سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە ئاماژە بەوەدەکات بە بێ ئاگادارکردنەوەی خۆی لە پۆستەکەیدا لادراوە و کەسێکی دیکە بە سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە دانراوە. لادانی نیگەرانی کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هاووڵاتیانی هەڵەبجەی لێکەتووەتەوە.
سەید حەکیم سەید نەجیب، سەرۆکی پێشووی شارەوانی هەڵەبجە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " من بیرم لەوە نەکردووەتەوە کەسانێک هەبن لەپشت منەوە پیلانگێڕی بکەن، من دوێنی لە دەوامی خومدا بووم لە کۆبوونەوەشدا بووم کەس بە منی نە ووتووە کە لە پۆستەکەم لابراوم."
بەشێک لە هاووڵاتیان گومان دەکەن لادانی سەرۆکی شارەوانی بەهۆکاری ڕێگری کردن لە چالاکیەکی تایبەت بە جێندەر بێت کە 20ی 12ی ساڵی ڕابردوو تیمێک بە هەماهەنگی نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت و دیوانی پارێزگا ڕێکیان خستیوو.
هیچ بەرپرسێکی ئاگادار لە دۆسیەکە ئامادە نەبوون ڕاستی ئەو گومانە بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستبکەنەوە.
سەید حەکیم سەید نەجیب گوتیشی، " تا ئێستا هیچ بەرپرسێکی حکومەت و حیزب لەناو حکومەتدا پەیوەندیان پێوەنەکردووم بۆ ڕوونکردنەوەی هۆکاری لادانەکەم جگە لە هەندێک پێشمەرگەی دێرینی یەکێتی. تا ئێستاش نازانم ئایا لەسەر ئەو بابەتەلادراوم یان نا، بەڵام ئەگەر لەسەر ئەو بابەتە بوایە ، دەبوو ئەو کاتە لابدرایام. لە 25-10-2022 وە دەست بەکاربووم. پارێزگارێزگاری هەڵەبجەش ئاگاداری نەکردووم کە لادراوم لە پۆستەکەمدا."
ڕۆژی 3-5-2023 کۆمەڵێک چالاکوان و هاووڵاتی لەبەردەم سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە کۆیوونەوە کە بڕیاربوو سەرۆکی نوێی شارەوانی هەڵەبجە، سەلام بیلال ئەسکندەر، دەست بەکارببێت. بەڵام بەو هۆکارەوە مەراسمی گواستنەوە و دەستاو دەستکردنی پۆستەکە ئەنجام نەدرا.
دانا عەبدول چالاکوانی هەڵەبجە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئێمە پێش 16-3-2023 یاداشتێکمان داوەتە بافڵ تەڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ناوی چەند بەڕێوبەرێکی گەندەڵمان پێداوە کە بیانگۆڕێت بەڵام لەبری ئەوان کەسێکی دڵسۆزی شارەکە لابراوە. یاداشتەکە لە 3-4-2023 دراوەتە سەرۆکی یەکێتی وەڵامان نەداتەوە چالاکی مەدەنی دەست پێدەکەینەوە."
بەپێ ئەو بەڵگەنامانەی کە دەست دەنگی ئەمەریکا کەتوون بە نوسراوی ژمارە 4674 و لە ڕۆژی 16ی مانگی ڕابردوو و بە واژۆی پارێزگاری هەڵەبجە، ڕاژەی سەلام بیلال ئەسکندەر بەناونیشانی سەرۆکی ئەندازیارانی پێشکەوتوو لەبەڕێوبەرایەتی گشتی شارەوانیەکانی سلێمانی گواستراوەتەوە بۆ سەر میلاکی سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە و وەک سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە ناسێنراوە.
لە بەڵگەنامەکەدا کە دەنگی ئەمەریکا ناتوانێت سەربەخۆ پشتڕاستی بکاتەوە، بەرواری دەست بەکاربوونی سەرۆک شارەوانی نوێ 2-5-2023ی بۆ دیاری کراوە .
لەبەرامبەر نیگەرانیەکان، سەرۆکی نوێی شارەوانی هەڵەبجە لە ڕونکردنەوەیەکدا سوپاسی قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی کردووە بۆ دەستنیشانکردنی بۆ ئەو پۆستە "لەبەرامبەر شارەزایی و خزمەتکردن بە خەڵکی هەڵەبجە." بەڵام لە ڕونکردنەوەیەکدا وتوشیەتی ئەگەر خەڵکی هەڵەبجە ناڕازی بن ئەو ئامادەنیە ئەو پۆستە وەربگرێت.
بە پێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، سەلام بیلال ئەسکندەر لەدایکبووی ساڵی 1967 و خاوەن بڕوانامەی ئەندازیاری بەشی شارستانی زانکۆی موسڵە. ئەو پێشتر ئەندازیاربووە لە پڕۆژەکانی هابیتاتی نێودەوڵەتی و کۆمپانیاکانی ئپسکانی تورکی و پارسۆتی ئەمەریکایی، وە هەروەها چەندین پۆستی ئیداری لە شارەوانی سلێمانی لە لێپسراوی هۆبە تا لە سەرۆکی شارەوانی هەبووە.
دەنگی ئەمەریکا بەمەبەستی زانینی هۆکاری لادانی سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە پەیوەندی کرد بە هەریەک لە دیوانی پارێزگا و قائیمقامیەتی هەڵەبجە و نوسینگەی جێگیری سەرۆکی حکومەت، بەڵام پەیوەندیەکان بەردەست نەبوون و تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان بڵاونەکراوەتەوە.
بەشێک لە چالاکوانانی هەڵەبجە کە نیگەرانن لە لابردنی سەرۆکی شارەوانی بانگەشەی ئەوە دەکەن "هەندێک ئیمتیاز" خراوەتە بەردەم سەرۆکی پێشووی شارەوانی تا دەستبەرداری پۆستەکەی ببێت و ئەو نیگەرانیانەی کەردروست بوون کۆتاییان بێت.
فەرهاد قادر، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سەرۆکی پێشووی شارەوانی هەڵەبجە تەنها 6 مانگ لە پۆستەکەی بووە جوڵەی خستووەتە پڕۆژەکانی هەڵەبجەوە و ماڵی بە پێچەوانەی زۆربەی بەرپرسەکان لە هەڵەبجەبووە و هیچ دۆسیەیەکی گەندەڵی لەسەر نەبووە لابراوە. "ئێمە لە 3-4-2023 داوامان لە سەرۆکی یەکێتی کردووە بەشێک لە بەرپرسە کەمتەرخەمەکان لاببات نەک سەرۆکی شارەوانی."
ئەو چالاکوانە ئەوەشی خستەڕوو، "ئیمتیاز پێشکەش بە سەرۆکی پێشووی شارەوانی کراوە کە دەستبەرداری ئەم پۆستە ببێت لە شوێنی دیکە لە بەرپرسیاریەتدا دایدەنێنەوە، بەڵام ئەوەی کە بۆ ئێمە ڕوون بووەتەوە ئەمە سزایە."
شارەوانی هەڵەبجە لە ڕووی پلەی کارگێڕیەوە پلەکەی نایابە و پێویستە ئەو کەسەی کە دەبێتە سەرۆکی شارەوانی ناونیشانی پیشەکەی ئەندازیاربێت. لە ئێستادا وەک شارەزایانی بواری ئیداری ئاماژەی پێدەکەن، ئەگەر پۆستەکە بەخێرایی یەکلانەکرێتەوە بۆشایی ئیداری بۆکاروباری هاووڵاتیان دروست دەبێت.