ئێران کاردانەوەی دەبێت بەرامبەر بە قسەکانی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاردانەوەی بە قسەکانی ئەم دواییەی جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، ڕایگەیاندووە کە وڵاتە یەکگروەکانی ئەمەریکا بەرپرسیار بووە و بەرپرسیاریش دەبێت لە هەر جۆرە چالاکییەکی ئیسرائیل دژی دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران.

عەلی شەمخانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوێتی "جەیک سولیڤان گوتی ئەگەر ئێران هەوڵی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بدات، ئەمەریکا دان بە مافی ئیسرائیلدا دەنێت بۆ کردەوەی بەرپەرچدانەوە. ئەم دانپێدانانە بەو مانایەیە کە ئەمەریکا بەرپرسیار بووە و دەبێت لە هەموو کردەوە تیرۆریستییەکانی ئیسرائیل لە دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و خەڵکی ئێران و دەبێت دەرەنجامەکانیشی قبوڵ بکات."

جەیک سولیڤان ڕۆژی ڕابردوو لە وتارێکدا لە دامەزراوەی 'واشنتن' ڕایگەیاندبوو کە "دەرچوون لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بەبێ ڕێککەوتنێکی بەدیل و جێگرەوە، هەڵەیەکی کارەساتبار بووە."

گوتیشی "ئێمە بە ڕوونی بە ئێرانمان ڕاگەیاندووە کە هەرگیز ڕێگە بەو وڵاتە نادرێت بۆمبی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت. وەک چۆن جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا چەندین جار جەختی لەسەر کردووەتەوە، ئێمە ڕێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر بۆ پابەندبوون بەو هەڵوێستە، لەوانەش دان پێدانان بە ئازادیی کردەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشی بەرپرچدانەوە."

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی هەروەها گوتی دیپلۆماسی باشترین ڕێگایە بۆ ڕێگریکردن لە دەستکەوتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی.

شایانی باسە کە وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە نیگەرانی خۆی لە پێشکەوتنی بەرچاوی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەربڕی و ڕایگەیاند کە "تاران کەرەستەی پێویستی بۆ دروستکردنی پێنج بۆمبی ئەتۆمی دەستکەوتووە."

یۆئاڤ گالانت، کە سەفەری بۆ یۆنان کردبوو لە دیدارێکدا لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە ڕایگەیاند "هەڵە مەکەن، ئێران بە یەک بۆمبی ئەتۆمی ڕازی نابێت، ئێران تا ئێستا 20% و 60% کەرەستەی پیتێنراوی دەستکەوتووە بۆ دروستکردنی پێنج بۆمبی ئەتۆمی."

هاوکاتی کاردانەوەی شەمخانی بەرامبەر بە لێدوانەکەی جەیک سولیڤان، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سێ بەرپرسی ئەوروپایی، نووسیوێتی "بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا ساڵی ڕابردوو لە نامەیەکدا هۆشداریان بە ئێران داوە لەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران دەگەڕێننەوە ئەگەر بێتو پیتاندنی یۆرانیۆم تا ئەو ئاستەی کە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی پێوسیتە بەرزبکاتەوە."

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە مانگی چوار پشتڕاستی کردەوە کە پشکنەرەکانی لە دامەزراوەی پیتاندنی فۆردۆ، گەردیلەکانی یۆرانیۆمیان دۆزیوەتەوە کە تا 83.7% پیتێنراون.

ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاندووە ئەو ئاستە لە پیتاندنی یۆرانیۆم دوور نییە لەو ئاستە 90%ەی کە پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی.

بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە وەڵامی ئەو ڕاپۆرتەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدا ڕایانگەیاند کە "هیچ پاساوێکی مەدەنی باوەڕپێکراو بۆ پیتاندن تا ئەم ڕادەیە لە ئێراندا نییە".