سەرۆکی تیمی ئەندازیارانی کۆمپانیای نەوتی باکوور دەڵێت لە داهاتوودا سەرجەم کێڵگە نەوتییەکان و غاز لە هەرێمی کوردستان دەکەونە ژێردەستی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمیش جگە لە ڕێککەوتن و ڕادەستکردنی سەرجەم کێڵگەکان هیچ دەرچەیەکی تری لەبەردەمدا نەماوە.
فەرهاد حەمزە محەمەد، سەرۆکی تیمی ئەندازیران لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "له‌به‌رئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و به‌رهه‌می هایدرۆكاربۆن سیاسه‌تێكی ناوه‌ندییه، سه‌ره‌نجام هه‌موو ئه‌وانه ده‌بێت به‌هاوكاری به‌غداد بێت و فرۆشتنه‌كه‌ی له‌ژێرده‌ستی عێراق بێت چونكه سیاسه‌تی دارایی سیاسه‌تێكی مه‌ركه‌زییه."
وتیشی" لەبەرئەوە لە داهاتوودا هەموو نەوت و گازی هەرێم دەکەوێتە ژێر دەستی حکومەتی ناوەندی عێراقی."
زیندووکردنەوەی سکاڵا کۆنەکان
دوای بردنەوەی سکاڵاکەی دژ بە تورکیا لە دەستەی ناوبژیوانی لە دادگای پاریس سەبارەت بە دۆسیەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم، دەوترێت لە ئێستادا حکومەتی عێراق لە ناوخۆش دەستی کردووە بە زیندووکردنەوەی سکاڵا کۆنەکانی.
سەرەتای ئەم هەفتەیە کۆمپانیای نەوتی باکوورر لە وەڵامی نوسراوێکی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە ئاماژەی بەسکاڵایەک کردووە کە لە 25ی مانگی 4ی ساڵی 2021 لەلایەن کۆمپانیاکەیانەوە لەسەر وەزیری سامانە سروشتییەکان لە دادگای بەرایی کەرکوک تۆمارکراوە، لەسەر دەسبەسەردا گرتنی وێستگەی قۆبیە لەلایەن وەزارەتەکەیەوە. هەروەها لە 12ی مانگی 4ی هەمان ساڵ سکاڵا لەسەر وەزیری سامانە سروشتییەکان تۆمارکراوە بە تۆمەتی "پێشێلکارییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان" پەیوەست بە کێڵگەی خورمەڵە و کۆرمۆر.
سەبارەت بە هۆکاری سکاڵاکەی کۆمپانیای نەوتی باکوور، سەرۆکی تیمی ئەندازیارانی کۆمپانیاکە وتی، " خوڕمه‌ڵه قوبه‌یه‌كی په‌ره‌پێدراوه 64 بیری تێدا لێدراوه، هەروەها له‌به‌رئه‌وه‌ی كێڵگه‌ی كۆرمۆش له كێڵگه پهرهپێدراوهكانه هه‌شت بیری لێدراوه. ئه‌وه‌ش هه‌ر حكومه‌تی عێراق به هی خۆی ده‌زانێت به‌پێی ده‌ستوری عێراقی و دەبێت خۆی سەرپەرشتی بکات."
بە بڕوای ئەندازیار فەرهاد هۆکاری زیندووکردنەوەی ئەم سکاڵایانە لە ئێستادا بۆ گۆڕانی تەرازووی هێزە.
سەرۆکی تیمی ئەندازیارانی کۆمپانیای نەوتی باکوور وتی، "بۆیه هه‌تا ئێستا حكومه‌تی عێراقی قسه‌ی نه‌كردووه، له‌وانه‌یه به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه ئه‌منی و سیاسیانه بێت. ئێستاش له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌ستی باڵاتره ئه‌و سكاڵایه‌ی جارێكی تر زیندوو كردۆته‌وه. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێستا تای ته‌رازووی هێز گۆڕاوه به‌لای عێراقدا."
بژاردەکانی هەرێم
پێدەچێت ئەمساڵ ساڵی نەهات بێت بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. لەسەرەتای ساڵدا، لە مانگی یەک، دەستەی ناوبژیوانی لە دادگای پاریس سکاڵایەکی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق دژی تورکیا یەکلایی کردەوە و دوای بڕیارەکە تورکیا هەناردەی نەوتی هەرێمی ڕاگرت.
هەرچەندە پێشتر سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە کە هەوڵدەدات بە زوویی پرۆسەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە، بەڵام تا ئێستا کاتی دەستپیکردنەوەکە دیارنییە.
