لە دەرئەنجامی هێرشی مووشەکی ڕووسیا لە سەرانسەری ئۆکرانیا 5 کەس کوژران

بینایەکی نیشتەجێبوون لە شاری تۆشکیڤکا کە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە

ڕووسیا سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی هێرشی مووشەکی بۆسەر شارەکانی سەرتاسەری ئۆکرانیا ئەنجامدا، لەنێویاندا کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا.

لەو ‌هێرشانەدا لانیکەم پێنج کەس کوژران، دایکێک و منداڵە 3 ساڵانەکەی لە دنیپرۆ، لەگەڵ سێ کەس لە ناوەڕاستی شاری ئومان، هەروەها هەشت کەس برینداربوون.

هێشتا زیانەکانی بەر کیێڤ کەوتون ڕوون نەبووەتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ئەنجومەنی ئەوروپا بەرنوسی بڕیارێکیان پەسەند کرد کە دان بەوەدا دەنێت کە دیپۆرتکردنی منداڵانی ئۆکرانی لەلایەن ڕووسیا بەڵگەی جینۆساید لە خۆدەگرێت.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە وتاری ڕۆژانەی خۆیدا وتی: “ئەم بڕیارە یارمەتیدەرێکی بەرچاو دەبێت بۆ هەوڵە جیهانییەکانمان بۆ ڕاپێچکردنی ڕووسیا و بەرپرسانی ئەو وڵاتە، لەوانەش سەرۆکی ئەو وڵاتە تیرۆریستە، بۆ دادگاییکردن بەهۆی سیاسەتی جینۆساید و پاکتاوکردنی ڕەگەزی دژی ئۆکرانیا”.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە، سەرۆکوەزیرانی ئۆکرانیا، دێنیس شمیهال، وتی داوای یارمەتی لە پاپا فرانسیس کردووە، بۆ گەڕاندنەوەی منداڵانی ئۆکرانی بۆ ئۆکرانیا کە ‘دەستبەسەرکراون، دەستگیرکراون و بە شێوەیەکی تاوانکاری براونەتە ڕووسیا.’

دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا و ماریا لۆڤا بیلۆڤا، کۆمیساری مافەکانی منداڵانی ڕووسیا دەرکرد، بەهۆی ئەوەی گوایە دەستیان هەبووە لە دیپۆرتکردنی منداڵانی ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا بۆ ڕووسیا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا