چەند سەرچاوەیەک دەڵێن ناکۆکی نێوان یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان متمانه‌ی خه‌ڵکیان به ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له هه‌رێمی کوردستان لاوازکردووه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی درزی له نێوان شه‌قامی سلێمانی و هه‌ولێریشدا دروستکردووه و هەردوو حزب تۆمه‌تبار ده‌کرێن به‌هه‌وڵدان بۆ به‌کارهێنانی شه‌قام له‌دژی یه‌کتری.
کاتێک چه‌ند ڕۆژێک له‌مه‌وبه‌ر عه‌لی مەحمود ناسراو بە عەلی سیاسی، چالاکوانی بواری جینۆساید به تۆمه‌تی "داڵده‌دانی بکوژێک" له هه‌ولێر ده‌ستگیرکرا، له سلێمانییه‌وه هێرشکرایه سه‌ر پارتی و دادگاکانی هه‌ولێر، میدیاکانی پارتیش له‌سه‌ر گرتنی دوو فه‌رمانبه‌ری ده‌روازه‌ی په‌روێزخان، هێرشیان بۆ سه‌ر ده‌زگا ئه‌منییه‌کانی یه‌کێتی ده‌ستپێکردووه.
حاکم کاوه فه‌تحی مه‌عسوم، سه‌رۆکی داواکاری گشتی هه‌رێمی کوردستان، به ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای ڕاگه‌یاند، "به‌داخه‌وه، بارودۆخی سیاسی هه‌رێمی کوردستان بێ متمانه‌یی دروستکردووه. پێویسته سه‌رکردایه‌تی دوو حزبه‌که پێکه‌وه دابنیشن و هه‌وڵی گێڕانه‌وه‌ی متمانه بۆ خه‌ڵک بده‌ن."
هەندێک لە خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ به‌رپرسانی باڵای حزبه‌کان درێژده‌که‌ن و تۆمه‌تباریان ده‌که‌ن به گه‌نده‌ڵی و "کوشتن" و داڵده‌دانی بکوژان، هەروەها ئاماژه بەوە‌ده‌که‌ن دادگاکان له ئاست تاوانی به‌رپرسان ده‌سته‌وه‌ستانن.
حاکم ناز نوری، سه‌رۆکی پێشووی داواکاری گشتی سلێمانی، به ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای ڕاگه‌یاند، "بێ متمانه‌یی خه‌ڵک به دادگاکان هی ئه‌مڕۆ نییه. له‌دوای ساڵی 2010ەوه ورده ورده دادگا بوونی نه‌ما، چونکه حزب کۆنترۆڵی دادگاکانی کرد، ته‌نانه‌ت دادوه‌ر له رێگه‌ی حزبه‌وه له په‌یمانگای دادوه‌ری وه‌رده‌گیرێت. دادوه‌ریش زۆر تاوانی نییه چونکه چانسی دادوه‌ر بوون له‌ده‌ست ده‌دات گه‌ر ڕازی نه‌بێت."
ئه‌و وتیشی"دادگا و یاسا نه‌ک به‌رپرسی باڵای حزبه‌کانی پێ ده‌ستگیر ناکرێت، به‌ڵکو ناتوانێت ده‌ست و پێوه‌نده‌کانیشیان بگرێت."
لایەنگیری حزبی لە ناو دادوەران
حاکم کاوه فه‌تحی سه‌رۆکی داواکاری گشتی هه‌رێم، ده‌ستوه‌ردانی حزبی ڕه‌تده‌کاته‌وه و ده‌ڵێت، "دادوه‌ری لێهاتوو ده‌توانێت هه‌موو لێپێچینه‌وه‌یه‌ک بکات. من سه‌رۆکی داواکاری گشتی هه‌رێمم، ڕۆژێک له ڕۆژان هیچ لایه‌نێک نه پارتی نه یه‌کێتی ده‌ستوه‌ردانی له کاره‌که‌مدا نه‌کردووه."
