لە هەرێمی کوردستاندا کەمترین ژن خاوەنی دەزگاکانی ڕاگەیاندنن یاخود بەڕێوەبەر و سەرنوسەری ئەو دەزگایانەن، ئەگەرچی زیاتر لە 1600 دەزگای ڕاگەیاندن بە نوسراو و بینراو و بیستراوەوە هەن.
ئامارەکان
بەپێی ئامارێک کە لەسەندیکای ڕۆژنامەنوسانی هەرێمی کوردستانەوە دەست دەنگی ئەمەریکا کەتووە، لە هەرێمی کوردستان لەکۆی 1650 رۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی، ژنان تەنها خاوەن ئیمتیازی 63 یانن، هاوکات تەنها سەرنوسەری 7% لە دەزگا میدیایەکانن.
لە ئامارەکەدا ئەوەش هاتووە لە هەرێمی کوردستان 260 رۆژنامە مۆڵەتی کارکردنیان هەیە، لەو ژمارەیە تەنها 15 یان ژنان خاوەن ئیمتیازین و لە 17 رۆژنامەشیان ژنان سەرنوسەرن.
هەر بەپێی ئامارەکەی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی هەرێم، لەکۆی 713 گۆڤاری تۆمارکراو، تەنها 42 ژن خاوەن ئیمتیازن، هەروەک 56 ژنیش سەرنوسەری گۆڤارن.
ئەمە جگە لەوەی لەکۆی 105 ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی تەنها 6 ژن خاوەن ئیمتیاز و 4 ژن سەرنوسەرن.
لە ئامارەکەدا ئاماژە بەژمارەی ژنان لە خاوەندارێتی دەزگاکان کراوە؛ ژنان خاوەن ئیمتیازی کەمتر لە 6٪ و سەرنوسەری 7٪ لە دەزگا میدیایەکانن.
سەندیکاکە دەڵێت رێژەکە بۆ ساڵی 2021 بەشێوەیەک بو کە لە کۆی 954 رۆژنامە و گۆڤار، 67 ژن خاوەن ئیمتیاز بون و 73 ژن پۆستی سەرنوسەری دەزگاکانیان هەبوو.
هۆکارەکان
ڕۆژنامەنوس شەیما عەبدوڵا دەڵێت یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی کەمی ژنان لە پۆستە باڵاکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن بریتییە لە بەردەوامی زاڵی بیری پیاوسالاری لە دەزگاکان.
شەیما عەبدوڵا، بە دەنگی ئەمەریکای وت،"ژنان لە بەرێوەبردن و بەرپرسیارێتی لێهاتوو و کارامەن، ئەمەش بەدڵی کەسی یەکەمی کەنالەکانی میدیایی نین،چونکە کەسانێکیان دەوێت بۆ پۆستەکانی بەرپرسیارێتی لاوازو ژێردەستەیی بن، بۆ ئەمەش ژنەکان کەمتر قەبوڵی دەکەن وا بن."
ئەو ڕۆژنامەوانە دەشڵێت، "نابێت ئەوەمان بیر بچێت، زۆرینەی ئەو کەسانەی باسی ژن و بەرپرسیارێتی دەکەن لە ناوەرۆکدا بۆشن و هیچ باوەریان بەوە نییە ژنێک ئەمریان بەسەردا بکات. دواجار ئەگەر بەهەق و لێهاتوی خۆشی ژنێک گەشتبێتە ئەو پۆست و بەرپرسیارێتیە، دەیان بوختان و قسەی ناشیرینی بۆ دروست دەکەن."
شەیما عەبدوڵا پێیوایە کە ئەم لەمپەرانە لەبەردەم ژنان هەر لە دەزگا حکومیەکان نییە بەڵکو لەو شوێنانەش باڵایە کە بانگەشەی یەکسانی ڕەگەزی دەکەن.
دەڵێت، "ئێمە بۆ کەناڵەکانی حزبی بۆمان یەکلایی بۆتەوە کە ئەوان بیرکردنەوەیان سەبارەت بەژن چۆنە، بەڵام لەناو میدیای ئۆپۆزسیۆن و ئەهلیش هەمان مۆدێل دووبارە بۆتەوە کە هیچ ژنێک ناگاتە ناوەندی بڕیاری دەزگاکانی ڕاگەیاندن."
