بۆچی پاش بوومەلەرزە بەهێزەکەی مانگی دوو ڕێکخراوی مانگی سووری تورکیا کەوتە بەر ڕەخنەیەکی زۆر؟

ڕێکخراوی مانگی سوور کە کۆنترین ڕێکخراوی فریاگوزاری تورکیایە، دوای بوومەلەرزەکەی 6ی مانگی دوو کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 50 هەزار کەس، ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بووەوە دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان لەسەر فرۆشتنی چادر. لەو کاتەدا بڵاوکرایەوە کە مانگی سوور لەسێهەم ڕۆژی بوومەلەرزەکە لە بری ئەوەی چادر بەسەر خەڵکەکەدا دابەش بکات فرۆشتبوونی.

پارێزەرێک لە فەرمانگەی یاسایی دوروکان لە ئەستەنبوڵ سەبارەت بە مانگی سوور پەیوەندی بە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی خاچی سوور و مانگی سوور (IFRC)ەوە کرد و داوای کرد دەست بە لێکۆڵینەوە بکەن. مانگی سووری تورکیا ئەندامی IFRC ە.

پارێزەر مەحمود بارلاس لە داواکارییەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە مانگی سوور 7 یاسای بنەڕەتی IFRCی پێشێل کردووە، لەنێویاندا یاسای کاری 'خۆبەخشی'.

بارلاس بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "مانگی سوور زۆر بە ڕوونی بنەماکانی دامەزرێنەری IFRCی پێشێلکردووە و تا ئێستا هیچ وەڵامێکمان بۆ داواکارییەکەمان وەرنەگرتووە و پرۆسەی لێکۆڵینەوەکە نهێنییە."

هەوەها گوتیشی "وابزانم ئێستا بەرگری و بەڵگەنامە کۆدەکەنەوە. ئێمە بە ڕوونی دەبینین کە مانگی سوور بووەتە کارگە و چیتر ناتوانێت سەرنجی لەسەر کاری هاوکاری بێت، و ناتوانێت بە باشی ئەو کارە بکات. ئەگەر IFRC دیاری بکات کە مانگی سوور بنەماکانی دامەزراندنی خۆی پێشێل دەکات، دەتوانێت بەڕێوەبەرەکانی ڕابگرێت و بودجەی خۆی ببڕێت و بە بڕیاری ئەنجومەنی گشتی لە فیدراسیۆنەکە دەریبکات. لەوانەیە ڕووبەڕووی سزای زۆر قورس بێتەوە."

بارلاس سەبارەت بە دوایین پرۆسە گوتی مانگی سوور لە ئامانجەکەی دوورکەوتووەتەوە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر ئاگاداری ئەو شتانە بن کە ڕوودەدەن.

دەنگی ئەمەریکا لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە پەیوەندی بە مانگی سووری تورکیا و IFRC کرد سەبارەت بە بانگەشەکانی بارلاس، بەڵام تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە وەڵامیان نەداوەتەوە.

ئەم بابەتە چۆن بڵاو بووەوە؟

فرۆشتنی چادرەکان دوای بوومەلەرزەکەی مانگی دوو بوو کە زیاتر لە 10 شاری وێران کرد و بەلایەنی کەم 50 هەزار کەسیش گیانیان لەدەستدا. کاتێک دامەزراوەکانی دەوڵەت بە توندی ڕەخنەیان لێگیرا بەهۆی نەبوونی یارمەتی و نەبوونی خێمە، سەرۆکی کۆمەڵەی ئەهباپ، هالووک لێڤێنت، لە پەخشی ڕاستەوخۆی کەناڵی فۆکس تیڤی دەرکەوت و ڕایگەیاند کە ئەوان خێمەیان لە مانگی سوور کڕیوە.

بەگوێرەی لێدوانەکانی لێڤێنت، لە سێیەم ڕۆژی بوومەلەرزەکەدا، مانگی سوور چادرەکانی بە بەهای 46 ملیۆن لیرەی تورکی (نزیکەی 2.4 ملیۆن دۆلار) بە ئەهباپ فرۆشتووە.

لێڤێنت ئەو کاتە وتی "هەڤاڵان بینییان کە خاچی سوور لە ئینتەرنێت چادر دەفرۆشێت.زانیمان 2050 چادر ئامادەیە بۆ فرۆشتن لە دەرەوەی وڵات. هەر چادرێکمان بە 19 هەزار لیرە کڕی و بە باجەوە گەیشتە 22 هەزار لیرە. پێمان دەڵێن بۆ دەنگتان بەرز نەکردۆتەوە بەرامبەر مانگی سوور. ئەمە کاری من نییە، کاری من یارمەتیدانی خەڵک بوو ئەو کاتە. هەروەها ئافاد (AFAD ) یش بە پارە لە مانگی سوور چادر دەکڕێت."

