی له‌ ناوچه‌كه‌ گواسته‌وه‌ و عه‌ره‌بی له‌ جێگه‌كانیان نیشته‌جێكرد.

له‌ ساڵی 2003 كاتێك ڕژێمی به‌عس ڕووخا، جارێكی تر كورده‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ گوندی په‌ڵكانه‌ و عه‌ره‌به‌كان ناوچه‌كه‌یان جێهێشت، به‌ڵام له‌ ساڵی 2017 ه‌وه‌ و دوای ئه‌وه‌ی كورد ده‌سه‌ڵاتی له‌و ناوچانه‌ له‌ده‌ستدا، عه‌ره‌به‌كان جارێكی تر گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و هه‌وڵی ده‌ركردنی كورده‌كان ده‌ده‌ن، بۆیه‌ ناو به‌ناو بارگرژی ڕووده‌دات.

Palkana 2

حاجی عه‌بدوڵا جوتیارێكی تری ناوچه‌ په‌ڵكانه‌یه‌، به‌ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای وت"تا هه‌رێم و عێراق كێشه‌ی نێوان كورد و عه‌ره‌ب له‌ ڕیشه‌وه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كه‌ن، ئه‌م بارگرژیانه‌ هه‌ر سه‌رهه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌."

له‌ ئێستادا هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌ نێو گوندی په‌ڵكانه‌ جێگیركراون، ئامانج له‌ جێگیركردنی هێزه‌كه‌ ڕێگرتنه‌ له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی بارگرژی له‌ نێوان گوندنیشینه‌ كورد و عه‌ره‌به‌كاندا.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی به‌رپرس له‌ كه‌ركوك كه‌ داوایكرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه‌، به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای ڕاگه‌یاند"به‌رپرسانی كورد په‌یوه‌ندییان به‌ فه‌رمانده‌ باڵاكانی عێراقه‌وه‌ له‌ كه‌ركوك كردووه‌، ئه‌وان به‌ڵێنی ناردنی هێز بۆ گونده‌كه‌وه‌ و ڕێگرییان له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی بارگرژی داوه‌."

بارگرژییه‌كانی گوندی په‌ڵكانه‌ی ڕۆژاوای كه‌ركوك، به‌رپرسانی كوردی هێنایه‌ ده‌نگ و هۆشداریاندا، له‌به‌رده‌وامی هێرشی گوندنیشینه‌ عه‌ره‌به‌كان بۆ سه‌ر كورده‌كانی په‌ڵكانه‌.

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا، ئیدانه‌ی په‌لاماردانی كورده‌كانی په‌ڵكانه‌ و هه‌وڵی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچه‌كه‌ی كرد له‌ ڕێگه‌ی "ترس و تۆقانده‌وه‌."

لای خۆیه‌وه‌، نوری حه‌مه‌ عه‌لی فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ی پردێ، وتی"سه‌رجه‌م هێزه‌كانمان خستووه‌ته‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه‌ و چاودێری دۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ین."