لای خۆشییەوە کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی هەرێم، دەڵێت هۆکارە کۆمەڵایەتیەکان، بە تایبەت بەرپرسیارێتی خێزانی، بوونەتە هۆی سنوردارکردنی مەودای ئازادی ژنان لە کاری ڕۆژنامەوانی و کایەکانی تر.
کاروان ئەنوەر ڕایگەیاند، "بەپێی ئەو بیرکردنەوە باوک و پیاو سالارییەی لە کۆمەڵگای ئێمەدا هەیە، بینیمان چەند بەرپرسێکی ژن لە کەناڵەکان هەبوون بەڵام هەر لە ڕێگای حزبەکان خۆیانەوە لابران."
وتیشی"لەکۆمەڵگای کوردیدا بەرپرسی یەکەمی خێزان و پەروەردەی منداڵ و ماڵ و میوان ژنانن بۆیە ناتوانن بۆ نمونە لە کەناڵێکی ڕاگەیاندن کە پەخشەکەی بیست و چوار سەعاتەیە بمێنێتەوە. ئەگەرنا توانای ژنان هیچ لە توانای پیاوان کەمتر نییە."
بەڵام بە بڕوای عەبدولکەریم ئەحمەد، کە بەڕێوەبەری کەناڵی ئاسمانی سپێدە یە، خودی بزوتنەوەکانی ژنان بەشێکن لە هۆکارەکانی نەگەیشتنی ژنان بە پۆستی باڵای دەزگاکانی ڕاگەیاندن.
عەبدولکەریم ئەحمەد دەڵێت، "لاوازی بزوتنهوهكانی ژنان له كۆمهڵگەدا وای کردووە وهک پیویست ژنان رۆڵ نهبینن. هەروەها كهمی راگهیاندنكاری ژن بهراورد به پیاوان."
سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە کەناڵی سپێدە، ڕایگەیاند، "له سپیده تائێسته بهریوهبهری ژنمان نهبووه، بهڵام رۆڵی خوشكانمان له پێش كهشكاری و ههواڵ و بهرنامهكاندا ئهگهر یهكسان نهبیت به پیاوان كهمتر نیه."
وتیشی، "ئیمه ئیسته ژمارهی بێژهری ئافرتمان زیاتره له پیاوان و زۆرینهی بهرنامه كۆمهلایهتیهكانیشمان ئافرهتن."
لای خۆشییەوە ڕۆژنامەنوس سیروان ڕەشید، سەرنوسەری ماڵپەڕی زەمەن، پێی وایە بەشێک لەهۆکارەکان خودی خانمان خۆیانن کە نەیانتوانیووە ببنە کەسی یەکەمی دەزگاکانی ڕاگەیاندن.
سیروان ڕەشید دەڵێت، "هۆکارەکان بەگشتی خانمان خۆیانن کە ئەوان ئامادەنین کار و ڕەنجی زۆر بکەن و قاڵ ببنەوە لە هەموو بوارەکانی کاری ڕۆژنامەوانی."
وتیشی، "هۆکارێکی تر ئەوەیە هەندێکییان وەک حەز و خولیا سەیری کارەکە ناکەن، بەڵکو تەنها وەک بژێوی و خۆ سەرقاڵکردن سەیری کارەکە دەکەن. هەروەها هۆکارێکی تر ئەوەیە بەوپێیەی خانمان ئەرکییان بەخێوکردنی مناڵ و دروستکردنی منداڵە بەهۆی ئەمەوە هەندێکجار دوادەکەون لە کاروانەکە."
سیروان ڕەشید هاوبۆچونە، کە نەریتی کۆمەڵگاش یەکێکی ترە لە هۆکارەکانی بەرەوپێش نەچوونی ژنان و دەڵێت، "بۆ نمونە خاوەن دەزگایەک زیاتر حەز دەکات مامەڵە لەگەڵ پیاوێکدا بکات، چونکە ئازادترە لەپەیوەندی کردن، ڕەنگە ئەگەر خانمێک بەرپرسی یەکەمی دەزگاکە بێت ئەوا لەکاتی دروستبونی گرفتدا نەتوانێت یانزەی شەو یا درەنگ پەیوەندی پێوە بکات بەهۆی دۆخی کۆمەڵایەتییەەوە."