لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ئارەزووی گۆڕانکاری لە دڵی کورددا گەشە دەکات

ناو بازاڕی ئامەد

مەهمەت داڵگیچ پێشکەشکاری و خاوەن کەناڵێکی تەلەفیزیۆن، کە پێشتر لایەنگری ئەردؤغان بوو ئێستا پشتیوانی لە ڕکابەرە سەرەکییەکەی دەکات، دوای ئەوەی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار نەیتوانی هاوسۆزی خۆی پێشکەش بکات بۆ لەناوچوونی کەناڵی تەلەفزیۆنییەکەی لە بوومەلەرزەکەی مانگی دوودا. داڵگیچ ماوەیەک بوو نیگەرانی لە ئاکەپە هەبوو بەڵام نەبوونی پشتیوانی ئەمجارە بووە هۆی بێهیواییەکی زۆری لە و پارتەی ئەردۆغان کە پێشتر پشتیوانییەکی زۆری لە ناوچەکەدا بەدەستهێنابوو.

پێش هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی یەکشەممە، ئێستا گرانی نرخ و زیادبوونی فشارەکانی ژیان لە باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا و شوێنەکانی دیکەی وڵاتەکە بووەتە هۆی کەمبووەنەوەی پشتیوانی بۆ ئەردۆغان ئەمەش هەڕەشە مەترسی دەخاتە سەر خواستی بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا.

شرۆڤەکاران دەڵێن، گەشەسەندنی لایەنی ناسیۆنالیستی حکومەت، پێگەی جەماوەری ئەویی لەناو کورددا دابەزاندووە، کە 20%ی دانیشتوانەکەی پێکدەهێنن و ڕۆڵێکی سەرەکییان لە یەکلاکردنەوەی دەنگەکاندا هەیە.

مەهمەت داڵگیچ خاوەن کەناڵێکی تەلەفیزیۆن لە ئاماد

کاتێکدا کە هێشتا شۆڤڵەکان بەردەوام بوون لە لابردنی داروپەردووی مۆڵە ڕووخاوەکەی ئامەد کە کەناڵی تەلەفیزیۆنییەکەی داڵگیچ لەوێبوو، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوت " ئێستا بە تورکیا دەڵێم کە گۆڕانکاری پێویستە،گەنجەکان هیچ هیوایەکیان نییە، هیچ داهاتوویەکیان نییە".

ڕاپرسییەک کە لەم هەفتەیەدا لەلایەن دەزگای رەوەستەوە بڵاوکراوەتەوە، دەریخستووە کە لە ئامەد 76.3% پشتگیری لە کەمال کلیچدارئۆغڵو کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی دەکرێت، پشتیوانی بۆ ئەردۆغان تەنها 20.5%.

جەهەپەی ئۆپۆزسیۆنی لە ماوەی ڕابردوودا پشتیوانییەکی کەمی لە ناوچە کوردییەکانی تورکیادا هەبوو، بەڵام لە ژێر سەرکردایەتی کلیچدارئۆغڵودا دەستی گەیاندووەتە کورد و هەدەپەی لایەنگری کورد کە لە سەرانسەری ناوچەکەدا باڵادەستە و لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018دا لە ئامەد لەسەدا 67 دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

"کێشەی کورد"

لەکاتێکدا ڕاپرسیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پشتیوانی بۆ ئەردۆغان لە ناوچەکەدا کەمدەبێتەوە، بەڵام بنکەی پشتیوانییەکەی هەر ماوە لەوانە لەلایەن کەسانی وەک کاسبکار عادل ئایدن، کە جەهەپە بە سەرکوتکردن و هێرشکردنە سەر کورد بەرپرسیاردەکات زۆر پێش ئەوەی ئاکەپەی ئەردۆغان دەسەڵات بگرێتەدەست.

ئەردۆغان لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا چەندین جار باسی لە پەیوەندی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن کردووە، بەبێ ئەوەی بەڵگە بخاتەڕوو.

بەڵام دە ساڵ لەمەوبەر خودی ئەردۆغان پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە دەستپێکرد. ئەو پرۆسەیە لە ساڵی 2015دا تێکچوو و قۆناغێکی نوێی شەڕی توند لە ناوچەکەدا دروست بوو، لەنێویاندا لە شەقامەکانی نزیک دوکانەکەی ئایدین. بەڵام ئایدن هێشتا هیواخوازە کۆتایی بەو ململانێیە بهێنرێت.

ئایدن متمانەی خۆی بە سەرۆک کۆمار دووپات کردەوە، گوتی " کورد دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ پڕۆسەی ئاشتی، ئەوان تامەزرۆی ئاشتین" گوتیشی ئەگەر کەسێک بتوانێت ئەوە بکات، ئەردۆغان دەتوانێت".

عادل ئایدن دوکاندار و پشتیوانی ئەردۆغان

ئەمە هەمان جۆر متمانە بوو کە پێشتر داڵگیچ هەیبوو، ئەوە باسی لەوە کرد کە نزیکەی دوو دەیە لەمەوبەر کاتێک ئەردۆغانی بۆ یەکەم جار بینی باسی ئاشتی کرد چؤن کاریگەری لەسەری هەبوو وە وەکو "فریادڕەسێک" لێی دەڕوانی.

گوتی "گریام ! دڵم پڕبوو، یەکەمجار بوو سەرکردەیەکی وەها سەرسەختم بەو جۆش و خرۆشەوە بینی."

بەڵام ئەمڕۆ دوای بیست ساڵ دەڵێت دەنگ بە کیلیچدارئۆغڵو دەدات، کە لە هەندێک لە ڕاپرسییەکاندا دەردەکەوێت بە ئاستەم لە پێش ئەردۆغانە.

گۆڕانکاری لە ئەردۆغاندا

هەدەپە کە سێهەمین گەورەترین پارتی پەرلەمانە، خۆی پشتیوانی خۆی بۆ کلیچدارئۆغڵو ڕاگەیاندووە. لەژێر ئاڵای پارتی چەپی سەوزیدا دەچێتە ناو هەڵبژاردنەکانەوە بەهۆی هەوڵێکی دادگا بۆ قەدەغەکردنی لەسەر گوایە پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە، کە هەدەپە خۆی ڕەتیدەکاتەوە.

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە ئێستا لە زینداندایە، لەوێوە هەڵمەتێکی باڵای هەڵبژاردن بەڕێوەدەبات و هاوژینەکەشی لەم هەفتەیە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تیایدا بە لایەنگرانی هەدەپە دەڵێت دەنگ بە سەرۆکی جەهەپە بدەن.

لە نووسینگەکانی هەدەپە لە ئامەد، کاندیدی پەرلەمانی هەدەپە، مەهمەت ئەمین ئاکتەر ڕایگەیاند، بەدرێژایی ئەم ساڵانە سەرۆک کۆمار گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

مەهمەت ئەمین ئاکتار

ئاکتار گوتی " ئەردۆغان، قسەکانی و هەڵسوکەوتی ئەمڕۆ زۆر جیاوازە لەوەی کە 20 ساڵ لەمەوبەر هەبوو." گوتیشی ئەو گۆڕنکاریانە بوونە هۆی تێکچوونی پرۆسەی ئاشتی لە ساڵی 2015، کە پاشانیش ساڵانێک سەرکوتکردنی هەدەپە بەڕێوەچوو کە تێیدا هەزاران بەرپرس و ئەندامی حزبەکە دەستگیرکراون و دەیان پەرلەمانتار و سەرۆکی شارەوانی هەڵبژێردراو لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە، و پاشان بەرپرسانی هەڵنەبژێردراوی دەوڵەت جێگەیان گرتنەوە.

ئاکتار، بەرپرسی پێشووی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد دەشڵێت "ئەم فشارەی حکومەت هەموو مافەکانی وەک ئازادی ڕادەربڕین و مافی ڕێکخستن و خۆپیشاندان پێشێل دەکات و سەرکوت دەکات".

سەختی ئابووری و بێکاری فشارێکی زۆری خستووەتە لەسەر ئەوانەی یەکەمجارە ئامەد دەنگدەدەن و هەندێکیان دەڵێن ڕەنگە دەنگ بە جەهەپە بدەن، بێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو.

فورکان گولەر، کرێکاری دوکانی تووتن، تەمەن 21 ساڵ، دەڵێت "پێموایە بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەنگ بە جەهەپە دەدەم، چونکە ئەوان بەڵێن دەدەن سەبارەت بە پەروەردە و ئابووری و تەندروستی. بۆ گۆڕانکاریش باشە".

یەکێک لە کڕیارەکانیشی، خوێندکارێکی تەمەن 19 ساڵ بەناوی سۆنەر ئێکتی وتی کە بیر لەوە دەکاتەوە دەنگ بە ئۆپۆزسیۆن بدات بەڵام زیاتری دەڕوانێتە لایەنی داهاتووی تورکیا و گوتی " ئەگەر ڕەوشەکە بە شێوەیە بمێنێتەوە ئەوا بیر لەوە دەکەمەوە بچمە دەرەوەی وڵات."