سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا بێزاری خۆی لە بەردەوامبوونی دەستبەسەرکردنی جولیان ئاسانج دەردەبڕێت

سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا جارێکی دیکە داوای ئازادکردنی جولیان ئاسانج دامەزرێنەری ویکیلیکس دەکات کە ماوەی چوار ساڵە لە لەندەن زیندانی کراوە.

ئەنتۆنی ئەڵبانیس ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە بێزارە لەوەی هێشتا چارەسەرێکی دیپلۆماسی سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی جولیان ئاسانجی نەدۆزیوەتەوە و گوتی نیگەرانە بۆ تەندروستی دەروونی دامەزرێنەری ویکیلیکس.

سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا ڕۆژی هەینی بە تەلەفزیۆنی ئەی بی سی ئوسترالیای ڕایگەیاند کە "بەردەوامبوونی زیندانیکردنی ئاسانج جێگای بێهیواییە و لە بەرژەوەندی هیچ کەس و لایەنێکدا نییە."

ئاسانج ماوەی چوار ساڵە لە زینداندایە. پێش ئەوەش ماوەی حەوت ساڵ لە باڵیۆزخانەی ئیکوادۆر لە لەندەن بە شێوەک لە شێوەکان زیندانی کرابوو و نەیدەتوانی لە ترسی دەستگیربوون و ڕادەستکردنەوەی بۆ ئەمەریکا بڕواتە دەرێ.

هەوڵە دیپلۆماسییەکانی حکومەتەکەی ئەڵبانیس تا ئێستا نەیتوانیوە چارەسەری بۆ کێشەی جولیان ئاسانج بکات. ناوبراو لە کۆتایی ساڵی ڕابردووشدا سەبارەت بەو پرسە گوتبووی "هەڵوێستی من بۆ حکومەتی ئەمەریکا ڕوونە و کاتی ئەوە هاتووە ئەم پرسە کۆتایی پێبێت."

ئەمەریکا ئاسانج تۆمەتبار دەکات بە دزینی زانیارییە نهێنییەکانی ئەمەریکا و بڵاوکردنەوەیان سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و ئەفغانستان و دەڵێت ئاسانج ژیانی بریکارە نهێنییەکانی ئەمەریکای خستۆتە مەترسییەوە.

بەڵام لایەنگرانی دامەزرێنەری ویکیلیکس ، ناوبراو بە ڕۆژنامەنووسێکی ئازا و سەربەخۆ دەزانن کە تاوانەکانی جەنگی ئاشکرا کردووە.

ئاسانج ئەگەر ڕادەستی ئەمەریکا بکرێتەوە، ڕووبەڕووی 175 ساڵ زیندانیکردن دەبێتەوە.


بەریتانیا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕادەستکردنەوەی ئاسانج، بەڵام هەوڵەکان بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە هێشتا بەردەوامن.

سەرچاوەکان/ڕۆیتەرز