سەبارەت بە ئەگەری ڕادەستکردنی کێڵگە غازیەکانی خورمەڵە و کۆرمۆر بە حکومەتی عێراق، سەرۆکی تیمی ئەندازیارانی کۆمپانیای نەوتی باکوور ڕایگەیاند بژاردەکانی حکومەتی هەرێم ئێستا زۆر سنوردارن.
ئەو وتی"ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده نه‌بێت ئه‌ی چی لێده‌كات؟! هه‌ر ده‌بێت ڕێكبكه‌ون لەگەڵ بەغداد، چونكه ده‌رچه‌ی ئه‌وه نه‌ماوه جارێكی تر نه‌وت بنێرنه ده‌ره‌وه به‌ئاره‌زووی خۆیان. غازیش به‌هه‌مان شێوه‌ی نەوتە. ئێستا كه‌س ئاماده نییه غازی هه‌رێم بنێرێتهدهرهوه و بیکڕيت به‌بێ پرسی حكومه‌تی عێراق. خۆ غاز وه‌كو نه‌وت نییه، نه‌وت ده‌توانرێت به تانكه‌ر بنێردرێته ده‌ره‌وه، به‌ڵام غاز ده‌بێت چه‌ند ساڵێک پێش ئه‌وه بۆری ڕابكێشرێت كارێكی قورسه و ئاسان نییه."
هەروەها وتی" ئێستا له هه‌موو بارێكه‌وه نه‌وتی هه‌رێمیش كه‌وته‌وه ژێرده‌ستی حكومه‌تی عێراق ئیتر، سه‌ره‌نجام هه‌رده‌بێت وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بیفرۆشێت و كۆمپانیای سۆمۆ سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، ئیتر ئه‌گه‌ر عێراق خۆی به‌رهه‌می بهێنێت یان هه‌رێم به‌رهه‌می بهێنێت."
دەنگی ئەمەریکا چەندین جار هەوڵی پەیوەندی کردنی دا بە وەزیری سامانە سروشتییەکان و بریکاری ئەو وەزارەتەوە، بەڵام هەوڵەکان بێ ئاکام بوون.
ئایا سکاڵاکە ڕێککەوتنەکە تێکدەدات؟
لەدوای بڕیارەکەی دەستەی ناوبژیوانی دادگای پاریس، شاندی حکومەتی هەرێم چەندین جار سەردانی بەغدایان کرد بۆ ڕێککەوتن. لەدواین جاردا لەمیانەی سەردانێکی مەسرور بارزانی بۆ بەغداد، ڕێککەوتن لە نێوان هەردوو حکومەت کرا لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی سۆمۆوە.
بەشێک لە چاودێران پێیان وایە زیندوکردنەوەی ئەو سکاڵا کۆنانە شیانی هەیە کار بکاتە سەر ڕێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و ناوەند.
بەڵام ئەندازیار فەرهاد حەمزە ئەو ئەگەرە بە دوور دەزانیت "چونكه حكومه‌تی عێراق ئێستا باڵاده‌سته...هه‌رێم هیچ كارتێكی هێزی به‌ده‌سته‌وه نییه كه بتوانێت مه‌سه‌له‌ی نه‌وت به‌لای خۆیدا یه‌كلا بكاته‌وه."
دووبارە هەناردەی نەوتی هەرێم
ماوەی مانگێکە بەهۆی پابەندبوونی تورکیا بە بڕیارەکەی دادگای پاریسەوە، هەناردەی نەوتی هەرێم وەستاوە.
هەفتەی ڕابردوو جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی کاروباری دارایی، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع ئەلسودانی پێی ڕاگەیاندوون، لەماوەی "دوو ڕۆژدا" دەستدەکرێتەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێم.
بەپێی وتەی بەشێک لە پەرلەمانتارانی عێراق، یەکێک لەو خاڵانەی حکومەتی عێراق جەختی لێدەکاتەوە ڕادەسکردنی بۆری نەوتی هەرێمە، کە ئێستا لەلایەن کۆمپانیای کارەوە خاوەندارێتی دەکرێت.
سەرۆکی تیمی ئەندازیارانی کۆمپانیای نەوتی باکووریش دەڵێت، "بڕوا ناكه‌م حكومه‌تی عێراق ڕازی بێت به بۆری نه‌وتی كۆمپانیای ئه‌هلی چونكه هه‌موو بۆریه‌كی نه‌وتی ناو عێراق به موڵكی حكومه‌ت ده‌زانرێت. پێناچێت حكومه‌تی عێراق به‌و مامه‌ڵه‌یه و به‌و نرخه ڕازی بێت كه هه‌تا ئێستا به‌و بۆریه‌وه كراوه له هه‌رێم."