لە ماڵپەڕی فەرمیی مانگی سووردا ڕاگەیەندراوە کە مانگی سوور ڕێکخراوێکی خۆبەخشانەیە و چاوەڕوانی قازانج ناکات لە بەرامبەر خزمەتەکانیدا. لەلایەکی دیکەوە ڕێکخراوەکە کە پێگەی کۆمەڵەی هەیە و لەژێر چاودێری وەزارەتی ناوخۆدایە.

هەڵوێستی مانگی سوور

کەرەم کنک، سەرۆکی مانگی سوور بە سی ئێن ئێن تورکی ڕاگەیاند، هیچ زانیارییەکیان لەبارەی فرۆشتنی ئەو خێمانە نییە و فرۆشتنی ئەو خێمانە بڕیاری کارمەندەکانی بووە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئاگاداری دۆخەکە بووایە پێشنیاری دەکرد کە خێمەکان بەبی بەرامبەر بدرایە.

ئەحمەد لوتفی ئاکار، سەرۆکی پێشووی مانگی سوور، مانگی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەزگای ئەنکا، فرۆشتنی خێمەی بە خیانەت لێکدایەوە.

ئاکار گوتی "مانگی سوور ناتوانێت چادر بفرۆشێت. لە سەردەمی مندا هەرگیز مووچەی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردن نەدەدرا. پێنج سەنت نە لە گیرفانی من و نە لە گیرفانی هاوڕێکانمدا جێی نەدەبووەوە. ئەخلاقی نییە خۆت چادر بفرۆشیت. بۆچی چادر دروست دەکەیت؟ بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵک، بۆچی خێمەکان دەفرۆشن؟ لە ڕۆژی دووەم و سێهەمدا ڕاگرتنی چادرەکانی دەستی مانگی سوور هەڵەیەکی وەک خیانەتێکە."

پارتی باش پێشنیارێکی پێشکەش بە پەرلەمانی تورکیا کرد بۆ لێکۆڵینەوە لەو بانگەشانەی سەبارەت بە مانگی سوور. بەڵام ئەو پێشنیازە بە دەنگی ئەندامانی پارتی دەسەڵاتدار، پارتی داد و گەشەپێدان و هاوبەشەکەی پارتی بزووتنەوەی نیشتمانی (مەهەپە) ڕەتکرایەوە.

هەڵوێستی حکومەت

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا هەروەها کاردانەوەی بەرامبەر ڕەخنەگرتن لە مانگی سووری نیشان دا و گوتی "ئەوانەی هیچ ڕەوشتێکیان نییە دەستبەرداری بێڕەوشتی خۆیان نابن. هەندێک کەس هاتوونە و دەڵێن مانگی سوور لە کوێیە، نە خێمەکانیان بینی و نە خواردنەکانیان. بێ ئەخلاق، بێ ناموس، مانگی سوور ڕۆژانە خواردن دەگەیەنێتە 2.5 ملیۆن کەس. ئایا بێویژدانییەکی وا دەبێت؟ ڕوانگەیەکی نائەخلاقی لەو شێوەیە بۆ دامەزراوەی خۆی لە وڵاتێکدا قبوڵکراو نییە."

لەسەر ئەو ڕەخنانە، وتەبێژی سەرۆک کۆمار، ئیبراهیم کالین، لە کەناڵی تیڤی100 دەرکەوت و ڕایگەیاند، فرۆشتنی خێمەکان لە دۆخێکی وادا هەڵەیە.

دەشڵێت "مانگی سوور هەموو دامەزراوەی ئێمەیە، پێشتر ئەم دامەزراوەیەمان هەبووە و دوای ئێمەش بەردەوام دەبێت. دەبێت بەم شێوەیە سەیری بکەین."

لە لایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتی IFRC هەروەها ڕەخنەی زۆری لێگیرا کە پشتگیری لە بڕیارەکەی مانگی سوور بۆ فرۆشتنی چادرەکان کردووە. ڕێکخراوی IFRC کە 190 ئەندامی هەیە، ئاگادارییەکی نووسراوی بۆ بەشێک لە ئەندامانی خۆی ناردووە بۆ پاراستنی مانگی سووری تورکیا. چۆنیەتی وەڵامدانەوەی پرسیارەکان سەبارەت بە مانگی سوور بە نووسراو دیاری کرابوو.