له هه‌ڵبژاردنی پێشووی په‌رله‌مانی عێراقدا، وێنه‌ی ژماره‌یه‌ک دادوه‌ری هه‌ولێر بڵاوکرایه‌وه کاتێک به‌شداری بانگه‌شی هه‌ڵبژاردنی پارتییان کرد. هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ک دادوه‌ری سنوری سلێمانیش که‌ناوه‌کانیان لای ده‌نگی ئه‌مه‌ریکایه، خۆیان بۆ یه‌کێتی کاندید کرد، یاخود دوای خانه‌نیشین بوونیان کاره‌که‌یان بۆ سلکی حزبی گواسته‌وه.
حاکم کاوه فه‌تحی وتی، "سه‌ردانی دادوه‌ر بۆ لای به‌رپرس و باره‌گای حزبی خه‌له‌لی دادوه‌ره‌که‌یه. ئێمه ڕازی نابین هیچ ئه‌ندامێکی داواکاری گشتی سه‌ردانی هیچ حزب و باره‌گای رێکخراوی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی بکات."
له بەرامبەردا پارێزه‌رێک، هۆکاری بێ متمانه‌یی خه‌ڵکی سنوری پارتی و یەکێتی بۆ دادگاکانی یەکتر بۆ ناکۆکی حزبی ده‌گێڕنێته‌وه.
پارێزه‌ر کاوه له‌تیف ده‌ڵێت، "پارتی له هه‌ولێر ته‌حه‌کوم به دادگاوه ده‌کات و یه‌کێتیش له سلێمانی به هه‌مان شێوه. ئه‌مه‌ش بێ متمانه‌یی لای خه‌ڵک به دادگاکان دروستکردووه. پاشان ده‌زگای ئه‌منی که جێبه‌جێکاری فه‌رمانه دادوه‌رییه‌کانن، سه‌ربه حزبن، ناتوانن له سنوری یه‌کتری کاربکه‌ن."
کەیسی هاوکار جاف
له مانگی 10 ی ساڵی 2022، عه‌قیدێکی دژه‌تیرۆری یه‌کێتی به ناوی هاوکار جاف له هه‌ولێر کوژرا، پارتی دیموکراتی کوردستان په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ چه‌ند پله‌دارێکی یه‌کێتی درێژ ده‌کات و ئه‌و پله‌دارانه‌ی یه‌کێتیش له دادگای هه‌ولێر بڕیاری گرتنیان بۆ ده‌رچووه، به‌ڵام یه‌کێتی ڕاده‌ستکردنیان ڕه‌تده‌کاته‌وه بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لەو کاتەدا گوتی " لە هیچ شوێنێکی جیهان نەمبینیوە خەڵک لە تەلەفیزۆن دادگایی بکرێت، خەڵک لە داگا دادگایی دەکرێت نەک تەلەفیزیۆن. من یەک کادیری خۆم ڕادەستی هیچ دادگایەک ناکەم تا قەناعەت نەکەم ئەو دادگایە ڕاستەقینەیە."
هه‌ریه‌ک له هیوا ئه‌حمه‌دی به‌رپرسی پێشووی لقی سلێمانی پارتی، که تۆمه‌تبار ده‌کرێت به‌ده‌ستهه‌بوونی له کوشتنی خۆپیشانده‌ران له مانگی 2 ی ساڵی 2011 و چه‌ند به‌رپرسێکی تری ئه‌و حزبه‌ش له‌لایه‌ن دادگاکانی سلێمانییه‌وه داواکراون، به‌ڵام پارتی ڕاده‌ستکردنیان ڕه‌تده‌کاته‌وه.
عه‌قید عه‌لی قه‌دوری، وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پۆلیسی گه‌رمیان، ده‌ڵێت، "ئه‌و که‌سانه‌ی پله‌ی حزبی یاخود پێگه‌یان هه‌یه، گه‌ر تاوان ئه‌نجام بده‌ن و پۆلیس فریا بکه‌وێت له شوێنی تاوانه‌که ده‌یانگرێت. به‌ڵام گه‌ر له‌وکاته‌دا نه‌گیرێن، ئه‌وا نوسراو ده‌کرێت بۆ ئه‌و ده‌زگایه‌ی به‌رپرسه‌که کاری تێدا ده‌کات، تا ڕاده‌ست بکرێت."
هه‌روه‌ها وتیشی، "گه‌ر به‌رپرسه‌که ڕاده‌ست نه‌کرا، دادگا لێپێچینه‌وه‌ی خۆی ده‌کات و نوسراو بۆ فرۆکه‌خانه و دام و ده‌زگاکان ده‌کات، له‌م رێگه‌وه فشار ده‌خاته سه‌ری تا خۆی ڕاده‌ست بکات."
کارنه‌کردنی پارتی و یه‌کێتی وه‌کو دوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێمی کوردستان به بڕیاری دادگاکان، خه‌ریکه کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان گه‌وره‌تر ده‌کاته‌وه، به تایبه‌ت هه‌فته‌ی ڕابردوو کاوه بازیانی که که‌سایه‌تییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی سنوری سلێمانییه، له‌لایه‌ن کوڕه شه‌هیدێکی یه‌کێتییه‌وه کوژرا و هۆکاره‌که‌شی بۆ "تۆڵه کردنه‌وه‌ی" کوشتنی باوکی گێردرایه‌وه.
258 موستەشاری تۆمەتبار
له شارۆچکه‌ی چه‌مچه‌ماڵیش، کوڕی عه‌بدوڵای کوێخا موباره‌ک که به‌رپرسێکی پارتییه له ده‌ڤه‌ره‌که کوژرا، ئه‌مه‌ش به تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی کوڕانی کوێخا موباره‌ک که‌سێکیان له‌و خێزانه پێشتر کوشتبوو.
ئه‌حمه‌د مه‌جید، سه‌رۆکی رێکخراوی چاودێری کوردۆساید (چاک)، به ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای ڕاگه‌یاند، "کاتێک دادگا ڕۆڵی نامێنێت و تاوانبار به به‌رچاوی که‌س و کاری قوربانییه‌وه ده‌سوڕێته‌وه، خه‌ڵک ناچار ده‌بێت خۆی تۆڵه بکاته‌وه. ڕه‌نگه له داهاتوودا شتی خراپتریش ڕووبدات، چونکه خه‌ڵک قه‌بوڵ ناکات بکوژی که‌س و کاره‌که‌ی ئازادانه بسوڕێته‌وه."
وتیشی"258 مسته‌شاری تۆمه‌تبار به ئه‌نفال هه‌ن ده‌سوڕێنه‌وه و ناگیرێن، له‌کاتێکدا بڕیاری گرتنیان هه‌یه. خۆم له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری دانیشتم، پێیوتم بڕیاری گرتنه‌کانیان ڕه‌وانه‌ی دادگا ده‌کات، که‌چی له پشته‌وه حزب نامه ده‌نێرێت و نایانگرن."
لاوازبوونی متمانه‌ی خه‌ڵک به ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له هه‌ولێر و سلێمانی به‌هۆی ده‌ستوه‌ردانی حزبییه‌وه وایکردووه، هه‌رکه‌سێک ده‌ستگیرده‌کرێت، خێرا له سلێمانی و هه‌ولێره‌وه هێرش ده‌ست پێده‌کرێت و هۆکاره‌که بۆ ده‌ستی حزب ده‌گێردرێته‌وه، وه‌ک ده‌ستگیرکردنی عه‌لی سیاسی چالاکوان له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی رابردوودا.
عومه‌ر عه‌بدولکه‌ریم، چالاکوانی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، وتی، "دوو زۆنی و جوگرافیا جیایی حزبی کاریگه‌ری له‌سه‌ر خه‌ڵکیش دروستکردووه. کاتێک ڕووداوێک له‌هه‌ولێر ڕووده‌دات، خه‌ڵک له سلێمانییه‌وه ده‌فی پارتی ده‌کوتێت و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه. خه‌ڵک ده‌بێت هۆشیار بێت و یه‌کگرتوو بێت، نه‌بێته به‌شێک له ئه‌جێنداو گه‌مه‌ی حزبی."
