جۆو بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕێزی لە یادی قوربانیانی جینۆسایدی ئەرمەنەکان لە لایەن تورکە عوسمانییەکانەوە گرت و ئەمەش بووە هۆی توڕەکردنی حکومەتی تورکیا.
لە بەیاننامەکەی ڕۆژی دووشەممەدا سەرۆک بایدن دەڵێت کە لە 24ی مانگی چواری ساڵی 1915 دەسەڵاتدارانی عوسمانی ڕووناکبیران و سەرکردەکانی کۆمەڵگەی ئەرمەنەکانیان لە قوستەنتینیە دەستگیرکرد، ئەمە دەستپێکی هەڵمەتێکی بەبەرنامەی توندوتیژییان لە دژی کۆمەڵگەی ئەرمەنیەکان بوو. لە ساڵانی دواتردا یەک ملیۆن و نیو ئەرمەنی دەرکران و کۆمەڵکوژکران_ کارەساتێک کە بۆ هەمیشە کاریگەری لەسەر نەوەکانی خێزانە ئەرمەنەکان دروستکرد.
سەرۆک بایدن دەشڵێت " لە کاتێکدا ئێمە لەگەڵ گەلانی جیهاندا یادی ئەم مێژووە پڕ لە ئازارە دەکەینەوە، بیر لە خۆڕاگری و ئیرادەی گەلی ئەرمەنیش دەکەینەوە. بۆیە زۆرێک لەوانەی کە لە مردن ڕزگاریان بوو، ناچار بوون ژیانێکی نوێ لە خاکە نوێیەکاندا دەستپێبکەن- لەنێویاندا ئەمەریکا."
جۆ بایدن وێڕای ستایشی خۆڕاگری و ئیرادەی ئەرمەنەکان لە دوای جینۆسایدەکەی 108 ساڵ لەمەوبەر، وتی ئەوان بە ئومێدەوە ڕووبەڕووی بەدکاران بوونەتەوە و کۆمەڵگەکانیان ئاوەدانکردەوە و خێزان و کولتووری خۆیان پاراستووە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا جەختی کردەوە لە پێویستی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕق و کینە، بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و ڕێگریکردن لە توندوتیژی و بنیاتنانی ئایندەیەک کە کەرامەت و ئاسایش و ڕێزگرتن لە هەمووان لەخۆبگرێت.
بەیاننامەکەی جۆو بایدن بووەتە هۆی توڕە کردنی حکومەتی تورکیا و وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت" کەس بۆی وانەمان لەسەر مێژووی خۆمان پێبدات."
مەولود چاوشئۆغڵو لە تویتێکدا بەبێ ئەوەی ناوی بایدن بهێنێت دەڵێت " دیسانەوە هەوڵێکی تری چەواشەکاری سیاسی بۆ شێواندنی مێژوو!
لێدوانە سیاسییەکان ناتوانن ڕاستییەکان بگۆڕن. ئەوانەی بە مەبەست لەسەر زانیاری هەڵە بەردەوام دەبن قەدەریان وایە بە کەسانی دووڕوو بناسرێنەوە. کەس بۆی نییە وانەمان لەسەر مێژووی خۆمان پێبدات."
Tarihi çarpıtmaya yeltenen siyasi şarlatanlar yine sahnede! Siyasi açıklamalarla tarih yeniden yazılamaz.Bu tutumlarında ısrar eden fırsatçılar, art niyet ve ikiyüzlülükleriyle hatırlanacaktır. Yüce Türk Milleti’ne tarih dersi vermek kimsenin haddi değildir.#1915Olayları
— Mevlüt Çavuşoğlu (@MevlutCavusoglu) April 24, 2023
دوو ساڵ لەمەوبەر جوۆ بایدن بوو بە یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا کە بە فەرمی کوشتنی بەکۆمەڵی ئەرمەنەکانی لەلایەن تورکە عوسمانییەکان لەکاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا بە جینۆساید بناسێنێت. ناوبراو لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەڵێنی دا کە ئەگەر سەربکەوێت ئەم کارە دەکات.