ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی شەممە 6ی مانگی پێنج لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی دوای دوو دەیە لە سەرکردایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەسەر تورکیادا، پێدەچێت ئاراستەیەکی نوێ لە سیاسەتی ئەنکەرە بێتە ئاراوە.
کەمال کلیچدارئۆغڵو سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کە بەدرێژایی ژیانی سیاسی خۆی لە ژێر سێبەری تەیب ئەردۆغان گیری خواردبوو، پێی وایە کاتی ئەوە هاتووە تورکیا بخاتە سەر ڕێگایەکی نوێ و بەشێکی زۆری میراتی ئەردۆغان کە دوو دەیەیە بەسەر سیاسەتی تورکیادا زاڵە، لایبدات.
ڕاپرسییەکان دەریدەخەن ئەگەری ئەوە هەیە هەڵبژاردنەکانی تورکیا بچیتە قۆناغی دووەم و ئەگەری سەرکەوتنی کلیچدارئۆغلوی تەمەن 74 ساڵیش بە پێی ئەو ڕاپرسیانە کەم نییە.
کێشە ئابوورییەکان و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، جەماوەری ئەردۆغانی لەم ساڵانەی دواییدا کەم کردوەتەوە و هاوکاتیش کلیچدارئۆغڵو بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی ژیان، ڕێگاچارە و بەرنامەکانی خۆی پێشکەش بەدەنگدەرانی تورکیا کردووە.
کلیچدارئۆغڵو بەڵێنی گەڕانەوەی بۆ سیستمی حکومەتی پەرلەمانی و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و پەیوەندی باشتر لەگەڵ ڕۆژئاوادا داوە و لە یەکێک لە بانگەشەکانی هەڵبژاردنیشدا باس لەوە دەکات کە ئاگاداری تێچووی بژێوی ژیان و بێهیوایی گەنجانە و دەڵێت کاتی ئەوە هاتووە گۆڕانکارییەک لە وڵاتەکەدا بێتە ئاراوە.
بەڵام ڕەخنەگران دەڵێن کلیچدارئۆغڵو کە دوای شکستە بەردەوامەکانی لە هەڵبژاردنەکاندا وەک سەرۆکی پارتی کۆماری گەل (CHP) لە لایەن ئەردۆغانەوە ڕەسوا کراوە و کاریزمای ئەردۆغانی لە نێو خەڵکدا نییە و دیدگایەکی ڕوونیشی بۆ سەردەمی دوای ئەردۆغان بەدەستەوە نییە.
ئەو بەڵام دەیەوێت لە سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆن لە ساڵی 2019 لە ئەستەنبوڵ و هەندێک شارە گەورەکانی تورکیا کەڵک وەربگرێت.
ئەگەر کلیچدارئۆغڵو لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت، ئەوا لە هەنگاوی یەکەمدا بەرەوڕووی پرسی پاراستنی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن دەبێتەوە کە پێکهاتووە لە ناسیۆنالیستەکان، ئیسلامییەکان، عەلمانییەکان و لیبراڵەکان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە ئاستی جیهانیدا لەو ڕووەوە گرنگە کە دیاری دەکات تورکیا لە کەمکردنەوەی ململانێکانی ئۆکرانیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا چ ڕۆڵێک دەگێڕێت.
کلیچدارئۆغڵو پێش ئەوەی بچێتە ناو سیاسەتەوە، لە وەزارەتی دارایی کاری کردووە و لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا سەرۆکی دامەزراوەی بیمەی کۆمەڵایەتی تورکیا بووە.
ئەو وەک ئابوریناسێک لە ساڵی 2002 کاتێک ئاکەپەی ئەردۆغان بۆ یەکەمجار هاتە سەر دەسەڵات، بوو بە پارلەمانتاری پارتی جەهەپە، پارتێک کە لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرێنەری تورکیای مۆدێرن دامەزراوە.
ئەو هەروەها لە ساڵانی ڕابردوودا باسی لە ئاشتی و ساڕێژکردنی برینە کۆنەکانی لەگەڵ کوردەکان و کەمایەتییەکانی دیکەدا کردووە.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز