وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەرێمی کوردستان دەڵێت پەرلەمان و لایەنەکانیان لەوە ئاگادارکردۆتەوە کە شەش مانگیان پێویستە بۆ ئامادەکاری هەڵبژاردن، ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت، ئەوان بەرپرسیارێتی هەڵناگرن و دەبێت پەرلەمان و لایەنە سیاسیەکان تەحەمولی بەرپرسیارێتی بکەن.
شیروان زرار وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لە 2019 وە تا ئێستا بە چوار نوسراو بە پەرلەمانمان وتووە هەڵبژاردنتان لە پێشە، تکایە یاساکە هەموار بکەن یان ئەگەر متمانەدەدرێتەوە بە بە ئەنجومەنی کۆمسیۆن بیدەن یاخود کۆمسیۆنی تازە هەڵبژێرن لە 2019 وە تا ئێستا چوار سالە پەرلەمانی کوردستان نەیتوانیبێت بڕیار بدات ئێ خۆیان بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن ئێمە ئەوەمان لەسەرە کە پڕۆسەکە بەڕێوە بەرین."
هەرچەندە یەکێتی و پارتی چەند دانیشتن و کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا بە مەبەستی ڕێکەوتن لەسەر خاڵە ناکۆکەکانی هەردوولا بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژرادن، بەڵام ناکۆکیەکانیان گەشتۆتە ئاستێک تا ئێستا هیچ ئامادەکاریەک نەکراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، وتەبێژی کۆمسیۆنیش دەڵێت ئێمە بەرپرس نین.
لەو بارەیەوە شێروان زرار دەڵێت " فراکسیۆنەکان ڕێناکەون، بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی زاڵە بەسەر بەرژەوەندی نیشتیمانی ، ئەوەش وایکردووە کە ڕێکنەکەون ، بەداخەوە لە ناوخۆش ئەو فشارە نیە لە ئاستی نێودەوڵەتیش فشار هەیە بەڵام لە ئاستی پێویستدا نیە، لایەنە سیاسیەکان بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن، ئەگەر نەیانەوێت هەڵبژاردن بکرێت، ئەوە خۆیان تەحەمولی مەسولیەت دەکەن ئێمە بەرپرسیار نین."
لە ڕێکەوتی 26/3/2023 بە پێی فەرمانێکی مەڕسومی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، 18/11/2023 دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، کۆمسیۆنیش دەڵێت شەش مانگی پێویستە بۆ ئامادەکاریەکانی هەڵبژاردن، لە ئێستادا وادەی شەش مانگەکە بەرەو تەواو بوون دەچێت و هیچ هەنگاوێکیش بە ئاڕاستەی ئەو پرۆسەیە نەنراوە.
وتەبێژی کۆمسیۆنیش لەو بارەیەوە ڕایدەگەینێت " ئێمە پێمان وتوون خۆشیان ئاگادارن کە شەش مانگمان پێویستە ئەگەر زۆرتریش بێت باشە، خۆی شەش مانگەکە ماوێتی 18ی پێنج دواتر چاوەڕێ دەبین، خۆی معادەلاتی سیاسی دەگۆڕێت ڕەنگە لە چەند ڕۆژێک بگۆڕێت ئێمە ئومێد دەکەین ئەو پرۆسەیە لە کاتی خۆیدا جێ بەجێ بکرێت."
پێشتر هەر یەکە لە یەکێتی و پارتی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاندبوو، بەم ناکۆکیە قوڵەی ئێستا لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا هەیە پێناچێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت لەو بارەیەوە وتەبێژی کۆمسیۆن دەڵێت " پێم وانیە گرفتێکی گەورە هەبێت لەبەردەم هەڵبژاردندا، بەڵام تا ئەو کێشانەش یەکلایی نەبێتەوە ناتوانین بڵێین هەڵبژاردن دەکرێت یاخود نا، تا ئێستاش هیچ کۆبونەوەیەکیان لەگەڵدا نەکردوی و وەڵامی نوسراوەکامان وەرنەگرتووە ئێمە ڕامان گەیاندووە بەرپرسیارێتی هەڵناگرین و خۆیان بەرپرسیارن."