پارتی چەپی سەوز لە ئەنجامی تیروپشکدا لە قەرس مافی دەستنیشانکردنی ئەندامێکی چاودێری سندوقەکانی دەنگدان بەدەستدەهێنێت

ڕێکخستنی پارتی چەپی سەوز لە ناوەندی شاری قەرس لە ئەنجامی تیروپشکدا مافی دیاریکردنی ئەندامێکی لیژنەی چاودێری دەنگدانی بەدەستهێنا.

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان (YSK)، لەبەر ئەوەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بە ناوی خۆیەوە بەشداری هەڵبژاردنی نەکرد، مافی ئەندامێتی لە کۆمیتەی سەر سندوقەکان لێسەندووەتەوە.

پارتی چەپی سەوزیش لەو مافە بێبەشە، چونکە لە پەرلەمانی تورکیا گرووپێکی نییە و بۆ یەکەمجارە بەشداری هەڵبژاردن دەکات.

سەرەڕای ئەمەش کۆمیسیۆنەکانی هەڵبژاردنی شار و شارۆچکەکان، بۆ پڕکردنەوەی شوێنی هەدەپە، تیروپشک دەکەن و لە ئەنجامدا، ئەو پارتانەی کە نوێنەرایەتییان لە ئەنجومەنەکەدا نییە، مافی ئەوەیان پێدەدرێت ئەندامێکیان بۆ لیژنەی چاودێری سندوقەکان دیاری بکەن.

لە ئەنجامی تیروپشکەکەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ناوەندی قەرس، ناوی پارتی چەپی سەوز دەرچوو و بەمەش لە جیاتی هەدەپە، پارتی چەپی سەوز ئەندامێکی دەستەی چاودێری دەنگدان لە ناوەندی شاری قەرس دادەنێت .

سێرتاچ چەلیکالەلی، کاندیدی پارتی سەوزی چەپی قەرس کە هاوکات پارێزەرە، دەڵێت ئەو مافەیان وەرگرتەوە کە لە ئەنجامی تیروپشکەکەدا لە هەدەپە سەندرایەوە.

بەڵام چەلیکالەلی ئاماژەی بەوەدا کە هەمان دۆخ شارۆچکەکانی قەرس ناگرێتەوە و نەیانتوانی هەمان ماف لەو ناوچانە بەدەستبهێنن.

سەرتاچ چەلیکالەلی

دەشڵێت "لە شارۆچکەکانی وەک دیگۆر، قاخیزمان، قاموشان و شارۆچکەکانی دیکە بەهۆی ئەویە ڕێکخستنی پارتەکەمان نەکرابووەوە نەمانتوانی بەشداری لە تیروپشکی YSK بکەین. بۆیە شایەتحاڵ دەنێرین بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان."

چەلیکالەلی بە دەنگی ئەمەریکای گوت "داوا لە هەموو دۆست و گەلەکەمان دەکەین بۆ ئەرکی شایەتحاڵ لە سندوقەکانی دەنگدان ڕوو لە پارتەکەمان بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین لە ڕۆژی هەڵبژاردندا خاوەنی دەنگەکانی خۆمان بین."

ھەموو لایەنە بەشداربووەکانی ھەڵبژاردن مافی ئەوەیان ھەیە بۆ ھەموو دەنگدانەکان شایەتحاڵ دابنێن. چەلیکالەلی، تیشکی خستەسەر هەندێک خاڵی گرنگی ئەرکی شایەتحاڵەکان و گوتی " ئەگەر شایەتحاڵی ڕاپرسی بەیانی زوو بچێتە شوێنی ئەرکەکەی و ئەندامێکی دەستەی دەنگدان درەنگ بگات، دەتوانێت بچێتە شوێنەکەی و هەموو ئەرکەکانی جێبەجێ بکات."

بە پێی YSK لە قەرس 185 هەزار و 45 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لە 722 سندوقی دەنگداندا دەنگی خۆیان دەدەن. چەلیکالەلی دەڵێت ئەوان شایەتحاڵ ڕوانەی هەموو سندوقەکان دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو هاوڕێ پارێزەرەکانی دەکاتە بەرپرسیار لە ئاسایشی دەنگدانەکان و هاوکات لەگەڵ لایەنەکانی تری ئۆپۆزسیۆن پەیوەندییان دەبێت.

بە پێی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا (YSK) ئەو کەسانەی دەیانەوێت شایەتحاڵ بن لە سندوقەکانی دەنگدان دەتوانن تا ڕۆژی هەڵبژاردن داواکاری پێشکەش بە حزبەکان بکەن و ئەگەر ئەو حزبە بیەوێت بیکاتە شایەتحاڵ لە سندوقەکانی دەنگدان.