ڕاگەیاندنی حزبی
به‌رپرسانی پارتی و یه‌کێتی، به‌کارهێنانی سۆشیال میدیا و ڕاگه‌یاندن بۆ هێرشکردنه سه‌ر یه‌کتری ناشارنه‌وه. ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی باڵاش دان به ده‌ستوه‌ردانی حزبی دا له دۆسیه یاساییه‌کان ده‌نێن.
به‌همه‌ن کاکه عه‌بدوڵا، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی کوردستان له فراکسیۆنی پارتی، به ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای ڕاگه‌یاند، "هه‌ر ڕووداوێک له هه‌ولێر ڕووبدات ده‌کرێته هه‌ڵای گه‌وره. به‌ڵام ڕووداوه‌کانی سلێمانی که‌متر هه‌ڵایان له‌سه‌ر دروست ده‌بێت، چونکه ئه‌و هه‌ڵایه‌ی له‌سه‌ر هه‌ولێر دروست ده‌کرێت ده‌ستی دامه‌زراوه‌ی سلێمانی له پشته. بۆ نموونه عه‌لی سیاسی ده‌ستگیرکرا، هه‌ڵایه‌کی گه‌وره دروستبوو، که‌چی ئه‌و هه‌ڵایه له‌سه‌ر گرتنی دوو فه‌رمانبه‌ره‌که‌ی په‌روێزخان دروست نه‌بوو. هه‌ڵای پێش یه‌کلایی بوونه‌وه‌ی دۆسیه‌کان سه‌ر له دادگاش ده‌شێوێنێ."
به‌هۆی کوژرانی خۆپیشانده‌رێک له نزیک لیژنه‌ی ناوچه‌ی پارتی له که‌لار له مانگی 10ی ساڵی 2015، بڕیاری ده‌ستگیرکردن بۆ به‌همه‌ن کاکه عه‌بدوڵا به‌رپرسی ئه‌وکاتی ناوچه‌ی که‌لار و په‌رله‌مانتاری ئێستای هه‌رێم ده‌رچوو، به‌ڵام نه‌چووه به‌رده‌م دادگای که‌لار و دواتر دۆسیه‌که‌ی بۆ هه‌ولێر گواسته‌وه.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی تاچه‌ند متمانه‌ی به دادگاکانی سنوری ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی هه‌یه، به همه‌ن کاکه عه‌بدوڵا ده‌ڵێت، "کێشه‌که دادگا نییه، کێشه ئه‌و دۆخه ئه‌منییه‌یه له ده‌ره‌وه‌ی دادگا دروستکراوه و به‌و هۆیه‌وه نا‌توانیت بچیته دادگا، ئه‌گینا دادوه‌ر هه‌ر دادوه‌ره‌و بڕوا ناکه‌م خیانه‌ت له پیشه‌که‌یان بکه‌ن."
ناکۆکی نێوان یه‌کێتی و پارتی و ڕاده‌ست نه‌کردنی داواکراوانی سنوری یه‌کتری به دادگا به سودی ژماره‌یه‌کی زۆر تۆمه‌تبار شکاوه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی له‌دادگاکانی سلێمانی داواکراون ڕوویان له هه‌ولێر و تۆمه‌تبارانی سنوری هه‌ولێریش ڕوویان له سلێمانی کردووه.
ناسر ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی په‌رله‌مانی کوردستان له فراکسیۆنی یه‌کێتی، به ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای وت، "هه‌ر که‌سێک له سلێمانی تاوان بکات هه‌ڵدێت بۆ هه‌ولێر و له‌وێ دادگاکان هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ ناکه‌ن. ته‌نانه‌ت ئه‌و که‌سانه داڵده‌ش ده‌درێن و هێزیان بۆ دروست ده‌کرێت، بۆیه ئه‌مه متمانه‌ی به دادگا نه‌هێشتووه و دادگا بووه‌ته شوێنی سزادانی بێ که‌سه‌کان."
ناسر ئه‌حمه‌د ده‌شڵێت، "گه‌ر له هه‌ولێر تۆمه‌تێک بدرێته پاڵم ناڕۆم، چونکه یاسا سه‌روه‌ر نییه و له‌سه‌ر بنه‌مای تۆمه‌تی حزبی بڕیارت له‌سه‌ر ده‌ده‌ن."