سیاسەتمەدارێکی دیاری کورد و عێراق سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی یەکشەممەی داهاتووی تورکیا دەڵێت بژاردەکانی کورد لە نێوان "خراپ و خراپتر" دایە و پێشبینیش دەکات بە دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان فشارەکان لەسەر کورد زیاتر دەبن.
دکتۆر مەحمود عوسمان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کوردەکان دوو بژارده‌یان هه‌یه، به‌ڕاستی هیچیان زۆر باش نین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌ماشایان بكه‌ین، مه‌سه‌له‌ی كه‌مال ئۆغڵۆ و ئه‌وانی تر چاكتره له ئه‌ردۆگان یان بڵێین ئه‌ردۆغان له‌وان خراپتره. له‌به‌رئه‌وه به‌وشێوه‌یه بڕیاریانداوه چونكه ئه‌گه‌ر هەده‌پە به‌ته‌نها خۆی كاندید بكات ده‌رناچێت."
ئەو لەوبڕوایەدایە شتێکی باش نابێت ئەگەر ئەدۆغان هەڵبژێردرێتەوە " چونكه ئه‌ردۆغان چه‌ندین ساڵه حوكم ده‌كات سیاسه‌تی هه‌ر خراپ بووه و شه‌ڕخواز بووه پشتگیری له‌وه كردووه كه كێشه‌ی كورد به‌شه‌ڕ چاره‌سه‌ر بكرێت. هه‌ركه‌سێكیش به‌رگری كردبێت له كورد به تیرۆریستی داناوه، سیاسه‌تی تیرۆریزمی ده‌وڵه‌تی به‌كارهێناوه به‌رامبەر بە كورد له‌م دیو سنور و له‌و دیو سنور."
بەشێک لە کورد لە تورکیا پشتیوانی لە ئاک پارتی و سەرۆکی پارتەکەش دەکەن. پارتی هودا (هودا-پار) کە لایەنێکی ئیسلامی کوردییە لەم هەڵمەتانەی هەڵبژاردنەکاندا ڕایگەیاندووە هەموو هەوڵەکانی خۆی بۆ سەرکەوتنی ئاکەپە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان تەرخان دەکات.
دوو کاندیدە سەرەکیەکە
وابڕیارە 14ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمار لە تورکیا بەڕێوەبچێت. لە ئێستاشدا دوو کاندیدی سەرەکی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کلیچدار ئۆغلۆ بە هێز و هاوپەیمانێتی جیاوە کێبڕکێ دەکەن.
هەدەپە، بەهۆی ئەو مەترسییەی لەسەریەتی بۆ داخستن، وەک بەشێک لە لیستی پارتی چەپی سەوز بەشدارە لە هەڵبژاردنەکان. هەدەپە 22ی مانگی 3 ڕایگەیاند کاندیدی نابێت بۆ سەرۆکایەتی کۆمار و دواتر بەفەرمی پشگیری بۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن کەمال کڵیچدارئۆغڵو ڕاگەیاند.
مەحمود عوسمان دەڵێت کورد پشتگیری لە کڵیچدارئۆغڵو دەکات "بە ئومێدی ئه‌وه‌ی شه‌ڕ نه‌بێت."
دەشڵێت، "كه‌مال ئۆغڵۆ و ئه‌وان ده‌ڵێن 'شه‌ڕ ناكه‌ین، به‌ڵكو له په‌رله‌مان كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین.' هه‌ر ئه‌م قسه‌یه خۆی گۆڕینێكه له سیاسه‌تی ئه‌ردۆغان كه كورد هه‌مووی به تیرۆریست ده‌زانێت و به‌رده‌وامه له‌سه‌ر شه‌ڕكردن و له هیچ كه‌س ڕازی نییه، نه له سه‌رۆک شاره‌وانییه‌كان و نه له په‌رله‌مانتاره كورده‌كان كه هه‌موویان به یاسای توركیا هه‌ڵبژێردراون. ڕازی نییه لێیان و په‌یوه‌ندی خراپه له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا و له‌گه‌ڵ باشور شه‌ڕ ده‌كات. واته ئه‌م سیاسه‌ته زیانی زۆری بۆ كورد و بۆ توركیاش هه‌بووه."
داهاتووی کوردی تورکیا
ئەو سیاسەتمەدارە کوردە، هەڵبژاردنەکانی 14ی مانگی تورکیای بەگرنگ پێناسەکرد و هۆشداری دا لەوەی بەردەوامی دەسەڵاتی حزبەکەی ئەردۆغان لە بەرژەوەندی كورد نییه، وەک دەڵێت، "چونكه سیاسه‌تیان خراپ بووه و هه‌میشه شه‌ڕخواز بوون به كورد و ڕه‌گه‌زپه‌رست بوون."
دەشڵێت، "بێگومان ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌مێنن و بگۆڕدرێن و ئه‌وانه‌ی تر كه دێنه پێش ده‌ڵێن 'نامانه‌وێت به شه‌ڕ كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر بكه‌ین، به‌ڵكو له په‌رله‌مان چاره‌سه‌ری ده‌كه‌ین، 'هه‌رچۆنێک بێت باشترن له ئه‌ردۆغان و ئه‌وانی تر."
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی دوای دوو دەیە لە سەرکردایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە تورکیادا، پێدەچێت ئاڕاستەیەکی نوێ لە سیاسەتی ئەنکەرە بێتە ئاراوە.
ڕاپرسییەکان دەریدەخەن ئەگەری ئەوە هەیە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بچێتە قۆناغی دووەم و ئەگەری سەرکەوتنی کڵیچدارئۆغلوی تەمەن 74 ساڵیش بە پێی ئەو ڕاپرسیانە کەم نییە.
بە بڕوای مەحمود عوسمان، سەرکەوتنی کڵیچدارئۆغلو لە هەمانکاتدا ئەگەری ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، کە یەکێکە لە ڕێبەرە سیاسیە زیندانیکراوەکانی کوردی تورکیا، زیاتر دەکات.
دکتۆر مەحمود دەڵێت، "ده‌مێكه خۆی کەمال ئۆغلۆ وتویه‌تی دەمیرتاش بێ یاسایی ماوه‌ته‌وه لەزیندان. به‌ڵام بۆ ئازاد كردنی عه‌بدوڵا ئۆجەلان دڵنیا نیم."
لەبانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە، ئەردۆغان چەند جارێک ڕکابەرە سەرەکیەکەی بەوە تۆمەتبار کردووە کە گوایە لەلایەن "قەندیلییەکانەوە" پشتیوانی دەکرێت.
کاریگەریەکان لەسەر عێراق و سوریا
هەڵبژاردنەکانی تورکیا هەر بۆ کوردی ئەو وڵاتە گرنگ نین، بەڵکو وەها چاوەڕواندەکرێت ئەنجامەکان کاریگەی ڕاستەوخۆیان هەبێت لەسەر کوردستانی عێراق و سوریاش.
لەمبارەیەوە مەحمود عوسمان دەڵێت، "ئه‌ردۆغان هه‌ر دان بەوەدا نانێت كه هه‌رێمی كوردستان قه‌واره‌یه‌كی سیاسیه، وه هه‌میشه‌ش ده‌ڵێت كێشه‌ی كورد نییه له توركیا و هه‌میشه‌ش ده‌ڵێت 'ئێمه نامانه‌وێت له باكوری سوریادا قه‌واره‌یه‌کی وه‌كو باكوری عێراق دروست ببێت'."
دەشڵێت، "ئه‌ردۆغان دۆستی هه‌رێمی كوردستان نییه، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان به‌رژه‌وه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان هه‌یه له مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و بازرگانی و زۆر شت‌دا له‌به‌رئه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كان حسابی بۆ كراوه."
بە درێژایی دەیان ساڵ و پێش هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەردۆغانیش، سوپای تورکیا بەردەوام لەناو خاکی عێراق و سوریا چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجامداوە، بەبیانووی بوونی چەکدارانی پەکەکە.
بەبڕوای مەحمود عوسمان لە ئەگەری سەرکەوتنی کەمال کڵیچدار ئۆغلۆ دوورنیە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لەکوردستانی عێراق و سوریا بوەستن.
بەڵام سەرەڕای ئاماژە ئەرێنیەکانی کەمال کڵیچدار ئۆغلۆ بۆ پرسی کورد، مەحمود عوسمان دەڵێت دەرچوونی کاندیدەکەی ئۆپۆزسیۆن بەمانای چارەسەری کێشەکانی کورد نایەت چونکە "ئه‌وه‌ی له بانگه‌شه‌دا ده‌وترێت مه‌رج نییه هه‌مووی واده‌ربچێت."