گروپێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی لە کیێڤ لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کۆبوونەوە.
شاندی ئەمەریکایی بە سەرۆکایەتی جۆ ویڵسۆن سەرۆکی کۆمیسیۆنی هێلسنکی ئەمەریکا و بە ئامادەبوونی ڤیکتۆریا سپارتز ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کە لە دایکبووی ئۆکرانیایە و چەند نوێنەری هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات و هەروەها مایکل کارپێنتەر، نێردەی ئەمەریکا لە ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری لە ئەوروپا، ڕۆیشتوونەتە کیێڤ.
لەو دیدارەدا زێلێنسکی شاندی ئەمەریکای له دوایین ڕەوشی بەرەکانی پێشەوەی شەڕ ئاگادار کردەوە و پێداویستییه کانی بەرگریی هێزەکانی ئۆکرانیای لەگەڵیاندا تاوتوێ کرد.
درێژکردنەوەی ڕێڕەوی گواستنەوەی دانەوێڵە و دۆخی وێستگەی کارەبای زاپۆریژیا لە بابەتەکانی دیکە بوون کە لەم کۆبوونەوەیەدا باسیان لێوەکراوە.
سەرۆکی ئۆکرانیا سەردانی بەرپرسانی ئەمەریکای بۆ وڵاتەکەی بە گرنگ زانی و بە نیشانەیەکی بەهێزی پشتیوانی واشنتن بۆ کیێڤی ناو برد.
بە گوتەی زێلێنسکی لە مێژووی ئەو دوو وڵاتەدا پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ئۆکرانیا ئەوەندەی ئێستا نزیک نەبووە لەیەک.
لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئۆکرانیا، ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا لە ڕووی دارایی و کەرەستەی سەربازییەوە پاڵپشتی هێزەکانی ئەو وڵاتەیان کردووە.
جێی ئاماژەیە کە سەردانی شاندەکەی ئەمەریکا بۆ کێیف لەکاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ڕووسیا هێرشە ئاسمانییەکانی دژی ئۆکرانیا زیاتر کردووە و کیێڤیش ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشێکی پێچەوانە کە مەبەست لێی گرتنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیایە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا