کاندیدێکی سەربەخۆی کورد لە جولەمێرگ، وەڵامی بانگەوازەکەی دەمیرتاش دەداتەوە

جولەمێرگ

لەگەڵ پارتە سیاسییە کوردەکانی تورکیا، ژمارەیەکی زۆر کاندیدی سەربەخۆش بەشداری هەڵبژاردنەکانی 14 ی مانگی 5 ئەو وڵاتە دەکەن. ئەسەت جانان یەکێکە لەو سیاسەتمەدارانەی کە کاندیدبوونی سەربەخۆی خۆی لە شاری جولەمێرگ یان هەکاری ڕاگەیاند.

جانان لە ساڵی 1991 لە پارتی ئاناپ و لە ساڵی 2002 لە پارتی کۆماری گەل (جەهەپە) و لە ساڵی 2011 ش لە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) وەک پەرلەمانتار هەڵبژێردرا.

ئەو سیاسەتمەدارە کوردە تەمەن 73 ساڵە لە بارەی هۆکاری کاندیدبوونی سەربەخۆی دەڵێت، لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی کاندیدەکانی هەدەپەدا کەموکوڕی زۆر هەبووە و بەم شێوەیە لەسەر داوای خەڵک بووەتە کاندیدێکی سەربەخۆ.

جانان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "پێویستە حزب لە بچووکترین هەڵبژاردنیشدا بۆچوونی خەڵک وەربگرێت و دواتر کاندیدەکانی هەڵبژێرێت. ناوەندی پارتەکە بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا ئەمە لەبەرچاو ناگرێت و خۆیان کاندید دیاری دەکەن."

لە ماوەی ڕابردوودا دەنگۆی ئەوە هەبوە کە جانان داوای کردووە ببێتە کاندیدی جەهەپەی ، بەڵام جەهەپە قبووڵی کردووە. لەم بارەیەوە بە دەنگی ئەمەریکای گوت تا ئێستاش ئەندامی هەدەپەیە و نەچووەتە ناو جەهەپەوە. گوتیشی کە تەنانەت داوای نەکردووە ببێتە کاندیدی هەدەپەش، چونکە "بێ ئومێد بووە" لەو حزبە.

دەشڵێت "دوای ئەوەی لە ساڵی 2015دا خولی پەرلەمانی هەدەپەم کۆتایی هات، لەو ڕۆژەوە تا ئێستا کەسێکی ئەو پارتە نەهاتۆتە بەر دەرگاکەم. هیچ هەواڵێکیان نەپرسیوم. بۆ نموونە لە دۆسیەی هەدەپەدا، منیش دادگایی دەکرێم و لە سیاسەتیش قەدەغە دەکرێم. بەڵام لە کاتی پاراستنی هاوبەش بۆ هەمووان ئەنجامدرا، بەڵام پاراستن بۆ من نەکرا ."

ڕۆژی سێشەممە باشاک دەمیرتاش بە ناوی هاوسەرەکەی و هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش بەشداری گردبوونەوەکەی هەدەپە بوو لە جولەمێرگ و پەیامەکەی دەمیرتاشی خوێندەوە. لەو پەیامەدا بانگەوازێک بۆ کاندیدە سەربەخۆکان کرا بۆ پشتیوانی لە پارتی چەپی سەوز.

دەمیرتاش لە بانگەوازەکەدا دەڵێت "هەوڵ دەدەین لە ژێر سەقفی پەرلەماندا کێشەی کورد چارەسەر بکەین. بۆ ئەمەش دەبێت پارتی چەپی سەوز بە بەهێزترین شێوە جێگەی خۆی لە پەرلەمان بگرێتەوە. کاتی ئەوە نییە کورسییەک یان پەرلەمانتارێک بەدەست بهێنێت. بانگەواز بۆ ئەو کەسانە دەکەم کە بە کاندیدکردنی سەربەخۆ هاتنە پێشەوە: ئێوە بەنرخن بۆ ئێمە، ئەوە مەکەن. وەرن کار بۆ پارتی چەپی سەوز بکەن."

جانان لەگەڵ ژمارەیەک لە دانیشتوانی ناوچەکە

جانان دڵخۆشی خۆی بە وتارەکەی دەمیرتاش دەربڕی و گوتی " بانگهێشتکردنی دەمیرتاش بۆ من زۆر گرنگە، بەڵام دوای ئێستا ناتوانم بکشێمەوە. هێشتا کاندیدبوونم زیان بە پارتی چەپی سەوز ناگەیەنێت، چونکە زۆرترین دەنگ بۆ من لە پارتی ئاکەپەوە دێت. دەڵێم ئەگەر لەسەدا 20ی زیانەکانم بۆ هەدەپە بێت، لەسەدا 70ی زیانەکانم بۆ ئاکەپەیە."

لە شاری جولەمێرگ 3 کورسی پەرلەمان هەیە. جانان هیوادارە خۆی یەکێکیان دەستبهێنێت و دووەکەی تریش سەر بە پارتی چەپی سەوز بن.

سەبارەت بە قسەکانی جانان لەسەر هەدەپە، لوقمان ئۆزدەمیر، هاوسەرۆکی ڕێکخستنی هەدەپەی جولەمێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، تا ئێستا هیچ هەڵەیەک لەلایەن پارتەکەیانەوە بەرامبەر جانان نەکراوە.

ئوزدەمیر گوتی "ناوەندی حزبەکەمان و ئەحمەد تورک لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندییان بە جانانەوە کرد، بەڵام ئەو کشایەوە. لە پاش ئەوە ڕۆژەوە ئیتر ئەو لە کارنامەی ئێمەدا نییە."

گوتیشی "ئەگەر تەنانەت یەک دەنگ لە حزبەکەمانەوە بۆ جانان بچێت، ئەوە دەبێتە زەرەر بۆ ئێمە. ڕەنگە بەهۆی یەک دەنگەوە ئەندام پەرلەمانێک لەدەست بدەین. پێویستە هاووڵاتیان دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدەن."

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 دا هەدەپە لە سەدا 70 و ئاکەپە لە سەدا 20 ی دەنگەکانی جولەمێرگی بەدەستهێنا.

دەقی ڕاپۆرتی پەیامنێرمان عارف ئەسڵان:

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی ڕاپۆرتی عارف ئەسڵان