دادگایەکی هۆڵەندا پیاوێک کە باوکی سەدان منداڵە، لە بەخشینی سپێرمی دیکە قەدەغە دەکات

دادگای هۆڵەندا پیاوێک کە بە وتەی دادوەر باوکی 500 بۆ 600 منداڵە لە جیهاندا، لە بەخشینی سپێرمی دیکە قەدەغە دەکات.

لە فەرمانەکەی دادگادا کە ڕۆژی هەینی دەرچووە، ئەو پیاوە هۆڵەندییە تەمەن 41 ساڵە کە ڕۆژنامە ناوخۆییەکە بە جاناتان مێیەر ناویان بردوو، قەدەغەکراوە لە بەخشینی سپێرمی خۆی بۆ کلینیکەکان و دەوترێت ڕەنگە ناوبراو بۆ هەر سەرپێچییەک بە بڕی 110 هەزار دۆلار غەرامە بکرێت.

هەروەها دادگا بڕیاریداوە جاناتان مێیەر نامەیەک بۆ کلینیکەکانی دەرەوەی هۆڵەندا بنووسێت و داوایان لێبکات سپێرمەکانی ناوبراو فڕێبدەن، جگە لەو ژەمەی کە بۆ ئەو دایک و باوکانە دانراوە کە پێشتر بە سپێرمی ئەو بوون بە خاوەنی منداڵ.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە دۆسیەیەکی مەدەنی لەلایەن دامەزراوەیەکەوە کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی ئەو منداڵ و دایک و باوکە هۆڵەندیانە دەکات کە سپێرم کەسی دیکە بۆ منداڵداربوون بەکاردەهێنن، لەدژی مێیەر تۆمارکرا.

ئەو خێزانەی کە بە سپێرمی مێیەر بوون بە خاوەنی منداڵ و ئێستا سکاڵایان لە دژی تۆمار کردووە، دەڵێن بەخشینی بەردەوامی سپێرم لەلایەن جاناتان مێیەرەوە، یپێشێلکردنی مافی تایبەتمەندی ئەو منداڵانەیە کە لە ڕێگای سپێرمی ئەوەوە لەدایک بوون، چوونکە ئەمە لە داهاتوودا دەبێتە مایەی نیگەرانی ئەو منداڵانە و لەترسی ئەوەی نەبا لەگەڵ کەسێکی هاوخوێنی خوۆیاندا پەیوندی سێکسی درووست بکەن، نەتوانن بە ئاسانی پەیوەندی خۆشەویستی و سۆزدارییان هەبێت.

بەخشینی بەردەوامی سپێرمەکانی ئەو پیاوە لە ساڵی 2017 هاتە ئاراوە و لەو کاتەوە بەخشینی سپێرمی بۆ کلینیکەکانی هۆڵەندا کە تێیدا زیاتر لە 100 منداڵی هەبووە، قەدەغەکرا.
بەڵام لەو کاتەوە جاناتان مێیەر بەردەوام بووە لە بەخشینی سپێرمەکانی بۆ کلینیکەکانی دەرەوەی هۆڵەندا و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا چالاک بووە. هەروەها لە هەندێک حاڵەتدا ناوێکی ساختەی بەکارهێناوە بۆ پەیوەندیکردن بەو دایک و باوکانەی کە بەدوای سپێرمدا گەڕاون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز