وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم: عێراق دەبێت 400 ملیار دیناری تر بنێرێت بۆ هەرێم هەتا کێشەی کورتهێنان نەمێنێت

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند دواکەوتنی وەزارەتەکە لە دابەشکردنی موچەی مانگی ڕابردووی فەرمانبەران دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بە ڕێژەی زیاتر لە 25% کورتهێنان هەیە لە پارەی تەرخانکراو بۆ موچە، وە دەڵێت ئەگەر حکومەتی عێراق 400 ملیار دیناری تر بنێرێت بۆ هەرێم ئینجا کێشەی کورتهێنان نامێنێت.

هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، "پێشتر 740 ملیار دینار لە پارەی فرۆشی نەوت دەهاتە وەزارەتی دارایی، ئێستا ئەو پارە نەماوە و نەوت راگیراوە. جگە لەو 400 ملیار دینارەی نێردراوە، گەر عێراق 400 ملیاری تر بنێرێت کێشەی کورت هێنانمان نامێنێت و دەتوانین موچەی مانگی نیسان دابەش بکەین."

ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی سێ شەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند حکومەتی عێراق بڕی 400 ملیار دینار ی لە ڕێگای بانکی ڕەشید و ڕافیدەینەوە ناردۆتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم لە کاتێکدا لە نیوەی مانگی پێنج نزیک دەبنەوە، تا ئێستا موچەی مانگی چواریان وەرنەگرتووە.

340 ملیار دینار کورتهێنان

وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم وتیشی، "400 ملیارمان لەبەغدادەوە بۆ هاتووە، 200 ملیاریش داهاتی ناوخۆ، کە دەکاتە 600 ملیار. بۆیە ئێمە بۆ موچە 340 ملیار کورتهێنانمان هەیە."

هونەر جەمال ڕەتیکردەوە بەهۆی کورت هێنانی بودجەوە، گفتووگۆ لەبارەی لێبڕین و پاشەکەوت کردنی موچەی فەرمانبەران کرابێت.

ڕاشیگەیاند، "راستە ئەم مانگە موچە دواکەوتووە، بەڵام ئێمە ڕێککەوتنمان لەگەڵ عێراق هەیە تا کۆتایی ئەم مانگە بودجە پەسەند دەکرێت. ئەوکات گرفتی دارایی چارەسەر دەبێت و پشکی هەرێم ڕەوانە دەکرێت."

بە گوێرەی ئامارەکانی حکومەتی هەرێم، ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی ملیۆنێک و 300 هەزار فەرمانبەر و دابینکردنی موچە بۆیان پێویستی بە نزیکەی 900 ملیۆن دۆلارە لە مانگێکدا.

80% داهاتی هەرێم

پێشتر مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاندووە "80%ی داهاتی هەرێم بۆ موچەخۆران دەڕوات کە 20%ی دانیشتوانی هەرێم پێکدێنن."

لەدوای بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەبەغدا لەساڵی 2014وە، بەردەوام گرفت لەکاتی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەبووە. جگە لە کەمکردنەوەی بڕەکەی بەناوی لێ بڕین یا پاشەکەوت، موچەی فەرمانبەران چەندین مانگ لە کاتی خۆی دابەش نەدەکرا.

بە گوێرەی بەرپرسانی هەرێم، بەر لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوە، 70%ی موچەی فەرمانبەران لە پارەی فرۆشی نەوت دابینکراوە.

عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "قەرەبووی داهاتی هەرێم لەسەر بەغدایە، چونکە کۆنترۆڵی نەوتی هەرێمی کردووە. بودجە پەسەند نەکراوە و بەغداد لەترسی دروستبوونی هەڵا ناوێرێت بودجە بداتە هەرێم. ئەگەر بودجە پەسەند کرا، دەبێت شایستەی دارایی هەرێم ڕەوانە بکات."

پێچەوانەی لێدوانەکەی وەزارەتی دارایی، عومەر گوڵپی پێی وایە دواخستنی موچەی فەرمانبەران لەم مانگەدا "بێ هۆکار بووە" چونکە هەرێم ئەوەندە داهاتی ناوخۆی هەبووە لەگەڵ 400 ملیارەکەی بەغداد بتوانێت موچە دابەش بکات.

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان وتی، "بەقسەی بەرپرسانی هەرێم، داهاتی مانگانەی گومرک 140 ملیار و باجیش زیاتر لە 50 ملیارە، ئەی داهاتی ڕسومات و کارەبا و هاتووچۆ و فەرمانگەکانی تر کوا؟ بۆیە داهاتی ناوخۆ زۆر لە 200 ملیار زیاترە."

لای خۆیەوە جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، "حکومەتی هەرێم بەڵێنی دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی بە عێراق داوە، گەر عێراق 400 ملیار دینارەکەیان بەقەرز بداتێ. بەغداش دووجار 400 ملیاری ناردووە. گەر ئەم پارەیە بەشی موچە نەکات، کێشەی هەرێم خۆیەتی، چونکە هەرێم بەڵێنی دابەشکردنی موچەی داوە و دەبێت حساباتی خۆی بکات."

دادگای فیدڕاڵی عێراق

پێشتر تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، پابەندبوونی وەزارەتەکەی بە ناردنی بودجە بۆ هەرێم راگەیاندبوو، تا ئەوکاتەی هەناردنە کردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە، بەو پێیەی نەوتی هەرێم لەسەر سکاڵای عێراق راگیراوە.

جەمال کۆچەر بە دەنگی ئەمەریکای وت،"بەغدا بەڵێنی ناردنی 400 ملیاری داوە بۆ هەرێم تا ئەوکاتەی بودجە پەسەند دەکرێت. ڕەنگە تا کۆتایی ئەم مانگە بودجە پەسەند بکرێت و ئەوکات پشکی هەرێم رەوانە دەکرێت."

ئەو 400 ملیار دینارەی حکومەتی عێراق رەوانەی هەرێمی کوردستانی کردووە وەکو قەرزێکە، تا ئەوکاتەی بودجەی عێراق پەسەند دەکرێت و پشکی هەرێم دیاری دەکرێت.

هۆکاری ناردنی پارەکە لە ژێرناوی قەرزەوە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی 25ی مانگی ڕابردوو ئەو کاتەی دادگای فیدراڵی عێراقی لەسەر داوای پەرلەمانتاری عێراق مستەفا سەنەد بڕیاریدا بەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بەناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان نادروستن، بەمجۆرەش کۆتایی هێنا بە چیرۆکی ناردنی ئەو چوارسەد ملیار دینارەی کە سەرەکوەزیران لە چوارچێوەی ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنی کورد دابینیکردبوو.

پرۆژە یاسای بودجەی عێراق لە ناو پەرلەمانە و هەرێمی کوردستان هیوای لەسەر پەسەندکردنی ئەو پرۆژەیە هەڵچنیووە، تا عێراق مانگانە پشکی هەرێم ڕەوانە بکات و لە گرفتی دارایی ڕزگاری ببێت.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق 13ی مانگی سێ پڕۆژە یاسای بودجەی ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق کرد کە پێکهاتووە لە 198.7 ترلیۆن دینار (152.8 ملیار دۆلار) و بە کورتهێنانی 64.1 ترلیۆن دینار. پشکی هەرێم لە بودجەکەدا بە ڕێژەی 12.6% دیاریکراوە.