نەیارانی ئەردۆغان بەڵێنی سەردەمێکی نوێ بۆ دیموکراسی و ئازادییەکان لە تورکیا دەدەن

کەمال کیلچدارئۆغڵو، کاندیدی سەرۆکایەتی هاوپەیمانی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن، لە شاری ئیزمیر گردبوونەوەیەکی هەڵبژاردن ئەنجام دەدات

نەیارانی سەرۆک تەیب ئەردۆغان دەڵێن، ئەو زیانانەی لە ماوەی حوکمڕانیدا بەر مافەکانی مرۆڤ کەوتووە، چاک دەکەنەوە، بەڵێنی سەردەمێکی نوێ بۆ دیموکراسی و ئازادییەکان دەدەن ئەگەر ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی یەکشەممەدا دەسەڵاتی لەدەست بدات.

لەگەڵ ئەوەی ئەردۆغان ڕووبەڕووی سەختترین تاقیکردنەوە بووەتەوە تا ئێستا لە سندوقی دەنگدان، داکۆکیکارانی مافەکان هیوادارن شکستەکەی هێڵێک لە ژێر سەردەمێکدا بکێشێت کە بە وتەی خۆیان سەربەخۆیی دادوەری و ئازادی قسەکردن سنووردار کراوە و ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتمەداران زیندانیکراون.

گۆکچە گۆکچەن، جێگری سەرۆکی پارتی کۆماری گەلی ئۆپۆزسیۆن جەهەپە لە چاوپێکەوتنێکدا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ئەگەر دەسەڵات بگرینە دەست، ئەوا هەمووان دەتوانن بە ئازادی قسە بکەن و دەکرێت ڕەخنەی توندمان لێیبگیرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، "سەرنج دەخەینە سەر بنیاتنانی دیموکراسییەکی فرەیی، لەگەڵ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی خۆسەپێن لە تورکیا، ڕێوشوێنی هەمەلایەنە دەگرینەبەر بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هیچ ڕژێمێکی تاکڕەو سەرهەڵنەداتەوە".

ڕەخنەگران دەڵێن لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا ئازادییە مەدەنییەکان و ئازادییەکان تووشی پاشەکشەی گەورە بوون، چونکە ئەردۆغان دەسەڵاتی زیاتری لە دەستیدا چڕکردووەتەوە، ئەمەش نیگەرانی هاوپەیمانانی ڕۆژئاوای لێکەوتووەتەوە.

گۆکچێن وتی حکومەتێک بە سەرۆکایەتی ئۆپۆزسیۆن گۆڕانکارییەکان دەخاتە ڕوو، لەنێویاندا هەموارکردنەوەی دەستوور بۆ دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی دادوەری، هەروەها کۆتایی بە داوای یاسایی بە پاڵنەرە سیاسییەکان دەهێنێت.

لە نێوان گۆڕانکارییەکانی دیکەدا، ئاماژەی بەوەشکردووە، تورکیایەک بە سەرۆکایەتی ئۆپۆزسیۆن ڕێز لە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاش دەگرێت، کە ئەردۆغان لەگەڵیدا پێکدادانی هەبووە، بەتایبەتی لەسەر دۆسیەی عوسمان کاڤالا.

کاڤالا چالاکوانێکی مەدەنی بوو، لە ساڵی 2022 دا بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی حکومەت لە ڕێگەی دابینکردنی دارایی بۆ ناڕەزایەتییەکان، بۆ هەتا هەتایە زیندانی کرا. زلهێزه کانی ڕۆژئاوا وه ک دۆسیه یه کی سیاسی ناودێریان کردووە.

ئۆپۆزسیۆن لەمێژە دەڵێن ئەردۆغان و پارتی ئەکەپە کاریگەرییان لەسەر دادگاکان هەیە. حکومەت ئەوە ڕەتدەکاتەوە.

جێی باسەڕاپرسییەکان کێبڕکێیەکی توندی نێوان ئەردۆغان و ڕکابەری سەرەکییەکەی، کەمال کلیچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە، کاندیدی هاوپەیمانییەکی شەش حزبی، کە پێشەنگییەکی کەمی هەیە، نیشان دەدەن.

لە هەوڵێکدا بۆ بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر لە هەڵبژاردنەکاندا ئەردۆغان ئۆپۆزسیۆنی بە "لایەنگری کۆمەڵگەی هاوڕەگەز خوازان" ناوبرد. چالاکوانانی مافەکان دەڵێن کۆمەڵگەی هاوڕەگەز خوازان بە شێوەیەکی سیستماتیکی کراوەتە ئامانج.

لایەنگرانی ئەردۆغان کە جارێک بەهۆی خوێندنەوەی شیعرێکەوە کە دەسەڵاتداران دەیانگوت هاندەری فیتنە ئیسلامییەکان بووە زیندانی کرابوو، وەک بەرگریکارێکی دیموکراسی و حکومەتی مەدەنی سەیری دەکەن کە ڕووبەڕووی دەسەڵاتی لەشکری بووەوە بۆ ڕاگرتنی دەستوەردانەکانیان لە سیاسەتدا.

ئەردۆغان لە 10ی ئایار لە تویتێکدا نووسیویەتی "سەرەڕای هەموو ئازراندنێک، دەستبەرداری سەروەری یاسا و دیموکراسی و شەرعیەت نەبووین".

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز