ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ: سانسۆرکردنی ئەنتەرنێت لەلایەن تورکیاوە هەڕەشەیە بۆ سەر هەڵبژاردنەکان

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (HRW) لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت کۆنتڕۆڵی حکومەت بەسەر ئەنتەرنێتدا هەڕەشەیە بۆ سەر هەڵبژاردنی 14ی مانگی 5 ی تورکیا و داوا لە کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەکات بەرەنگاری فشارەکان ببنەوە و پلانێک بۆ ئەگەری بارێکی نائاسایی دابنێن.

لەڕاپۆرتەکەی ڕۆژی چوارشەممەیدا، HRW ئاماژەی بەوە کردووە دەنگدەران لە 14ی پێنجدا دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان لەگەڵ ئەو نیگەرانییەی کە حکومەتی ئەردۆغان کۆنترۆڵی بەرچاو بەسەر ژینگەی دیجیتاڵیدا بکات لە هەوڵیدا بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.

ڕاپۆرتەکەی کە بەدواداچوون بۆ ئەگەری مەترسییەکان بۆ سەر ژینگەی ئینتەرنێتی تورکیا دەکات لە هەڵبژاردنەکاندا، ڕوونیدەکاتەوە چۆن حکومەت کە مێژوویەکی هەیە لە سەرکوتکردنی بیروڕای ناڕازییان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە، کەڵک لە ئامرازە بەرفراوانەکانی سانسۆری دیجیتاڵی وەردەگرێت. هەروەها ڕاپۆرتەکە وردەکاری هەنگاوە گرنگەکان دەخاتە ڕوو کە دەبێت پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خزمەتگوزارییەکانی نامە ناردن بیگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لە بواری مافەکانی مرۆڤ لە هەڵبژاردنەکاندا.

دێبرا براون، توێژەری باڵای تەکنەلۆجیا لە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە بەیاننامەکەدا دەڵێت "حکومەتی تورکیا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ توندکردنی کۆنترۆڵی خۆی و سەپاندنی سانسۆر لەسەر سۆشیال میدیا و سایتە سەربەخۆکانی هەواڵی ئۆنلاین پێش هەڵبژاردنەکان. سەرەڕای هەوڵەکانی حکومەت بۆ زاڵبوون بەسەر کۆمپانیاکاندا، هەڵبژاردنەکە تاقیکردنەوەیەکیشە بۆ ئەوەی ئایا دەنگدەرانی تورکیا دەتوانن پشت بە سۆشیال میدیا ببەستن بۆ دەستگەیشتن بە هەواڵە سەربەخۆکان و دەربڕینی بۆچوونەکانیان لەسەر هەڵبژاردنەکە و ئەنجامەکانی."

هەروەها HRW لە بەیاننامەکەیدا داوای لە حکومەت کرد لە هەڕەشەکردن یان سنووردارکردنی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا خۆی بپارێزێت بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی بۆچوونە ناڕازییەکان لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێویستە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا و خزمەتگوزارییەکانی ناردنی پەیام، بەرەنگاری فشارەکانی حکومەت ببنەوە و پلانی باری لەناکاو لە دژی سنووردارکردنەکان جێبەجێ بکەن بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانی دەنگدەرانی تورکیا تا بەشداری لە هەڵبژاردنێکی دیموکراسیدا بکەن، پێویستە مافەکانی مرۆڤ لە پێشینەی کارەکانیان دابنێن لەبری ئەوەی بیر لە قازانج بکەنەوە."

ڕێکخراوەکە ئەوەش بەبیر دەهێنێتەوە کە لە قۆناغەکانی نائارامی سیاسیدا لە تورکیا، وەک دوای بوومەلەرزەکەی 6ی مانگی دوو، یان کاتێک چاوەڕوان دەکرا ڕەخنە لە حکومەت بگیرێت، ڕێگری لە دەستڕاگەیشتن بە تۆڕە کۆمەڵایەتییە باوەکان کرابوو.

ئاماژەی بەوەشکردووە داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکات کۆتایی بە سەرکوتکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی بهێنن و مافەکانی ئازادی ڕادەربڕین و پاراستنی تایبەتی دەستەبەر بکەن، بەتایبەتی پێش هەڵبژاردن و لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا. دەشڵێت "هەر حکومەتێکی داهاتووی تورکیا پێویستە پێداچوونەوە بەسەر یاساکانی وڵاتەکە لەسەر ئەم پرسە بکات و دڵنیابێت لەوەی کە لەگەڵ ئەرکەکانی مافەکانی مرۆڤدا دەگونجێت."

لە بەیاننامەکەدا هەروەها باس لە نیگەرانییەکان لەمەڕ زیادبوونی ڕەفتارەکانی ساختەکردنی شتەکان بە ڕێگای ئەنتەرنێت کراوە، ئاماژەی بە هۆشدارییەکانی کەمال قلیچدارئۆغڵو سەرۆکی جەهەپە و کاندیدی سەرۆکایەتی کردووە کە لە ماوەی ڕابردوودا ڕایگەیاندووە دەکرێت کلیپی دەنگی و ڤیدیۆیی ساختە بڵاوبکرێتەوە بە مەبەستی زیانگەیاندن بە ناوبانگی.

هەروەها HRW ئاماژەی بەوەدا کە لە ڕۆژی هەڵبژاردندا سەرەڕای هەوڵەکانی چاودێرانی هەڵبژاردن و سەرچاوە سەربەخۆکان، حکومەت ڕەنگە دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاربهێنێت بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بەو پلاتفۆرمانەی سۆشیال میدیا کە ئەو زانیاریانەی بڵاوی دەکەنەوە لە بەرژەوەندی ئەودا نەبێت.

ئەو ڕیکخراوە داوا دەکات کۆمپانیاکان پێویستە " بەرەنگاری فشارەکانی دەسەڵاتداران ببنەوە کاتێک داوایان لێدەکرێت بابەتێک لابەرن."

سارا کلارک بەرپرسی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ئەوروپا دەڵێت " کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەنگە ڕووبەڕووی فشارێکی بێئەندازە ببنەوە بۆ لابردنی ئەو بابەتانەی حکومەت بە نەرێنی دەیبینێت لە ناویاندا هەڵسەنگاندنەکانی کە لەلایەن چاودێرە سەربەخۆکانیشەوە دەکرێت، بۆیە گرنگە کۆمپانیاکان بەرەنگاری ئەمە ببنەوە و ئەوەی لە توانایاندا بێت بیکەن بۆ ئامادەکردنی هەنگاوی بەرپەرچ."