ڕکابەرەکەی ئەردۆغان ڕووسیا بە هەڵمەتێکی ساختەی ئۆنلاین تۆمەتباردەکات وکرێملین ڕەتیدەکاتەوە

کەمال کلیچدارئۆغڵو، ڕکابەری سەرەکی تەیب ئەردۆغان، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، پارتەکەی بەڵگەی پتەوی لەبەردەستە لەسەر بەرپرسیارێتی ڕووسیا لە بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی "ساختە قووڵ"ی ئۆنلاین لە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا کە ڕۆژی یەکشەممە بەڕێوەدەچێت.

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی ڕۆژی پێنجشەممە لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە کە ڕووسیا بەرپرسیارە، بە ڕۆیتەرزی وتووە: "ئەگەر ئەوە [بەڵگەی پتەو]مان نەبوایە، من تویتم نەدەکرد". ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پارتە لەسەر ئەو پرسە پەیوەندی بە باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە تورکیا نەکردووە.
ئەو وردەکاری زیاتری نەخستەڕوو کە ناوەڕۆکی ئۆنلاین چییە.

جێی باسە کاندیدی سێیەمی سەرۆکایەتی تورکیا، موحەرەم ئینجە سەرۆکی پارتی مەملەکەت ڕۆژی پێجشەممە لە هەنگاوێکی چاوەڕوان نەکراودا کشانەوەی لە پێشبڕکێی سەرۆکایەتیدا ڕاگەیاند

ئینجەی تەمەن 59 ساڵ بڕیارەکەی ڕاگەیاند دوای ئەوەی کرایە ئامانجی هەڵمەتێکی ئۆنلاین بۆ ناوزڕاندنی کە چەندین وێنەی لەگەڵ ژنان و گەڕان بە ئۆتۆمبێلی گرانبەها بڵاو کرایەوە.

ڕووسیا لە ماوەی ڕابردوودا بە دەستوەردان لە ڕاپرسییە دەرەکییەکان تۆمەتبار کرابوو، لەنێویاندا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا، کە ڕووسیا ڕەتیدەکاتەوە.

لە چاوپێکەوتنێکیدا وتی: بە قبوڵنەکراوی دەزانین وڵاتێکی دیکە دەستوەردان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی تورکیادا بکات لە بەرژەوەندی پارتێکی سیاسی، من ویستم هەموو جیهان ئاگاداری ئەوە بن، هەر بۆیە بە ئاشکرا بە تویتێک ئەم بانگەوازەم کرد .
ئەو قسانەی کلیچدارئۆغڵو پێش بەیاننامەیەکی کرێملینە کە تیایدا دەستوەردانی ڕووسیای لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا ڕەتکردەوە.

دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی کە ئەو جۆرە تۆمەتانەیان بۆ کیلیچدارئۆغڵو گواستووەتەوە، درۆزنن و ڕووسیاش بەهایەکی زۆر بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا دادەنێت.

لە نووسینگەی خۆی لە ئەنقەرە، کیلیچدارئۆغڵو، کە لە زۆربەی ڕاپرسییەکاندا پێشەنگە بەسەر ئەردۆغان، متمانەی خۆی دووپاتکردەوە کە ڕۆژی یەکشەممە "جێگەی حوکمێکی تاکڕەوانە" دەگرێتەوە.

بیرۆکراتی پێشووی تەمەن 74 ساڵ جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا پەیوەندییەکی ئابوریی نزیکی لەگەڵ ڕووسیا هەیە و ئاماژەی بەوەدا کە هاوسەنگییەکی ورد لە سیاسەتی دەرەوەدا لە بەرامبەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆدا پەیڕەو دەکات.

وتیشی: ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان بپارێزین، نامانەوێت پەیوەندی دۆستانەمان بشکێنین بەڵام ڕێگە بە دەستوەردان لە بابەتە ناوخۆییەکانمان نادەین.
کیلیچدارئۆغڵو هەروەها ڕایگەیاندووە کە پاڵ بە دەستپێشخەرییەکی دیکەی ئاشتی لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەنێت کاتێک دەنگەکانی یەکشەممەی بەدەستهێنا.

وتیشی: "ئەوە زۆر گرنگە بۆ ئێمە، بۆ هەموو جیهان، ئەگەر سەرکەوتوو بین لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا. بەڵام پێویستە ئەوە ڕوون بکەینەوە کە بە دروستی نازانین هیچ وڵاتێک وڵاتێکی دیکە داگیر بکات".

کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا پشتگیری لە فراوانکردنی ناتۆ دەکات ئەگەر وەک سەرۆک هەڵبژێردرێت، وتی: "بێگومان"، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.

کیلیچدارئۆغڵو وتی: ناتۆ تەنیا ڕێکخراوێکی سەربازی نییە لە سەدەی بیست و یەکەمدا، بەڵکو ڕێکخراوێکە کە بەرگری لە دیموکراسی دەکات، ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ناتۆ لە هەمان چوارچێوەی ڕابردوودا دەپارێزین.

کلیچدارئۆغڵو وتی کێشەیەکی بنەڕەتی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە سەردەمی ئەردۆغان لەدەسەڵاتی ئاکپارتیدا، دوورخستنەوەی وەزارەتی دەرەوە بوو لە پرۆسەی داڕشتنی سیاسەتدا.

کیلیچدارئۆغڵو وتیشی: ئێمە سیاسەتێکی دەرەوەی ئاشتیخواز پەیڕەو دەکەین کە بەرژەوەندی نەتەوەیی تورکیا لە پێشینەی کارەکانیدا بێت. ئێمە لە پێشینەی کارەکانمان بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانمانە و هاوتەریب لەگەڵ جیهانی مۆدێرن مامەڵە بکەین.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز